كۆبونەوەی‌ لایەنە سیاسیەكان كۆتاییهات

كۆبونەوەی‌ یەكێتیی و پارتی‌ و لایەنە سیاسییەكانی‌ دیكە كۆتاییهات و سەعدی‌ ئەحمەد پیرە ڕایگەیاند  "مەرجەكانی‌ بەغدا قابیلی‌ جێبەجێكردن نین".

ئەمڕۆ 22ی‌ تشرینی‌ یەكەمی‌ 2017 لەشاری‌ هەولێرو لەمەكتەبی‌ سیاسی‌ پارتی‌،‌ لایەنە سیاسییەكانی یەكێتیی، پارتی‌، یەكگرتوی‌ ئیسلامی‌ و بەشێكی دیكە لەلایەنە سیاسییەكان و كەمەنەتەوەكانی‌ دیكە كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا و دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ كۆبونەوەكەش كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

لە كۆنگرەكەدا مەحمود محەمەد وتەبێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان  ، سەرجەم لایەنە بەشدارەكانی‌ كۆبونەوەكە ڕاگەیەنراوێك بۆ ڕای‌ گشتیی بڵاودەكەینەوە و وردەكاریی كۆبونەوەكە ئاشكرادەكەین وتیشی "هەمومان یەكدەستین بۆ ئەوەی‌ پێكەوە خەڵكی‌ ئەم وڵاتە بگەیەنینە ئەوەی‌ چاوەڕوانێتی‌".

سەبارەت بە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەغدا مەحمود محەمەد وتی‌ "كورد بڕیاریداوە گفتوگۆی‌ قبوڵە بەبێ‌ هیچ مەرجێك، بەلام ئەگەر ئەوان سوربن لەسەر مەرجەكانیان، بەدڵنیاییەوە سەردانەكەمان وەكو هەرێمی‌ كوردستان دوادەكەوێت بۆ بەغدا".

هاوكات سەعدی‌ ئەحمەد پیرە، وتەبێژی‌ یەكێتیی نیشتیمانی‌ كوردستان ڕایگەیاند"ئەوەی‌ عەبادی‌ باسیكردوە، بەهیچ شێوەیەك قابیلی‌ گفتوگۆكردن و جێبەجێكردن نیین، وەكو هەرێمی كوردستانیش هیچ گفتوگۆیەك بەمەرجەوە قبوڵناكەین و جێبەجێشی‌ ناكەین".


ئەوەشی دوپاتكردەوە لەسەر هەوڵەكانیان وەكو یەكێتیی بۆ پێكەوە كاركردن لەگەڵ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان بەردەوام دەبن و ڕایگەیاند "خەڵكی‌ كوردستان دڵنیابن، ئێمە هەر پێكەوە دەبین".



PM:01:30:22/10/2017