دەربارەی گەمارۆی سەر فڕٶکەخانەی سلێمانی
عێراق دەتوانێت داوای یاسایی لەسەر تورکیا تۆمار بکات


بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، حکومەتی عیراق بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەتوانێت پەنا بباتە بەر رێگا چارەی نێودەوڵەتی لە رێکخراوی فڕینی شارستانی نێودەوڵەتی لەنەتەوە یەکگرتووەکان (یوئێن) سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار بکات.
 تاهیر عەبدوڵا، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە،" ئەوە هێزە بۆ عیراق ئەگەر بتوانێت لە (ڕێگای نێودەوڵەتی) کێشەکەی چارەسەر بکات بۆیه‌ پێویست دەکات عیراق سکاڵا لەسەر تورکیا لای ڕێکخراوی فڕینی شارستانی جیهانی لە (یوئێن) تۆماربکات بۆ ئەوەی تورکیا لەو هەڵوێستەی بگەڕێتەوە و ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، یا ئاسانتر لەو ڕێگایە بەپێی بڕگەیەکی ئەو ڕێکەوتننامەیەی هەیەتی لەگەڵ تورکیا، عیراق دەتوانێت مامەڵەی هاوشێوە بکات و بڕیاری داخستنی یەکێک لەفڕۆکەخانەکانی عیراق بەڕووی فڕۆکەکانی تورکیادا بدات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هەڵوێستی حکومەتی عیراق هەڵوێستێکی لاواز و شەرمنانەی لەوڕوەوە لەبەرامبەر تورکیا هەیە".

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی وتیشی  "عیراق لەناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا وڵاتێکی خاوەن سەروەریە، وەک تورکیا ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانە و نوێنەری هەیە، هەروەها ئەندامی ڕێکخراوی فڕینی شارستانی نێودەوڵەتیە، دەتوانێت لەڕێگای یاسای نێودەوڵەتیەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات نەک ئاوا شەرمنانە بوەستێت و هەنگاوی کردەیی نەبێت و داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش هیچ هۆکارێکی یاسایی و هونەری و ئیداری نەبووە بەڵکو بەهۆی پەیوەندییەکانی حکومەتی تورکیاوەیە لەگەڵ ئەم ناوچەیە".

سەبارەت بەزیانەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وتیشی" زیانەکان زۆرن هەم زیانی مادی وە هەم زیانی بۆ هاوڵاتیان لەڕوی دروستبونی گیروگرفت دروستکردن بۆ هاوڵاتی، جگە لەوەی زیانی زۆری بۆ جموجۆڵە بازرگانیەکان لەم ناوچەیە هه‌بووه‌، چ لەڕووی کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتەکانەوە، کەدەتوانم بڵێم لە(30%-35 هەتا %40) کەمیکردووە بەبەراورد بەپێش گەمارۆخستنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی".

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەهەرێمی کوردستان، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، بەڵام بیناڵی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، رۆژی ٢٣ی ئازار رایگەیاند، رێگای ئاسمانی تورکیا، بۆ ھەولێر دەکرێتەوەو گەشتەکانی سلێمانی ناکەنەوە.



PM:11:45:21/11/2018