هاوسەرگیری پیاوە ٥١ ساڵەکە و كچە مێردمنداڵەكە هەڵوەشایەوە

جێگری میری کوردانی ئێزدی بۆ پەیوەندییەکان رایدەگەیەنێت" پرۆسەی هاوسەرگیری پیاوە تەمەن ٥١ ساڵانەکە و کچە بچووکەکەی شنگال هەڵوەشایەوە". 

 

جەهوەر عەلی بەگ، جێگری میری کوردانی ئێزدی بۆ پەیوەندییەکان بە رووداوی راگەیاند" دوای ئەوەی هەواڵی مارەبڕینی شێخ جووقی سەلۆ، تەمەن ٥١ ساڵان لەگەڵ کچێکی بچووکی شنگال بەناوی ئەلیس بڵاوبووەوە، پەیوەندیمان بە جووقی سەلۆوە کرد، ئەویش پێی راگەیاندین کە هەڵەیەکی کردووە و پەشیمانە و جارێکی دیکە کاری وا دووبارە ناکاتەوە، پرۆسەی هاوسەرگیرییەکە هەڵوەشایەوە".
 
جێگری میری کوردانی ئێزدی بۆ پەیوەندییەکان وتیشی" جووقی کچەکەی نەگواستووەتەوە، بەڵکو تەنها مارەی بڕیبوو. سەبارەت بە رێکارەکان، دۆسیەکە دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان بۆ داخستنی و کۆتاییهێنان بەو کارە".
 
پیاوەکە ناوی شێخ جووقی سەلۆ تەحسینە و تەمەنی ٥١ ساڵانە، دانیشتووی کۆمەڵگەی دۆمیزە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ناوبراو رایگەیاندبوو" هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ کردووە بەناوی (ئەلیس)، کچەکە دانیشتووی کۆمەڵگەی (خانکێ)یە".



PM:09:31:26/11/2020