بەهۆی گرتە ڤیدیۆییەکەوە بەرپرسێکی باڵا لەکار لادەبرێت

حکوومەتی عێراق بەهۆی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە کارەکەی لادەدات.

بریاری لادانی راجح موسەوی، باڵیۆزی عێراق لە تاران رۆژی هەینی 21/9/2018 لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دراوە، بەڵام رۆژی شەممە 22/9/2018 هەواڵەکە بڵاو بووەتەوە و بەپێی بڕیارەکە، سەعد جەواد وەک باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران، دانراوە.

لەکار لادانی راجح موسەوی دوای بڵاو بوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دێت، کە تێیدا موسەوی سووکایەتیی بەو عێراقییانە دەکات، کە لە ئێراندان و بە درۆزن پێناسەیان دەکات.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق راجح موسەوی بۆ لێکۆڵینەوە، بانگهێشتی بەغدا کردەوە.



AM:11:11:22/09/2018