کەجەکە بانگەوازیەک ئاڕاستەی گەلی کورد دەکات

هاوسەرۆكایەتیی كۆنسەی بەڕێوبەری کۆما جڤاکێن کوردستان-كەجەكە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی عەفرینەوە بڵاوكردەوە و بانگەوازیەک ئاڕاستەی گەلی کورد دەکات.

هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" لەراگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "ماوەی ٥١ ڕۆژە كە هێرشێكی قڕكەر دەكرێتە سەر عەفرین، هەوڵیاندا بە داگیركاری سیستمی دیموكراتی عەفرین لە ناو ببەن، لەو هێڕشەدا سەدان ژن ومنداڵ و هاوڵاتی مەدەنی كوژراون، دارستانە زەیتوونەكان سووتێندراون، لە بەر چاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی واخەریكە شارێك لەلایەن دوەمین سوپای بەهێزی ناتۆوە لەناودەبرێت، هەموو ئەو وڵاتانەی تەنیا سەیری ئەو شەڕە دەكەن و هیچ هەڵوێستێكیان نییە، بەتایبەتی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان لە تاوانی ئەو شەڕەدا بەشدارن".

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "هاوڵاتیانی عەفرین لە دژی هێرشی داگیركاریدا كە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕوسیا، ئەمریكا و ژمارەیەكی زۆری دیكە لە وڵاتان هاندراوە بەرخۆدان دەكەن و باجی قورسیان داوە، گەل لە نایەكسانییەكی تەواوی هێزدا بەرخۆدان دەكەن، گەلەكەمان لە ئەوروپا لە ڕۆژی دەستپێكی هێرشەكەوە لە سەر پێیانن، دەبێت چالاكییەكانیان بەرفراوانتر بكەنەوە، پێویستە گەلی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان و گەلانی جیهانیش پشتگیریی عەفرین بكەن، گەلی كورد لە ئەوروپا لە بەردەم ناوەندی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان چالاكی ئەنجام بدەن".

هەروەها كەجەكە بانگەوازیی كرد " كە پێویستە لە بەردەم كۆنسولخانەكانی ڕوسیا و ئەمریكا چالاكی ئەنجام بدرێت و بەم شێوەیە هەوڵ بدرێت بۆ وەستاندنی هێرشەكە، ئەو هاوڵاتیانەی ڕۆژئاوا و باشوری كوردستان كە دەرفەتیان هەیە، پێویستە بچنە عەفرین و لەوێ وەك قەڵغانی زیندوو لە دژی داگیركردنی عەفریندا بوەستن".

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوی كەجەكەدا هاتووە" داگیركاریی حكومەتی تورك لە باشوری كوردستانیش هەیە، ژمارەیەكی زۆر ناوەند و ڕێكخراوی تورك هەیە لەوێ و بوون بە هێزێكی پیلانگێڕ، پێویستە گەلەكەمان لە باشوری كوردستان دژی ئەو پیلانگێڕییەی حكومەتی تورك بوەستنەوە، وا نزیك دەبینەوە لە نەورۆز، پێش هەمووان دەبێت گەلی كورد لە باكوری كوردستان بكەونە تێكۆشانەوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی نەورۆزدا هێرشی سەر عەفرین شەرمەزاربكەن، ڕۆژ ڕۆژی سەرهەڵدانە بۆ گەلەكەمان، بۆ پاراستنی یەكسانی و دیموكراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ پاراستنی ئازادیی ژنان پێویستە هەمووان بكەونە تێكۆشانەوە، ئەوەش تەنیا تایبەت نییە بە خەڵكی عەفرین، بەڵكو هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی دەگرێتەوە".



PM:05:34:11/03/2018