بزووتنەوەی گۆڕان: بەشێك لە بەرپرسان سەرقاڵی قاچاخچێتی مەترسیدارن

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پرسی قاچاغ و قۆرخکاری پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکات رایدەگەیەنێت" بەشێك لە بەرپرسان بەھاوكاری دامەزراوە ئەمنیەكان، سەرقاڵی قاچاخچێتی مەترسیدارن و بە ئاشكرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخیان داناوە". 

 

عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت" ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی خراپدایە، بەڵام لەبری ھەنگاونانی خێرا بۆ چاکسازی و چارەسەری کێشەی موچە، کەچی قەبارەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بە ئەندازەیەکی مەترسیدار زیادی کردوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە" بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت تەنها لە پێناو چاکسازی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی و قاچاخچێتی بووە، بەدڵنیاییەوە ئێمە نەک نابینە پاسەوانی ئەم بەد ڕەفتاری و کارە نایاساییانە، بەڵکو بەھەموو توانایەکمان ڕووبەڕووی دەبینەوەو بێدەنگ و بێھەڵوێست نابین".

 

لە ڕگەیەندراوەکەدا وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان باسی لەوەشکردوە: ئێستا سەرباری گەندەڵی و قۆرخکاری کۆمپانیاکانی نزیک لە حیزب، کەچی بەشێک لە بەرپرسان بەھاوکاری دامەزراوە ئەمنیەکان، سەرقاڵی قاچاخچێتی مەترسیدارن و بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخیان داناوەو ھەموو کاڵایەکی قەدەغەکراو بەبێ ھیچ پشکنینێک دەھێننە کوردستانەوە، کە ئەمەش جگە لە یاسا شکێنی و گەندەڵی، مەترسیشە لەسەر تەندروستی ھاوڵاتیان.

 

عەدنان عوسمان لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختدەکاتەوە کە گۆڕان پێداگیری دەکات لە سەر چاکسازی لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوری و باج و سیستەمی موچە، هەروەها پێویستە دەست بەجێ سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و هەموو کابینەو هەردوو حزب و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن بۆ کۆتایی هێنان بەم یاسا شکێنی و قاچاخچێتیە کە لە سنورەکاندا تەشەنەی کردوەو بوەتە هۆی بەهەدەردانی مانگانەی دەیان ملیۆن دۆلاری داهاتی هەرێم.



PM:02:09:11/08/2020