بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی پێشكەشی پەرلەمانی عیراق
كراوە تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق تەنها بۆماوەی شەش مانگ بۆ 7ی
كانونی دووەمی ساڵی نوێ درێژ دەكرێتەوە، واتە 7/1/2025 كۆتایی بەكارەكانی
ئەنجومەنی كۆمسیارانی ئێستا دێت. ئەوەی زۆر گرنگە لەكۆتایی پرۆژەكەدا بەروونی
هۆكاری درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاماژەی پێدراوە
ئەویش جێبەجیكردن و یەكلاییكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانە.
بەپێی ئەو مەنتقە، پێویستە دادگای فیدراڵ بەزووترین
كات سكاڵای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوە بەسەرچووی كوردستان یەكلایی بكاتەوە كە
پێدەچێت رێككەوتن لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵیش كرابێت سەبارەت بە كورسی كۆتاكان و
شێوەی بازنەكانی هەڵبژاردنی كوردستان.
بەپێی ئەو پرۆژەیەی پێشكەشی پەرلەمانی عیراق كراوە،
دواخستنی هەڵبژاردن بەڕێككەوتنی هەموولایەنەكان بووە، هەر لە لایەنە شیعەكانەوە
بگرە تادەگاتە پارتی و یەكێتیی و یۆنامیی و نوێنەرانی ئەمریكاو بریتانیا.
ناوەرۆكی رێككەوتنەكەش بەكورتی بریتیە لە
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و یەكلاییكردنەوەو راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان
بەشێوەیەكی رەسمیی بەر لەكۆتایی ئەمساڵ، بۆیە پێدەچێت هەڵبژاردنەكانی كوردستان
بكەوێتە مانگی 10 یاخود 11ی ئەمساڵ.
هاوكات پێشبینی دەكرێت لەم یەك دوو رۆژە كۆمسیۆنی
باڵای هەڵبژاردنەكان بەڕەسمیی رایبگەیەنێت كە ناتوانێت لە 10/6 هەڵبژاردنی
كوردستان بكات، بۆیە داوا لە سەرۆكایەتی هەرێم دەكات دوای یەكلاییكردنەوەی سكاڵای
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدراڵەوە، سەرۆكی هەرێم وادەیەكی
نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریی بكات كە پێدەچێت كۆتایی مانگی 10 یاخود ناوەڕاستی مانگی
11ی داهاتوو بێت.