🔹خودایە ئەم زوڵمە هەڵنەگری

سەرتپ جەوهەر

دیمەنی تێكدانی گوندەكانی كوردستان بەتایبەتیش دەشتی هەولێر (هاوینی1988) زۆر لەو دیمەنەكانی رۆژی حەشر دەچوون. هەزاران هەزار خێزان بەجارێك لەو گوندانەوە لەدۆخێكی ئێجگار خراپ و شپرزە لەسەر پشتی تراكتۆرو بارهەڵگر بەخۆیان و دوو پرێسكەو بزگوڕ روویان لەهەولێر دەكرد. هەندێكیان پەناو سێبەرێكیان شك نەدەبرد تاوێك لەژێریدا پشوو بدەن. خەڵك هەبوو جێگەی نەبوو بارگەی لێ هەڵبدات، ناچار لەگۆڕەپانێك بارگەی دەخست تا شوێنێك دابین دەكات. 

خێزانێكم بینی بارگەیان لەگۆڕەپانی گەڕەكێك خستبوو، ئەو دیمەنە ناخی مرۆڤی پارەپارە دەكرد! پیاوێكی پیر لەسەر پارچە بزگوڕێك دانیشتبوو نوتقی نەبوو، پیرەژنیش بەدیار بارگەی هەلپێچراوی بەهاوارێكی ناخهەژێن وەك ئەوەی شێت بوبێت شینی دەكردو دەستی تا بەری ئاسمان بەرزكردبۆوەو بەترسەوە دوعای دەكردو دەیگوت "خودایە ئەو زوڵمە هەڵنەگری خودایە".

ئەوكاتە من منداڵ بووم لەمانای ئەو دوعایە تێنەدەگەیشتم، تا گەورەبووم ئینجا تێگەیشتم پیرەژنی جەرگ سوتاو دەڵێت خودایە چیدی ئەو ستەم و زوڵمە قبوڵ نەكەیت و لەسەر ئەم میللەتە هەشبەسەرە وەرە وڵام.

دوعای ئەو پیرەژنە دوعای میللەتێكی بێدەرەتان و بێ دەسەڵات بوو بەرامبەر زوڵم و ستەمكاریی بەعس، بەڵام دوای 37 ساڵ لەم رووداوە دیسان ئەم میللەتە بەرامبەر دەسەڵاتێكی ستەمكارو حوكمڕانیەكی شكستخواردوو بێدەرەتان و بەدەبەخت (لاحول ولا قوە) بەدیار ستەم و خراپەكاریی ئەم حوكمڕانیە بێچارەین. مەگەر هەموومان دووبارە دەست بەرزبكەینەوە بۆ ئاسمان ئێمەش بڵێین (خودایە ئەم زوڵمە هەڵنەگری خودایە).

ئاخر شاباشكردنی نەوت و سامانی سروشتیی و تەخشان و پەخشانكردنی سامانی ئەم وڵاتەو لەناوبردن و وێرانكردنی سروشت و شوێنەوارو پیرۆزییەكانی خەڵكی كوردستان چی لەوێرانكردنی گوندەكانی كوردستان لەلایەن رژێمی بەعس كەمترە؟ جاران گەنجانی كورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمكاریی بەعس بەریان لەكێوان دەكرد، لەداخی ئەم دەسەڵاتدارێتیە (شۆڕشگێڕە!) روو لەهەندەران رێی هات و نەهات دەگرنەبەر.
ئەمانە تەنها دەربەستی بەدەرهێنانی نەوتی كوردستان نەبوون، وەك ئەوەی بەیانی لەم وڵاتە باربكەن سەدان باڵەخانەیان بەرزكردۆتەوەو بەپارەی مفت دەیفرۆشن، گردو شاخ و كێوی ئەم كوردستانە هەرزانفرۆش دەكەن، نەك گۆیژە ئامادەن بۆ پڕكردنی گیرفانیان سەفینیش لەبن بێنن، هەرچی پیرۆزیی و ئادگاریی ئەم میللەتەیە بۆخاتری گیرفانی خۆیان وێران دەكەن، كەسیش نییە پەنجەیەك بەروویان بەرزبكاتەوە! مەگەر وەك ئەو پیرەژنە دەست بەرزبكەینەوە بڵێین "خودایە ئەم زوڵمە هەڵنەگری خودایە".

28/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر