کاتێک خۆم بەراورد دەکەم بەنەرویجییەک لەهەمان تەمەن، بۆم دەردەکەوێت کە ئێمە زۆر جیاوازین

دلێر محەمەد

 نووسەر خەڵکی کوردستان/عێراقە، دانیشتووی شاری ئیسهایمە

 ئەوانەی لە تەمەنی گەورەدا هەڵاتوون بۆ نەرویج زۆرجار بۆ ئەوانەی کە نەرویجین و لە هەمان تەمەندان، بێزارکەر دەردەکەون.  بۆ خۆم لە تەمەنی سەرووی ٣٠ ساڵیدا هەڵاتم بۆ نەرویج.  هەموو تەمەنی منداڵی و گەنجی و تەنانەت بەشێکی باشی ژیانی گەورەییم لە کوردستان/عێراقدا ئەزموون کردووە.  کاتێک خۆم بەراورد دەکەم بە نەرویجییەکان لە هەمان تەمەن، بۆم دەردەکەوێت کە ئێمە زۆر جیاوازین.

 من بە سروشت کونج کۆڵم و حەز لە تێگەیشتن لە کەسانی تر دەکەم. پێم وایە زۆر ئەستەمە کەسێکی نامۆ لە کۆمەڵگایەکی نوێدا بتوانێ بە تەواوەتی خۆی بگونجێنێت.  ئەگەر خۆم بە نموونە وەربگرم و خۆم بەراورد بکەم بە یەکێک لە هاوکارە نەرویجییەکانم کە لە هەمان کاتدا گەورە بووین، بەڵام لە جوگرافیا و بارودۆخ  و کەشوهەوای جیاوازدا، لە بنەماڵەی جیاواز و بە شێوازی پەروەردەکردنی جیاواز، ئەو ماڵانەی تێیدا دەژیاین، ئەو قوتابخانەیانەی لێیان خوێندوومانە، ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییانەی کە سەیریمان کردوون، ئەو مۆسیقایانەی گوێمان لێ گرتوون، تەنانەت ئەو خواردنانەی خواردوومانن و ئەو خواردنەوانەی کە خواردوومانەتەوە، تەواو جیاواز بوون.  واتە سەیر نییە کە ئێمە زۆر بێزارکەر دەربکەوین بۆ یەکتری.

 لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە پەیوەندییەکانم لەگەڵ گەورەساڵانی ڕەسەنی نەرویجی زیادی کردووە.  پەیوەندیم لەگەڵ دایک و باوکی ئەو منداڵانە هەبووە کە مناڵەکانیان لە هەمان پۆلدا بوون لەگەڵ منداڵەکانی مندا.  لە ڕێگەی چالاکیی و وەرزشەوە لە دوای کاتی خوێندنیش هەندێک دایک و باوکی دیکەم ناسیوە.  جگە لەوەش لە دە ساڵی ڕابردوودا هاوکار و هاوپیشەی نەرویجیم هەبوون، تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامن، کە لە ڕێگەی کارکردن لە کەرتی تایبەتی و گشتیدا ناسیوومن.

 لە هەموو چوارچێوەیەکدا، کۆبوونەوەی دایک و باوکدا، کۆبوونەوەی کار، ئاهەنگ و هاوشێوەکانی، هەوڵمداوە خۆم بخەمە ناو گفتوگۆ و چیرۆکەکانیانەوە. زۆر بە سادەیی بێزارکەر بوو.  بێزارکەر! چونکە تێنەدەگەیشتم باسی چی دەکەن.  هەرچەندە لە زمانەکە تێدەگەیشتم، بەڵام هەمیشە نەمدەتوانی تێبگەم کە گفتوگۆکان خەریکن چارەسەر بۆ چی بدۆزنەوە.  هەندێک جار پێدەکەنین و منیش دەبوو پێبکەنم بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی جدیم هەبێت بۆ پێکەنین. هەندێک جاری دیکەش بە وردی گوێیان لە قسەکەرێک دەگرت و دەمیان دادەچاقاند و دواتر منیش دەبوو بە هەمان شێوە گرنگی بە حیکایەت خوانەکە بدەم. بۆ نموونە کاتێک  باسی تەمەنی منداڵی خۆیان دەکرد، کە من هەرگیز ئەزموونی ئەوانم  نەکردبوو.  یارییەکانیان، کە هەرگیز ئەو یارییانەم  نەکردبوو.  ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە منداڵانەی کە سەیریان کردبوو کە من هەرگیز نەمبینی بوون.  ئەو مۆسیقایەی کە گوێیان لێ گرتبوو کە من هەرگیز گوێم لێ نەگرت بوون.

 باسی قۆناغی گەنجی خۆیان دەکرد، کە من هەرگیز  ئەزموونی ئەو قۆناغەی ژیانم لە گەڵ ئەواندا نەکردبوو.  باسی داستانەکانی خۆیان دەکرد کە من هەرگیز  پاڵەوانێک  نەبووم تێیاندا.  باسی ئەو مەترسیانەیان دەکرد کە گرتبوویانەبەر و منیش هەرگیز یەکێک نەبووم لە ڕزگاربووانی.  باسیان لە گەشتی یەکەم، داهاتی یەکەم، یەکەم کار، سێکسی یەکەم، هاوبەشی یەکەم، یەکەم... و یەکەم... و یەکەم... من لە هیچ کام لەمانەدا بوونم نەبوو.

 لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەر وەکو ئەمان منیش زۆر شتم هەیە بۆ نەرویجییەکانی  بگێڕمەوە.  منداڵییەکی خۆشم هەبووە کە بۆیانی باس بکەم.  هەروەها لە گەنجیدا زۆر شتم ئەزموون کردووە.  زۆر مەترسیم گرتۆتە بەر و تیا ڕزگار بووم.  زۆر داستانم تۆمار کردووە کە من پاڵەوانی بووم.  چوومەتە پیاسەکردن.  عاشق بووم.  من بە سادەیی زۆر شتم هەیە کە بۆ هاوکار و هاوڕێ نەرویجییەکانم  باسیان بکەم.

 بەڵام قسەکانی من بۆ تۆ چەندە بێزارکەر بن، دڵنیابە ئەوەندەش قسەکانی تۆ بۆ من بێزارکەرن.  لێرەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، کە ئایا من بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای نەرویجیم یان نا؟  دڵنیام هەمووان بە بەڵێیەکی گەورەوە وەڵام دەدەنەوە.  چونکە من لێرە لە نەرویج بوونم هەیە.  من باوک یان دایکی منداڵی نەرویجیم.  من لە کۆمەڵگای نەرویجیدا بەرپرسیارێتیم هەیە و لە ژێر چەتری نەرویجدا دەژیم.
هەر بۆیە تکایە بۆشاییەکم  بۆ تەرخان بکە، لێم بپرسە، گوێ لە قسەکانم بگرە.  زیرەکانە ڕوونکردنەوەم بدەرێ لەوەی کە دەیڵێیت.  حیکایەتەکانت ڕوون بکەرەوە، و لەبارەی داستانەکانی منیش بپرسە.  باوەشێکی گەرمم بۆ بکەرەوە.  تکایە با سەبرێکی زیاترت لەگەڵمدا هەبێت.

ئەم نووسینەی نوسەر لە رۆژنامەو وێبسایتێکی ناسراوی نەرویجیدا بڵاوکراوەتەوە، لینکەکەی لێرەوە ببینە..


18/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر