كۆبوونەوە لەبارەی بایكۆتی مامۆستایانەوە كۆتاییهات

كۆبوونەوەی بەڕیچوەبەری پەروەردەی سلێمانی و نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی شاری سلێمانی كۆتاییهات و نوێنەر لایەنە سیاسیەكان ڕەتیكردەوە لەبارەی بایكۆتی مامۆستایانەوە بڕیاریان دابێت.

لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا، دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند "لەكۆبوونەوەكەدا هەم وەكو پەروەردەی گشتی و هەمیش نوێنەری لایەنە سیاسییەكان بەرگرییەكی تەواومان لە مامۆستایان و باشتركرنی دۆخی ژیانی مامۆستایان كرد و لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە یاداشتێكی سێ خاڵیان ئامادەكردوە".

هاوكات عوسمان زیندانی وەكو نوێنەری لایەنە سیاسیەكانی سلێمانی، دەقی یاداشتەكەی خوێندەوە و وتی "لەڕێگەی سێ خاڵەوە داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەین دۆخی مامۆستایان چاكبكات و داواكارییەكانیش بریتیین لە: حكومەتی هەرێم چارەسەری موچەی مامۆستایان بكات، پارەی هاندانی دوو مانگی ساڵی رابردووی مامۆستایان دابەشبكرێت، كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی موچەی مامۆستایانەوە سازبكرێت".

نابراو ڕەتیشی كردەوە لەبارەی بایكۆتی مامۆستایانەوە بڕیاریان دابێت و وتی "ئەوە بڕیاری مامۆستایانە و هەر خۆشیان بڕیار دەدەن بایكۆت بشكێنن یان نا".



PM:01:43:12/02/2018