پێكهاتەكان، هەم غەنیمەو هەم قوربانیی

سەرتپ جەوهەر

بەهۆی بوونی بزوتنەوەی ئاشوریی وەك بزوتنەوەیەكی چەكدار لەناو بەرەی كوردستانیی، لەهەڵبژاردنی 1992 پێنج كورسی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ ئاشورییەكان وەك كۆتا دیاریكرا، بەمەرجێك بۆ یەك خولی پەرلەمان بێت تا دواتر لەچوارچێوەی قانون رێكدەخرێت. لە دوای یەكخستنەوەی هەردوو ئیدارەكەی هەرێم لەسەردەمی سەرۆكایەتی كاك عەدنان موفتیی لەپەرلەمانی كوردستان بەقانون پێنج كورسی بۆ ئاشورییەكان و پێنج كورسی بۆ توركمان و یەك كورسیش بۆ ئەرمەن دەستنیشانكرا. واتە ئەو پێنج كورسیەی بەناوی كۆتا بۆ ئاشورییەكان دەستنیشانكرا، كرایە 11 كورسی بۆ توركمان و ئەرمەنیش.

11 كورسی كۆتاكان لەلایەن یەكێتیی نیشتیمانییەوە پێشنیاركرا، ئەو پێشنیارەش لەو تێگەیشتنە سەرچاوەی گرتبوو كە بەشداریپێكردنی پێكهاتەكان لەپەرلەمان و حكومەت رەنگوڕووی كوردستان جوانتر دەكات بەرامبەر دەرەوە، بەڵام مخابن لێكەوتەی دانانی ئەو 11 كورسیە زیانێكی گەورەی بە رەنگوڕووی كوردستان و بەواقعی سیاسی و بەخودی پێكهاتەكان گەیاند، بەپێچەوانەوە كورسی كۆتا نەك نەبووە هۆی جوانكردنی حوكمڕانی كوردستان، بەڵكو بووەهۆی ناشرینكردنی حوكمڕانیی كوردستان و بارگرانیەكی گەورە بۆ خەڵكی كوردستان و بۆ خودی پێكهاتەكان.

دانانی كۆتا، پێكهاتەو رەنگە جیاوازەكانی كوردستانی كردە قوربانییەكی گەورە، ئەنجام و لێكەوتەی زۆر خراپی بەدوایخۆیدا هێنا. ئەو 11 كورسیە لەباتی ببێتەهۆكارێكی كاریگەر بۆ بەشداریكردنیان لەژیانی سیاسی و حوكمڕانیی لە كوردستان، بەپێچەوانەوە بووە هۆكاری پەراوێزخستنیان لەبەشداریكردنی سیاسی. حزبە سیاسیەكانی كوردستان، یان روونتر پارتی زۆر خراپ كۆتاكانی بەكارهێنا! بەدەنگی سەربازیی و دەنگی تایبەت یاخود دەنگی ئاراستەكراو لەهەڵبژاردنەكان كورسی كۆتاكانی مۆنۆپۆل و ئیستغلالدەكرد، تەنانەت لە هەڵبژاردنی 2018 بەهۆی ئەو هەڵبژاردنەی وەك بەرپرسان گوتیان هەمووی ساختەبوو، ئەو 45 كورسییەی پارتی (وەك دەگوترێت پێشكەشی كرا) لەگەڵ ئەو 11 كورسیەی كۆتا كە ئەویش هەر هی پارتی بوو، زۆرینەیەكی خۆسەپێنی دروستكردو كوردستانی روبەرووی لاسەنگیەكی زۆر گەورەكرد. ئەم زۆرینەیە ناڕستەقینە، پارتی توشی غرورێكی گەوەرەو وەهمێكی گەورەكرد لەبڕیاردان. 

ئەم غرورە سیاسیەی پارتی، فشارێكی گەورەی لەهەموو خەڵكی كوردستان كرد، وایكرد پارتی بەتەنها بكەوێتە بەرەیەك و هەموو لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی كوردستان بكەونە سوچێكەوە. وایكرد پارتی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ مەنتقی تەوافوقی سیاسی و بێ رەچاوكردنی هەندێك بارودۆخ بەتایبەتیش هاوكێشەو هاوسەنگی ناوخۆو ئیقلیمی لەبەر رۆشنایی مەنتقی زۆرینەی خۆسەپێن تەماشای بڕیارەكانی ناو پەرلەمان و تەنانەت حكومەتیش بكات! بەڵام ئەنجام و نەتیجەی ئەم حەزی خۆسەپاندنە، بەهاوكاری بەشێك لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، هەڵەی زۆر ستراتیژیی بەپارتی كرد، لێكەوتەی ئەم غرورییە لاوازبوونی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی هەیمەنەو هەژموونی بەغدابوو بەسەر هەرێمی كوردستان.

بەهەرحاڵ كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان لەباتی ببیتەهۆی بەشداری سیاسی و حوكمڕانیی پێكهاتەكان، بووە ماڵویرانی بۆ پێكهاتەكان. لەوە خراپتر بەبێ‌ ویستی خۆیان، پێكهاتەكان بوونە بەشێك لەململانێی سیاسی نێوان حزبە كوردستانیەكان. ئەوانەی بەناوی كۆتا-ش دەچوونە پەرلەمان نوێنەرایەتی پێكهاتەكانی خۆیان نەكرد، بەڵكو نوێنەری حزبێكی سیاسی كوردیی بوون. ئەوان رۆژێك لەرۆژان داواو خواستێكی قەومیی و ئیتنی (ئاشوریی و توركمان)ی خۆیان نەگەیاندە پەرلەمان یاخود حكومەت. تەنانەت جار هەبووە كەسانێكیان بەناوی پێكهاتەكانەوە دەبردە پەرلەمان، زمانی نەتەوە یان پێكهاتەكەی خۆی نەدەزانیی!

ئەم خراپ بەكارهێنانەی پێكهاتەكان لەلایەن حزبیی كوردییەوە، رقێكی گەورەی لەشەقامی كوردستان بەرهەمهێنا، تەنانەت كاتێك دادگای فیدراڵ بڕیاری لابردنی 11 كورسیەكەی كۆتایدا، بڕیارێكی تەواو نادەستوریی و سیاسی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو رقەوە، خەڵكی كوردستان پێشوازییەكی گەرمیان لەبڕیارەكەی دادگای فیدراڵ كرد.

بەداخەوە پێكهاتەكانی كوردستان بوونەتە قوربانییەكی گەورەی ململانێی سیاسی لەكوردستان. دوێنێش كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان بڕیاریدا 5 كورسیان پێبدرێت و دابەشی سەر هەولێرو سلێمانی بكرێن، دیسان ستەمێكی ئێجگار گەورە لەپێكهاتەكان كراو حزبە كوردستانیەكان (پارتی و یەكێتیی) وەك غەنیمە تەماشای كورسی كۆتا دەكەن. هەریەكەیان دەیەوێت لەژێر ناوی كۆتا چەند كورسیەك بخاتە سەر دەنگەكانی خۆی! لەو نێوانەشدا پێكهاتەكان بێدەرەتان بەدیار ماف و بەركەوتەی خۆیان (لا حول ولا قوە) دەستەو ئەژنۆ بێچارە دانیشتوون. نەكەس گوێیان لێدەگرێت و نەكەس پرسێكیان پێدەكات.

مخابن حوكمڕانانی كوردستان وێنەیەكی زۆرخراپیان لەبارەی حوكمڕانی كوردستان بەدونیا پێشاندا، وێنەی كوردستانیان شاش و ناشرینكرد، نەك نەیانتوانی كوردستان بگەیننە كەناری ئارام، بەڵكو ئێستاو داهاتووی میللەتەكەیان كردە قوربانیی بەرژەوەندی شەخسی و حزبیی و بنەماڵەكان، دوای ئەو هەموو ساڵە لەشكست و ناشرینكردن، ئێستاش كە رێكخراوەكان كەموكوڕی و ناشرینیەكانیان بۆ دەخەنەڕوو، دووبارە عینادی دەیانگرێت و ئینكاریی لەراستیەكان دەكەن لەكاتێكدا ئەو نكۆڵیكردن و ئینكاریكردنەیان هیچ لەواقع ناگۆڕێت.

باشترین چارەسەر بۆ كۆتاكان، مافی چارەخۆنوسینیانە ئەمە كەمترین مافە پێیان بدرێت. ئێمە وەك كورد چۆن داوای مافی چارەخۆنوسینی خۆمان دەكەین دەبێ‌ بۆ ئەوانیش هەمان تێگەیشتنمان هەبێت. ئەوان داوای زۆر گەورەیان نییە، تەنها، داوای بوون و بەشداری راستەقینەی خۆیان دەكەن لەكایەی سیاسی و حوكمڕانی هەرێمی كوردستان نەك لەباتیان بڕیار بدەین و بكرێن بەبەردەبازی سیاسی.

22/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر