عەبادی پەیامێك لەبارەی پەسەندکردنی بودجەوە بڵاودەكاتەوە

بەبۆنەی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عیراقەوە، حەیدەر عەبادی پەیامێك ئاڕاستەی سەرجەم عیراقییەكان دەكات و راشیدەگەیەنێت "پەسەندكردنی بودجە دەبێتەهۆی پێدانی موچەی فەرمانبەران لەسەرتاسەری عیراقدا".

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەپەیامێكدا، كە بەناوی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڵاویكردەوە، تێیدا پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم رۆڵەكانی گەلی عیراق كردووە بەبۆنەی پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2018ی عیراق.

ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەت بەرپرسیار دەبێ لەجێبەجێكردنی سیاسەت و پڕۆژەكانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری و بەرنامەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و دابینكردنی ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان و پێدانی موچەی فەرمانبەران لەسەرتاسەری عیرقدا.

هەر لەپەیامەكەدا، عەبادی دەڵێت "تێپەڕاندنی بودجە دەرئەنجامی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنە سەرباری چەندین ئاستەنگ كە رووبەڕووی عیراق بۆتەوە لەم قۆناعەدا، بەتایبەت دوای سەركەوتن بەسەر داعش و هەوڵەكان بۆ سەقامگیری گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانەی ئازادكراون".

داوایەكیشی ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت كرد، بەباشترین شێوە ئەركەكانیان جێبەجێبكەن و پێویستە لەسەریان كە چاودێرییەكی توندی دارایی گشتی بكرێت.



PM:07:37:03/03/2018