چەند ئەندامێکی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستیان لەکارکێشایەوە

چەند ئەندامێکی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستیان لەکارکێشایەوە و هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەشیان ئاشکرادەکات.

لە راگەيەنراوێكدا کە بۆ ئەندامان و كاديران و بنەماڵەى شەهيدانى بزووتنەوەى ئيسلامى و ڕاى گشتى خەڵكى كوردستان بڵاویان کردۆتەوە هاتووە "لەبەر ئەم بارودۆخە نەخوازراوەو بێ ئاکامکردنی هەوڵەکانمان ئێمە ئەم ئەندامانەی ئەندامانى مەكتەبى سياسى و سەركردايەتى بزووتنەوەى ئيسلامى بڕيارى دەست لەکارکێشانەوەی خۆمان دا لەئەندامیەتی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەناوى خواى گەورەو ميهرەبان
راگەيەنراوێك بۆ ئەندامان و كاديران و بنەماڵەى شەهيدانى بزووتنەوەى ئيسلامى و
ڕاى گشتى خەڵكى كوردستان.

ئێمە كە پێكهاتووين لەژمارەيەك لەئەندامانى مەكتەبى سياسى و سەركردايەتى بزووتنەوەى ئيسلامى، دواى دانبەخۆداگرتنێى درێژخايەن و گرتنەبەرى هەموو ڕێگايەكى گونجاو بۆ ڕێگرى لە بەلاڕێدابردنى بزووتنەوەو كۆتاييهێنان بەقۆرخكارى و دەسەڵاتى تاكڕەوى و بەهەدەردانى وزەو تواناى كاديران و ئەندامانمان و لەپێناوى لەدەستنەكانى زياترى پێگەى سياسى و جەماوەرى بزووتنەوەى ئيسلامى، دواى ئەوەى چەندين جار ڕێگاچارەى دروست و حەكيمانەمان خستەبەردەستى كەسى يەكەم و شوراى ناوەندى، بەڵام دەسەڵاتى تاكڕەوانەو قۆرخكارى لەناو حزبدا لەلايەن كەسى يەكەمەوە هەميشە دەبووە هۆكارى سەرەكى لەباربردنى هەوڵەكانى چاكسازى و ڕێكخستنەوەى بزووتنەوەى ئيسلامى، سەرەنجام بزووتنەوە بەم بارودۆخە لاوازە گەیشت کەهەموومان دەیبینین، لەکۆتا هەوڵیشماندا لە ۱/۱۱/۲۰۱٨ پرۆژەیەکی چاکسازیمان دایە ڕابەری گشتی و مەکتەبی سیاسی کە گرنگترین خاڵەکانی بریتی بوون لە:

1-كۆتايیهێنان بە تاكڕەوى و قۆرخكارى لەبڕيارو بەڕێوەبردنى حزبدا.
2-ئاشكراكردنى سەرچاوەكانى داهات و دارايى و چۆنيەتى سەرف و خەرجى و سپاردنەوەی بەمەکتەبی دارایی.
3-كۆتاييهێنان بەناڕوونى لەسياسەتى بزووتنەوەدا لەسەر ئاستى ناوخۆو دەرەوە.
4-كۆتاييهێنان بە كارى بێ سەروبەرى و گێڕانەوەى رۆڵ بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانى باسك و ئەندامانى مەكتەبى سياسى و سەركرديەتى لەچوارچێوەى پەيڕەو و پرۆگرامى ناوخۆى بزووتنەوەى ئيسلامى.
لەبەر ئەم بارودۆخە نەخوازراوەو بێ ئاکامکردنی هەوڵەکانمان ئێمە ئەم ئەندامانەی ئەندامانى مەكتەبى سياسى و سەركردايەتى بزووتنەوەى ئيسلامى بڕيارى دەست لەکارکێشانەوەی خۆمان دا لەئەندامیەتی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی..         

      
کامیل مەحمود  ئەندامی مەکتەبی سیاسی               محمد ئەمین ئاشوری ئەندامی مەکتەبی سیاسی    محسن محمد ئەمین ئەندامی مەکتەبی سیاسی              م. عبدالغفور چەمچەماڵ  ئەندامی سەرکردایەتی        ئارام کەمال ئەندامی سەرکردایەتی                   سەرباز خۆشناو  ئەندامی سەرکردایەتی
۲٥/ ۱۲ / ٢٠١٨


PM:12:30:25/12/2018