لە وان سەپاندنی یەکەم قەیوم شکستی خوارد

هیوا سه‌ید سه‌لیم
لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار کە بۆ شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامدرا، کاندیدی دەم (DEM) پارتی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانی وان توانی نزیکەی ٢٥٠ هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، واتە دەکاتە ٥٥.٥٪ دەنگەکان لەو شارە، لەو هەڵبژاردنە عەبدولڵا زێدان  بۆ سەرۆکی شارەوانی وان سەرکەوت، هاوکات، ئەمە یەکەمین جارە کە پارتێکی کوردی  سەرجەم شارەوانی قەزاکانی سەر بە پارێزگای وان ئەوانیش شارەوانیەکانی (ئێرچیش، چاتەک، ئەلجەواز، گێفاش)ن.

شاری وان لە نێو ئەو ٣٠ گەورە شارانەی تورکیایە کە شارەوانیەکەی وەک گەورە شارەوانی هەژمار کراوە. پێوەر بۆ گەورە شارەوانی ئەوەیە کە ژمارەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە بگاتە سەروو ٧٥٠ هەزار کەس، بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٠شاری وان ژمارەی دانیشتوانەکەی ملیۆنێک تێدەپەڕێت.

شاری وان بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی،  کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری ئابووری و گەشتیاری گرنگی خۆی هەیە، دەریاچەی وان بە گەورەترین دەریاچەی چوار پارچەی کوردستان دادەنرێت کە ساڵانە بەسەدان هەزار گەشتیار ڕووی تێدەکەن، لە وان کەنیسەکی کۆن  هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا. قەڵای بەناوبانگی وان شوێنێکی دیکەی مێژوویە لە شاری وان. ساڵانە لە شاری وان و چەندین ڤیستیڤاڵ ئەنجام دەدرێن. پشیلەی وان کە لەسەر ئاستی جیهان بەوە ناسراون هەر چاوێکیان لە ڕەنگێکە هانی میوانانی بیانی دەدەن بەشداری ڤیستیڤاڵەکانی وان بکەن.

سەرکەوتنی دەم پارتی لە شارەکانی باکوور، بە تایبەت لە  وان بۆ ئەکپەی ئەردۆگان زۆر قورس بوو، بۆیە دەسەڵات مەبەستی بوو  بە بڕیاری دادگا یەکەم قەیوم دوای هەڵبژاردنی ٣١ ئاداری ٢٠٢٤ تاقی بکاتەوە، ئەویش بە هەڵدانەوەی پەڕاوەکانی دادگا لە دژی عەبدولڵا زێدان وای بڵاوکردەوە کە بە پێی بڕیاری دادگا ئەو مافی خۆکاندیدکردنی نەبووە،  چونکە قەدەغەی سیاسی لەسەر مابوو،  بۆیە حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە کە کاندیدی ئەکەپە بۆ شارەوانی وان سەردکەوێت.

ئەو بڕیارەی حکومەتی تورکیا دژ بە عەبدولڵا زێدان لەسەر ئاستی شەقام کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە،  لایەنگرانی دەم پارتی بۆ خاونداریەتیکردن لە دەنگی دەنگدەرانیان ڕژانە سەرشەقام و بە درووشمی "ئیرادە ئیرادە" تونیان چۆک بە حکومەتی تورکیا دا بدەن و لە بڕیاری سەپاندنی قەیوم پاشەکشە بکات.

بەرخۆدانی ئەم جارەی شارەکەی فەقێی تەیران،  وان، لەگەڵ خەڵکە دڵسۆزو خۆڕاگرەکەی، هەروەها پشتیوانی شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان لێیان، توانیان شکست بە هەوڵی سەپاندنی یەکەم قەیووم بهێنن.


04/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر