گۆیژە دوایین شوێنی داگیرکراوی کوردستان نابێ

هیوا سه‌ید سه‌لیم

  چەند رۆژێکە کاردانەواکان لە بەرامبەر تێکدانی سیمای سیمبولێکی جوانی شاری سلێمانی کە چیای گۆیژەیە دەبیستین، زۆر گرنگە لە کوردستانی تاڵانکراو خەڵکانێک مابن لە بەرامبەر دەستدرێژی بۆ سەر موڵکی گشتی بێنەدەنگ و کاردانەوەیان ھەبێت، چونکە موڵکی گشتی ناوەکەی بەوخۆیەوەیە، ھێ خەڵکە نەک ھی گروپ و تاقمێک.

 لە تەواوی جیھاندا ھەندێک شوێن بوونەتە سویمبولێک بۆ شار و ناوچەکان،  بگرە بۆ وڵاتیش، ھیچ کەس و لایەنێک لە ژێر ھیج پاساواێک بۆی نیە دەستی بۆ ببات، ھەموو ئەوانەی لە کوردستان تا ئێستا سەردانی شاری سلێمانیان نەکردووە دەزانن لەو شارەدا کێوێک ھەیە بە ناوی کۆیژە، چونکە جارێک لە جارەکان گوێبیستی ئەو گۆرانییە بوونە کە دەڵێت: " دەچمە سلێمانی گۆیژەم لێدیارە بە بەرزی گۆیژە غەم لە دڵم بارە"،  لە ڕابردوودا گۆیژە ئیلھامی شاعیران بووە، رەمزی جوانی شار بووە، جێ ژووانی عاشقان و سەیرانکەران بووە.

وەلێ، مخابن تاڵانی و داگیرکاری لە کوردستان ھەموو سنورێکی بەزاندووە، لە ھەرێمی کوردستان بە بیانووی پڕۆژە و خزمەتگوزاری ھەموو خەتە سوورەکان بەزێندراون، چیاکان وەک بەشێک لە موڵکی گشتی پڕکراون لە کافێ و ھۆتێلی گران بەھای خەڵکی دەستڕۆیشتوو، گردو تەپۆلکەی ناو شارەکان، شوێنە گەشتیارییەکان، وەک مۆلەکان دەبێت ھی کەسانێک بن کە لە کوردستان بە پەنجەی دەست ھەژماردەکرێن. خەڵکی دیکە دەبێت بە پارە سەردانیان بکات.

شایانی باسە، ساڵانێکی زۆرە لە ھەرێمی کوردستاندا، دوو حزبی دەسەڵات، بەرپراسانی دەستڕۆیشتوویان ڕکابەری یەکتر دەکەن لەوەی کێ زیاتر لەژێر قەلەمڕەوی خۆی موڵکی گشتی داگیر بکات، ئەوان بەوە تێریان نەخواردووە کە بیرە نەوت، بازاڕ، بازرگانی سنوورەکان داھاتەکەی بۆ ئەوان بێت، دەھێن دەست بۆ شاخ و ئاسمان دەبەن، لە ئاسمان کۆمپانیا خرابەکانی گوستنەوەی ھی ئەوانە، جا نۆرەی دگیرکردنی شاخەکانە. کاتێکیش ڕەخنەیان لێدەگیرێت بیانوویان ئەوەیە کە ئەوان ئەو موڵکانە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەکاردەھێنن.
ترسی خەڵکی لەوەدایە کە لە ھەرێمی کوردستان شوێنێک بۆ کەسانی ئاسایی نەمێنێت ژیانی تیا بکات، پڕۆژە گەورەکانی دەسەڵاتداران نەک بۆ خزمەتی خەڵکی ھەژار نییە، بگرە چینە ناوەڕاستەکەی کۆمەڵگاش خێری لێ نابینێت.

بۆیە ئەو ھەڵمەتەی دژ بە گۆڕینی سیمای سروشتی کێوی گۆیژە دەبێت پشتیوانی لێبکرێت، ئەگەرنا داگیرکارییەکان تەنیا لە گۆیژە ناوەستێت، بگرە لە نێو ھەموو پشتێنەیەکی سەوزایی شارەکان ئاپارتمانی چەند تەبەقەیی بەرزدەکرێتەوە،  ئەوسا دەبێت خەڵکی ھەژار دوور بەدوور وێنەی لەگەڵ بکێشێت، تەواوی شاخ و تەپۆلکەکان دەکرێنە موڵکی ئەوان و خەڵک بە پارەش بۆی نەبێت ڕووی تێبکات. وەک چۆن ئێستا بەشێک لەو شوێنانە ھی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانن.




31/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر