یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەبارەی دامەزراندنەوە نامەیەک ئاڕاستەی حکومەت دەکەن

ژمارەیەک لە خوێندکارە یەکەمەکانی زانکۆو پەیمانگاکانی هەرێم نامەیەك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەکەکەنو  تیایدا داوا دەکەن رەزامەندی لەسەر دامەزراندیان دەرببڕن.

لە راگەیەندتاوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە تیایدا خوێندكارانی دەرچووی ساڵی خوێندنی 2015-2016 ی زانكۆ و پەیمانگا حكومیەكانی هەرێمی كوردستان، کە پلەکانی (یەكەم و دووەم و سێیەم)یان بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی بەشەكان و ژمارەیان 1369دەرچووە و ئا ئێستا دانەمەزراون، داوادەكەن رەزامەندی لەسەر دامەزراندنیان بدرێت.

 دەقی راگەیەندراوەكە....
 
نامەیەكی كراوە بۆ:
حكومەتی هەرێمی كوردستان
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران 
ئێمە خوێندكاران و قوتابیانی دەرچووی ساڵی خوێندنی 2015-2016 ی زانكۆ و پەیمانگا حكومیەكانی هەرێمی كوردستانین كەوا پلەكانی (یەكەم و دووەم و سێیەم)مان بەدەست هێناوە لەسەر ئاستی بەشەكانمان و ژمارەمان 1369دەرچووە، لەساڵانی ڕابردوودا لەهەمان ئەو ساڵەی كەوا دەردەچووین لە بەشەكانی خۆمان دادەمەزراین بەڵام ئێمە كەوا زیاتر لە 2 ساڵە دامەزراندنمان دواكەوتووە بەبیانویی قەیرانی دارایی!. 

دوای ئەوەی سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكان لەسەر داوای وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستی خۆیان بۆ دامەزراندنی ئێمە ڕاگەیاند و سەرجەم ناوەكانمان لە زانكۆ و پەیمانگاكانەوە بۆ وەزارەت بەرزكرایەوە كە پێویستین بۆ بەشەكانمان، پاشان لە بەرواری (23/7/2018) وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە نووسراوی ژمارە (9413) داوای دامەزراندنی ئێمەی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد و لە ئێستادا تەنها ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران ماوە بۆ دامەزراندنمان  كەچی تاوەكو ئیستا دوای چەندین چالاكی لەبەردەم ئەنجومەن و چەندین جار سەردان و داواكاری هیچ وەڵامێك نەبووە و ئەنجومەن لەئاست داوای ئێمە و داوای زانكۆكان و خوێندنی باڵا بێدەنگە هەرچەندە بەڕیز سەرۆكی حكومەت رایگەیاند (دامەزراندنمان لە ئەولەویەتی كارەكانیانە!). 

دانەمەزراندنی ئێمە زەبرێكی كوشندەی بە پێشبڕكێی زانستی لەنێوان فێرخوازان داوە لەماوەی دووساڵدا نەتوانرێت هەلی كار بۆ یەكەمینەكانی زانكۆ و پەیمانگا دابین بكرێت ئومێدی چیان بە خوێندن هەبێت...؟!

لە ئێستادا كەوا چەند ڕۆژێكمان ماوە بۆ هەڵبژاردنی حكومەتێكی نوێی هەرێم ئایا كوردستانێكی بەهێز چۆن بنیات دەنریت ئەگەر دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان بێكاربن و هەلی كاریان نەبێت و پێشەنگ و زیرەكەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان پشتگوێ بخرێن وتواناكانیان نەخرێتەكار ئیدی ئێمە چۆن متمانە بكەین و بتوانین حكومەتێكی نوێ هەڵبژێرین كەلەڕابردوودا پشتگوێ خرابین و چ ئومێدێكمان بە ئایندە هەبێت....!؟

بۆیە داواكارین لە ئەنجومەنی وەزیران كە وەڵامی داواكاریمان بداتەوە كەوا لەئێستادا دەوامی فەرمی زانكۆكان دەستی پێكردووە و دەبوایە ئێستا ئێمە دەستبەكاربین بابەتی دامەزراندنی ئێمە دوانەكەوێت بەبیانووی هەڵبژاردنەوە.

بەناوی 1369كەس لە یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگا حكومەیەكانی هەرێمی كوردستان

25/9/2018


PM:09:22:25/09/2018