شارەوانی تەق تەق هاوڵاتیان لە مەترسی لافاو ئاگادار دەکاتەوە

سەرۆکایەتی شارەوانی تەق تەق داوا لە هاوڵاتیانی شارۆچکەکە دەکات دور بکەونەوە لە زێی بچوک و ئەو شوێنانەی  مەترسی دروستبوونی فالاوی لێ دەکرێت.
 
فەرهاد مەولود سەرۆکی شارەوانی تەق تەق لەراگەیەنراوێکدا کە ئەمرۆ بڵاویکردەوە، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیانی دانیشتوی گەڕەکی ڕزگاری وئاشتی وسەرجەم جوتیارو خاوەن کێڵگەو حەوزی ماسی وخاوەن پڕۆژە گەشتیاریەکانی کە دەکەونە سەر ڕێڕەوی زێی بچوک دەکات، کەوا هەر ئێستا شوێنەکانی خۆیان بەجێ بهێڵن ودورکەونەوە لەو شوێنانەی مەترسیان هەیە بەهۆی بەرزبونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی زێی بچوک.

سەرۆکی شارەوانی تەق تەق ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئاستی ئاوەکە بۆ زیاتر لەمەترێک بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەکرێ لەکاتژمێرەکانی داهاتودا زیاتریش بەرزبێتەوە، بۆیە داواکارن ڕەچاوی بارودۆخەکە بکەن و بەهەندی وەربگرن وهەموو ئامادەباشیەکی خۆیان بکەن.

 لە شەوی رابردووەوە تا ئێستا شەپۆلیکی بارانبارینی بە لێزمە بە چڕی هەرێم و بەتایبەتی ناوچەکا نی سلێمانی گرتۆتەوەو لافاو لەجەندین شوین روویداوەو ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان بەشێوەیەکی زۆر بەرزبۆتەوە کە لەچەند ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووە.



PM:02:27:25/03/2019