ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماری مانگى تشرينى يه‌كه‌مى ئه‌مساڵى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو مانگەدا ٤٠ هێرش له‌ڕێگه‌ی بۆمبی چێندراو ئه‌نجامدراون کە ئاوڵاتیانی مەدەنی و سەربازی کردوەتە ئامانج.
ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه ٤ى تشرينى دووه‌م، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا،کە لەهه‌ژمارى تايبه‌تى خۆى له‌تویتەر بڵاویکردوەتەوە ئاماژەی بەوەکردوە، بە درێژایی مانگی ڕابردوو ٤٠ هێرش له‌ڕێگه‌ی بۆمبی چێندراو ئه‌نجامدراون، كه تێیاندا ئۆتۆمبێل و بازگه‌ی پۆلیسی فیدراڵی و بنكه‌ی سه‌ربازيی و باره‌گا و كه‌سایه‌تییه‌كانی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی و هه‌روه‌ها هاووڵاتی تێدا كراوه‌ته ئامانج.
ئەوەش هاتووە، لەو هێرشانەدا کە زۆربەیان لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤١ کەسی تریش برینداربوون و بەشێک لە قوربانییەکانیش پۆلیسن.
ئەنجومەنەکە باسی لەوەشکردووە، هەر لەو مانگەدا موختاری هەردوو گوندی ڕه‌بزه و جاسمییه لە سنوری پارێزگای کەرکووک و موختاری كه‌ریم داوده‌ی لە سنوری قەزای خانەقین کوژراون.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، بەئامانجگرتنی وێستگەکانی کارەباش لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەردەوامە، هەر لە مانگی ڕابردوودا تاوه‌رێكی كاره‌باییان له نزیك گوندی خوزه‌یفییه ته‌قانده‌وه و بوە‌هۆی بڕینی كاره‌بای حه‌ویجه.