لەسەر کلیپێک بزووتنەوە سکاڵا لەسەر هونەرمەندێک تۆمار دەکات

بزووتنەوەی ئیسلامی سكاڵای یاسایی دژی هونەرمەندێك تۆمار دەكات بەهۆی ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن "لە کلیپێکدا تەشهیری بە پیرۆزییەكانی ئیسلام کردووە".

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی كامیل مەحمود، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە رایگەیاندووە، "بەداخەوە لەناو كۆمەڵگەیەكی موحافیزكاری تاڕادەیەكی زۆر پابەند بەئایین و موسوڵماندا سوكایەتی و هێرشكردنە سەر بیروباوەڕ و پیرۆزییە ئیسلامییەكانی خەڵك خەریكە دەبێتە دیاردەو بابەتێكی ئاسایی، حكومەت و دەسەڵات و دامەزراوە قەزاییەكانی كوردستانیش لەم حاڵەتە قێزەونانە خۆیان بێدەنگ كردوو، بگرە هەندێجاریش دەیانپارێزن و هەندێ كەسی دەستڕۆیشتوو لەلێپرسینەوەی یاسایی دەربازیان دەكەن".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوان بڕیاریان داوە بۆ ئەم تاوانە قێزەونەی تەشهیركردن بەپیرۆزییە ئایینییەكانی گەلی كورد كەیسێك بكەنەوە و هەموو ئەوانەی ئەم رەفتارە نامرۆیی و نائەخلاقیانە دەنوێنن بدەنە دادگاو سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار بكەن، ئەگەر دادگا خۆماڵییەكانی كوردستانیش ئەركی خۆیان وەك پێویست ئەنجام نەدا كەیسەكان ببەنە بەردەم دادگاكانی ناوەندو دەرەوەی هەرێم.

كامیل مەحمود دەڵێت "سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین لەسەر پێشەوا نەبەرد و ئەو ستاف و گروپە بەناو هونەرییەی كلیپە قێزەونەكەی ناوبراویان بۆ ئامادەكردووەو تیایدا هەموو پێوەرە مرۆیی و ئەخلاقی و نەتەوەیی و ئاینییەكانی تێپەڕاندووەو زۆر نامرۆیانە بەتەشهیر و جنێویان بەرداوەتە هەموو پیرۆزییەكانی ئیسلام، ئەمەش بەپاساوی بەرگری لەعەفرین و خاكی كوردستان".




AM:09:21:02/02/2018