دوایین واده‌ی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دیاریکرا

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق، پێنجشەممەی داهاتووی، وەک دوا وادە بۆ لایەنە سیاسیەکان دیاریکرد بۆ پێشکەشکردنی سکاڵاکانیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

سەفا موسەوی، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند: "رۆژی دووشەممەی داهاتووی، کۆمسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە رۆژنامە رەسمییەکان بڵاو دەکاتەوە، کە بەپێی یاسا، دوایین رۆژی تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان".

وتیشی: "کۆمسیۆن ماوەی سێ رۆژی تر دەداتە لایەنە سیاسییەکان، بۆ پێشکەشکردنی سکاڵاکانیان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و دوا وادە بۆ وەرگرتنی سکاڵاکان، رۆژی پێنجشەممەی داهاتووە".

وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی دادوەری لە ماوەی 10 رۆژدا، چاو بە سکاڵاکاندا دەخشێنێتەوە.



PM:03:29:24/05/2014