فواد حسێن لە بارەی بەردەوامی مووچەوە دڵنیایی دەدات



وەزیرە کوردەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، فواد حسێن لەبارەی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆرانەوە دڵنیایی دەداتە مووچەخۆرانی عێراق بە کوردستانیشەوە.

 
 
 د. فوئاد حسێن، جیگری‌ سەرۆک وەزیرانی‌ عیراق و وەزیری‌ دارایی‌ لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی‌ ئەلشەرقییەی عێراقیدا  رایگەیاند " لە ٩٠%‌ی بودجەی‌ عیراق پشت بە داهاتی‌ نەوت دەبەستێت، بۆیە دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت بۆ نزمترین ئاستی‌ کاریگەری‌ خراپی‌ بۆسەر دۆخی‌ دارایی‌ و ئابوری‌ عیراق دەبێت بە گشتی"‌.
وەزیری دارای لە ئێستادا دڵنیای دەدات لەسەر بەردەوامی پێدانی مووچە مووچەخۆرانی حکومەت.


هەروەها وتیشی‌، "لە ئێستادا کە عیراق بە دۆخێکی‌ ناجێگیردا دەڕوات، لەلایەک بڵاوبوونەوەی‌ ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا، لەلایەک پێکنەهێنانی‌ حکومەتی‌ نوێ و ململانێی‌ لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەشدا دەیان کۆمپانیای‌ وەبەرهێنەر کارەکانیان راگرتووە بەهۆی‌ وەرنەگرتنی‌ شایستە داراییەکانیان، هەروەها کاریگەری‌ خراپی‌ لەسەر بودجەش دەبێت و کورتهێنان زیاتر دەبێت".


لەسەر دابەزینی‌ نرخی‌ نەوت، فوئاد حسێن وتی" حکومەت دەبێت کار بۆ ئەوە بکات پشت بە داهاتی‌ بەدەر لە نەوت ببەستێت و ژێرخانی‌ ئابوری‌ وڵات باش بکات و رێکاری‌ نوێ  بگرێتەبەر، بۆ ئەوەش کات و باشبوونی‌ دۆخی‌ ئەمنی‌ دەوێت".


چەند رۆژێکە دوای رێکنەکەوتنی وڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک و روسیا و دابەزینی نرخی نەوت لە دوێنیدا بۆ ٣٣ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، مەترسی لەسەر بەردەوامی مووچە دروستکرد، بەڵام وەزیری دارایی عێراق لەسەر ئەو پرسە دڵنیایی دەداتە مووچە خۆران.

 


PM:02:54:10/03/2020