هەڵەبجە: دەست دەکرێت بە دروستکردنی تابلۆی ئۆتۆمبیل

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، بەم نزیكانە دەست بە دروستكردنی تابلۆكانی هەڵەبجە دەكرێت و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندبوون لەسەری.

كاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە" ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەند بوون لەسەر دروست كردنی تابلۆكانی پارێزگای هەڵەبجە و فرۆشتنی ژمارە نایابەكان بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا و گەڕانەوەی داهاتی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و دانانی ژمارەی حسابی تایبەت بە داهاتەكان بۆ پڕۆژەكان و ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكەو گەشەپێدانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە".

ئاشکراشیکردووە، لیژنەیەك پێكهێنراوە بە سەرۆكایەتی پارێزگاری هەڵەبجە و ئەندامێتی لایەنە پەیوەندیدارەكان و چاودێری داواكاری گشتی بۆ ئەوەی بەشێوەی ئاشكرا و شەفاف بفرۆشرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ ئەو كۆنووسەی، كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٥/٥/٢٠١٩ لە وەزارەتی ناوخۆ ئامادەكرا بە ئامادەبوونی (پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی هەرێم و بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی و بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە ) سەرجەم خاڵەكانی پەسەندكران و ڕەزامەندبوون لە سەر سەرجەمیان.


PM:07:06:19/06/2019