ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران کۆبووەوە

رۆژی پێنجشەممە 25ی نیسانی 2019 ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆتایی "كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو بۆ قسە‌و باس‌و بڕیاردان لەسەر چەندین بەڵگەنامەی كاری ناوەند، بۆ پەیوەندی لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان‌و پەیوەندیی نێونەتەوەیی كە تێیدا لایەنەكان تێبینی‌و بۆچوونی خۆیان لەسەر بەڵگەنامەكان دەربڕی".

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە "لەسەروبەندی رۆژی یەكی ئایار، رۆژی جیهانیی كرێكار، بەشداربوانی كۆبوونەوەكە پێشنیاری راگەیەنراوێكی بەم بۆنەوە خستەبەرباس كە لەلایەن ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێرانەوە بە بۆنەی رۆژی كرێكار بدرێت. هەروەها لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ئامادەكاریی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی چەندین رێوڕەسمی تایبەت لەناوخۆ‌و دەرەوەی كوردستان بە بۆنەی رۆژی 28ی گەلاوێژ، ساڵیادی هێرشی دڕندانەی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان بكرێت".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاری دەوڵەتی ئەمریكا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی قسەوباسی لەسەركرا‌و بە ئاماژە بە راگەیاندنی پێشووی ناوەند لەمبارەوە، پێشهاتەكانی ئەو بریاڕەی ئەمریكا لەلایەن بەشداربووانەوە تاوتوێكرا".

کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران دوای چەندین بڕیاری یەکبەدواییەکی ئەمریکا دێت کە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەریکردووە و دوایین بڕیاریش سفرکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێرانە کە دووی مانگی ئایار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


PM:02:28:26/04/2019