جەبار یاوەر: ئامادەین بگەڕێینەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان

وەزارەتی پێشمەرگە ڕەتیدەكاتەوە، هیچ وادەیەك بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان دیاریكرابێت و ئەمینداری گشتی ئەو وەزارەتەش دەڵێت "ئامادەین بگەڕێینەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان".

لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ 5ی نیسانیی 2018، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: تا ئێستا هچ دانیشتنێكی فەرمی لەنێوان ئێمەو وەزارەتی بەرگری عیراق نەكراوە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان، لەگەڵ هاوپەیمانانیش گفتوگۆی دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانەمان كردووە.

وتیشی " ئێمە ئامادەین بگەڕێینەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراق ئەگەر ئەوان ڕەزامەند بن".

ڕەتیشیكردەوە، تا ئێستا هیچ وادەیەك بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دیاری كرابێت و وتی " ئەوەی لەوبارەیەوە بڵاوكراوەتەوە، هیچ بنەمایەكی نییە"، جەختیشیكردەوە، دەیانەوێت دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان ئارام بێت و پشێوی تێدا نەبێت.

سەبارەت بەخشتەی موچە بەپێی سیستمی نوێی پاشەكەوتی وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر وتی "دوو مانگە پاشەكەوت لەموچەكانمان دەستیپێكردوە، ئەوانەی موچەیان زۆرە بڕێكی زۆریان لێدەبڕدرێت و موچە كەمەكانیش بەڕێژەیەكی كە موچەیان لێدەبڕدرێت، چاوەڕواندەكرێت لەهەفتەی داهاتوو كۆبونەوەیەك لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو دارایی بكرێت و سیستمی نوێمان بۆ بخەنەڕوو، بەڵام تا ئێستا هیچ سیستمێكی نوێی پاشەكەوتمان بۆ نەهاتووە".



PM:05:23:05/04/2018