زانیاری لەبارەی گۆڕینی ئەمینداری گشتی یەکگرتووەوە ئاشکرادەکرێت

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند سەرجەم جومگەکانی حزب شایستەی گۆڕینن، بەڵام کۆبونەوەی گشتی حزبەکە ناتوانێت ئەمینداری گشتیی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بگۆڕێت.

مەستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە "ئەو کۆبونەوە گشتییەی کە ئەمڕۆ لە دهۆک بەڕێوەدەچیت کۆبونەوەیەکی ئاساییە و ساڵانە دەبەسترێت".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکردووە "جیاوازی کۆبونەوەی ئەمساڵ دەگەڕیتەوە بۆ ئەو دۆخە سیاسیەی کە کوردستان بەگشتی و یەکگرتووی پێدا تێدەپەڕیت و دەکەوێتە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان".

مستەفا عەبدوڵا جەختیشیکردوەتەوە "کۆبونەوەکە ناتوانێت ئەمینداری گشتیی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بگۆڕێت بەڵام بێجگە لەوان سەرجەم پێکهاتە و جومگەکانی حزب قابیلی گۆڕینن".

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە لە چوارچێوەی لیستی بەرەو ئیسڵاحدا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردبوو توانی تەنها ٥ کورسی بەدەستبهێنێت و ئەوەش نیوەی ئەو کورسیانەیە کە لە هەڵبژارنی پێشوودا بەدەستی هێنابوو.



PM:04:04:25/10/2018