لە لۆزانەوە تا ڤیلنیۆس

دلێر محەمەد
١٠٠ ساڵ شکاندنی کورد

دەقی وتارێکە کە بۆ زیاد لە پێنج ڕۆژنامەی نەرویجی نێڕدراوە، بە بێ ئەوەی یەکێکیان ئامادە بن بڵاوی بکەنەوە. وا دیارە دڵخۆشی جەماوەری ئەوروپی بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ و تێکنەدانی مەزاجی سیاسی نەرویجییەکان، زۆر گرنگترە لە میسداقییەتی مێژوویی و ڕۆژنامەگەری. هەر بۆیە کورد دوای سەدد ساڵ هەمان پرسیار ئاراستەی ویژدانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی ئەکات: ئایا شەرم نیە لە سەر خوێنی گەلی کورد دووبارە و لە دوای ١٠٠ ساڵ دیسان ئاسایشی خۆتان توندوتۆڵ دەکەنەوە!؟

پەیمانی سیڤەر (١٠ی ئابی ١٩٢٠) پەیمانێک بوو کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، لە نێوان زلهێزە سەرکەوتووەکانی هاوپەیمانان و نوێنەرانی حکومەتی تورکیای عوسمانی ئەنجامدرا. ئەو پەیماننامەیە کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و داوای لە تورکیاش کرد کە دەستبەرداری هەموو مافەکانی خۆی له ئاسیای عەرەبی و باکوری ئەفریقا بێت. هەروەها ڕێککەوتنەکە دەستەبەرکردنی دروستکردنی ئەرمینیای سەربەخۆ و کوردستانی سەربەخۆ و زاڵبوونی یۆنان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ و هەروەها کۆنتڕۆڵیان بەسەر دوورگەکانی ئیجە کە زاڵبوون بەسەر دەردانێلدا هەبێت. پەیمانی سیڤەر لەلایەن ڕژێمی نوێی کەمالی ناسیۆنالیستی تورکیاوە ڕەتکرایەوە و لە ساڵی ١٩٢٣دا پەیمانی لۆزان جێگەی گرتەوە.

سەدەیەک لەمەوبەر و لە ٢٤ی تەمموزدا ڕێککەوتنێک واژۆ کرا کە بە پەیمانی لۆزان ناسراوە. لۆزان شارێکە لە وڵاتی سویسرا لە ئەوروپادا. لە کۆنفرانسێکدا، ئیسمەت ئینۆنۆ، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا، کە نوێنەرایەتی حکومەتی تورکیا بوو لە گەڵ لۆرد کورزۆن، بە نوێنەرایەتی حکومەتی بەریتانیا، کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پارێزگای موسڵ کە نزیکەی هەموو ناوچە کوردستانییەکانی باشوری لەخۆگرتبوو. مەبەست لە کۆنفرانسەکە پێداچوونەوە بوو بە ماددە و بڕگەکانی پەیماننامەی سیڤەر کە لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠ لەلایەن وڵاتانی سەرکەوتووی جەنگی جیهانی یەکەمەوە واژۆ کرابوو.

هەروەها ئامانجی کۆنفرانسەکە هەڵسەنگاندنی سنوورەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا شکستی هێنابوو و خاکەکانی بووبوونە جێی سەرنجی زلهێزە سەرکەوتووەکان. ڕێککەوتنی لۆزان لە چەند بڕگەیەک پێکهاتبوو. لە نێو ئەو ماددانەدا مادەی 37 تا 45 باسی لە مافی کەمینەکانی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکرد. بەپێی ئەو ماددانە حکومەتی تورکیا مافی ئەوەی هەبووە هەر بڕیارێک لەدژی ئەو کەسانە بدات کە پابەندی بڕیار و بەرژەوەندییەکانی نەدەبوون. بۆیە لەسەر داوای حکومەتی تورکیا بە کۆنگرە و ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی کوردستان دابەشکرا.

لەسەر بنەمای ئەم تێبینییە گرنگانە دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە مێژوو بۆ کورد زۆر سەخت بووە و بەردەوامیشی هەیە. وتەیەک هەیە دەڵێ مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. جێگای سەرنجە کە دوای سەدەیەک و تەنها بە جیاوازی چەند ڕۆژێک، پێدەچێت هەمان وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ تورکیادا دانوستان بکەن، سەبارەت بە ستەمێکی دیکەی خوێناوی لە کورد. ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تەنانەت بۆ یەکجاریش، شەرم لە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی دێرینی کورد ناکات؟ گەلێک کە بە سەخترین جەنگەکاندا تێپەڕیوە و لە چوار وڵاتی جیاوازەوە تووشی گۆشەگیری و جینۆساید بووەتەوە. لەوێشدا کوردستان لە نێوانیاندا دابەش بووە له سەر تیشکی بڕیارێک کە زلهێزەکانی ئەوکاتە داویانە. ئایا جێی داخ نییە کە هەمان دۆخ دوای سەدەیەک دووبارە دەبێتەوە له شارێۆی دیکەی ئەوروپا و لە مێژوویەکی دیکەدا کە ئەوروپا لافی مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلانی چەوساوە لێ دەدات؟

26/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر