بزووتنەوە داوا دەکات سەرکردایەتی خۆپیشاندانەکان بکرێت

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان داوا دەاکت ئۆپۆزسیۆن بەرەیەکی بەرفراوان پێکبهێنێت و  بەشێوەیەكی مەیدانیانە بێتە ناو خەڵك و پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییەكانیان بكات.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ ٢٣ ی کانوونی یەکەم بڵاوکرایەوەو کۆپیەکی بۆ سپی نێردراوە، بزووتنەوەی ئیسلامی داوا دەکەن کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بگوازنەوە بۆ هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.

دەقی بەیاننامەکە.. 

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەداخەوە پرۆسەی سیاسی و ئەزموونی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستاندا لەبەردەم كۆمەڵێك قەیرانی گەورەو مەترسیداردایە كە خەریكە كۆمەڵگەكەمان بەرەو فەوزاو ئاژاوەیەكی ترسناك دەبات، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای چوارساڵ لە خوڵقاندنی بارودۆخێكی نائارامی سیاسی و ئابووری و دەروونی بۆ جەماوەر و بەدەمەوەنەهاتنی خواستی خەڵك، ئامادە نەبوو هیچ گۆڕانكارییەك لەخۆی و ئەدای كاریدا بەدی بێنێت و هەموو پرۆژە و پێشنیاری دۆستان و هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیشی بەهەند نەگرت بۆ چاكسازی و باشككردنی ژیانی خەڵك. 
ئێمە هەر لەسەرەتای پێكهێنانی كابینەی هەشت و دەنگدان لەسەری لەپەرلەمانی كوردستان دەستمان بۆ بەرز نەكردەوەو متمانەمان پێ نەبەخشی و ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆمان ڕاگەیاند، تاكە پەرلەمانتارەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی خوا لێی خۆشبێت دكتۆر شوان قەڵادزەیی بەئەندازەی فراكسیۆنێكی گەورە هەڵوێست و پرۆژەو قسەی هەبوو بۆ چاكسازی و خاوەنی گوتارێكی بەهێزی ڕەخنگرانەبوو بەرامبەر بەدەسەڵات و هێزە بەهەژموونەكانی ناو حكومەت، ئێستاش كە دوو هێزی سەرەكی ناو كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كشاونەتەوەو بوونە ئۆپۆزسیۆن پێویستە ئەم گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسی و جەماوەریانە كاریگەری هەبێت و لەئاستی ئەم هەلومەرجە هەستیارەی ناوخۆی هەرێمدابێت، نابێت دەنگی ئۆپۆزسیۆن تەنها میدیایی و دووربەدوور لەخەڵك بێت و دەبێت مەیدانیانە دەستبەكاربن بۆ گۆڕانكاری و وەرچەرخانی ئیجابی لەكوردستاندا بەشێوەیەكی ئاشتیانەو دوور لەفەوزاو توندوتیژی و حاڵەتە نەخوازراوەكانی ئەم ڕۆژانە، بۆ ئەم مەبەستە بزووتنەوەی ئیسلامی وەك هێزێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن داوا لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیتری كوردستان دەكات پێكەوە چالاكی و كارو كارنامەی خۆیان بەم شێوەیە ڕێك بخەن:
یەكەم: پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هاوبەشی خاوەن كارنامەو ئامانجی دیارو ڕوون كەسەرچاوەی لەخواستەكانی خەڵك و داواكارییەكانی شەقامی كوردستانەوە گرتبێت.
دووەم: ئەم ئۆپۆزسیۆنە بەشێوەیەكی مەیدانی بێتە ناو خەڵك و پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییەكانیان بكات بۆ ئەوەی فەوزاو بێ ئەزموونی بەلاڕێدا نەیبات و لەحاڵەت و دیاردەكانی توندوتیژی و سوتاندنی بارەگاو دام و دەزگا فەرمییەكان دەربازی بكات.
سێیەم: لەهەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستانداو بەهەماهەنگی لەگەڵ دام و دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش شوێنی تایبەت بۆ گردبوونەوەو خۆپیشاندان و ئەدای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان دیاری بكرێن.
چوارەم: لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەفەرمی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان ئاراستە بكەن بەشداربن و لیژنە هاوبەشەكانی بەڕێوەبردنی چالاكی و گردبوونەوەو خۆپیشاندانەكان پێك بهێنن و لەدوورەوەو لەڕێگای لێدوانی رۆژنامەوانی و میدیاكانیانەوە بێلایەنانە مامەڵە نەكەن و تەنها پشتیوانی ڕابگەیەنن.
پێنجەم: تائێستا خۆپیشاندان و گردبوونەوەكان سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و بتوێن و پشدەری تێنەپەڕاندووەو پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك بەهەرهۆیەكەوە بێت بێ دەنگن كە ئاشكرایە قەیران و نەهامەتییەكان گشتین و بەرۆكی هەموو خەڵكی كوردستانی گرتووەو ئەم حكومەتە لێی بەرپرسیارە، بۆیە (بەرەی ئۆپۆزسیۆن)ی پێكهاتوو لەو حزب و لایەن و ڕەوتانەی خۆیان بەئۆپۆزسیۆنی ئەم حكومەتە دادەنێن بەفەرمی و بە هاوبەشی داوای مۆڵەت بداتە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك و شارو شارۆچكەكانیان كە شوێنی تایبەتیان بۆ دیاری بكات و رێوشوێنی ئەمنی بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خەڵك و شوێنەكان، پێشتر هیچ لایەنێكی سیاسی ئەم داوایەی نەكردووەو دەسەڵاتیش لەو دوو پارێزگایە ئەمەی بەهەل زانیوە كەڕێگا بەهیچ گردبوونەوەو چالاكییەكی جەماوەری نەدات.
شكۆداربێت خەباتی جەماوری خەڵكی كوردستان لەپێناوی چاكسازی و بنیاتنانی دەسەڵاتێكی دادپەروەر

بزووتنەوەی ئیسلامی لەكوردستان
٢٠١٧/١٢/٢١



PM:12:30:23/12/2017