"سپی" ئامانجی هاتنی قاسمی سلێمانی بۆ سەری ڕەش ئاشكرادەكات

قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قەرارگەی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دوای سەردانی بۆ بەغدا چووە سەری ڕەش و "سپی"یش ئامانجی سەردانەكەی ئاشكرادەكات.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قاسمی سولەیمانی سەردانی بەغدای كردووە و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كۆبۆتەوە.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد سولەیمانی دوای بینینی بەرهەم ساڵح، بە سەردانێك گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان و لە سەری ڕەش و هەولێر چاوی بە هەریەكە لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كەوتووە.

سەبارەت بە ئامانجی سەردانەكە ئەو سەرچاوەیە جەختی كردەوە سولەیمانی بە مەبەستی ناوبژیوانی نێوان بەرهەم ساڵح و پارتی ئەو سەردانانەی ئەنجام داوە و دەیەوێت ئەو گرژیە خاو بكاتەوە كە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە نێوانیاندا دروستبوون.

بەهۆی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار گرژی كەوتۆتە پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتی لەلایەك و پارتی و بەرهەم ساڵح لە لایەكیتر.



AM:09:08:17/10/2018