پێشمەرگە؛ ئەو توێژەی ھەمیشە کراوەتە قوربانی

هیوا سه‌ید سه‌لیم
بۆ دوو مانگ دەچێت، مووچەی پێشمەرگە و ھێزەکانی ناوخۆ کراوەتە قوربانی ڕێکنەکەوتنی حکومەتی ھەرێم و بەغدا، ئەویش بەھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان ئامادەنیە زانیاری تەواو لەسەر پێشمەرگە و ئەو ھێزانە، ڕادەستی ناوەند بکات، بۆیە حکومەتی بەغدا مووجەکەیانی بارمتەگرتووە و ئامادەنیە وەک مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی  بۆ ھەرێم بینێرێت .

پێشمەرگە لەوەتەی ھەیە توێژێکی قوربانیدەر بووە، لەسەردەمی خەباتی شاخ و پێش ڕاپەڕین پێشمەرگە ناوێکی پیرۆز بوو، ھەموو کەسێک نەیدەتوانی بەو ئەرکە پیرۆزە ھەڵسێت. وەلی مخابن لە دوای ڕاپەرین ناوی پێشمەرگە پیرۆزی جارانی نەماوە.

لە دوای ڕاپەڕین، پێشمەرگەی ڕاستەقینە تێکەڵاوی پێشمەرگەی بندیوار کرا، بندیواری پێشمەرگە جیاوازە، ئەوان ئەو کەسە  نەبوون کە وەک فەرمانبەر ئەرکیان نەدەبینی سەرە مانگان مووچەی موفتیان وەردەگرت، بگرە پاسەوانی سەرۆک جاشەکانی جاران لە سەردەمی ئێستادا ئەرکی تازەیان پێسپێردرا و لە دیوەخانی پیاو ماقوڵانی حزب ناونووسکراون و ناویان لێنرا پێشمەرگە،  ئەوان کراونەتە بار بەسەر ئەو پێشمەرگانەی لە ئەرک دان و بە مووچەیەکی کەم شەڕی تیرۆرستانی داعشیان کرد و وەک ھێزی پارێزەری کوردستان بەردوام ئەرکی قورسیان بینیوە.

جگە لە تێکەلاوکردنی لیستی باش و جاش، بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان زۆر جار موزایەدە بە ناوی پێشمەرگەوە دەکەن، بە خەڵک دەفرۆشنەوە کە ئەوان پێشمەرگەی جاران و ھەمیشە غەمی پێشمەرگەیان لە کۆڵ خۆیان ناوە، بەڵام کەس بەوە دوعایەیان ناڵێت ئامین.
پێشمەرگایەتی جاران جیاوازی نەدەکرد لە نێوانی بەرپرس و پێشمەرگە، ئەوان وەک یەک دەژیان، زۆربەی بەرپرسی جاران جلو بەرگیان جلی پێشمەرگە بوو،  نانی بارەگایان دەخوارد، لەسەر سفرەی ماڵە دێھاتیەکان دەژیان، کەچی بەرپرسانی ئێستا کە گوناحە پێیان بڵێی پێشمەرگە، ئەوان  لە کۆشک و ڤێلاکان دەژین، سەیارەی گران بەھایان لە ژێرە، منداڵەکانیان لە زانکۆ گران بەھاکان دەخوێنن، خاوەنی ھەموو شتێکی ئەو ھەرێمەن،  بۆیە باکیان بە دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە نیە، ئەگەر باکیان ھەبووایە ئەوانیان نەدەکردە بارمتەی خرابەکاریەکانی خۆیان.

شەست رۆ‌ژ بۆ دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگەیەک کە مووچەکەی کەمترە لە ملیۆنێک دینار ماوەیەکی یەکجار زۆرە، بەتایبەت کە بەشێک لەو توێژە مەغدوورە کرێچین و داھاتی دیکەیان نیە.

بۆ ئەوەی لەوە زیاتر پێشمەرگە مووچەەیان نەکرێتە بارمتە، دەبێت پاکسازی لە لیستەکەیان بکرێت، باری قورسی ئەوانەی کە پێشمەرگە نین لەسەر ئەو لیستە نەھێلدرێت.

باس لە ھەبوونی پێشمەرگەی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکرێت،  لەنێو لیستی پێشمەرگە، ئەوەشیان غەدرێکی دیکەیە لە ناوی پێشمەرگەی ڕاستەقینە، چونکە دڵنیا بن پێشمەرگەی ڕاستەقینەی پارچەکان، لێرە دەستگیرۆیی ناکرێن، بۆیە لە پەنای ئەو کێشەیەی ھەیە، نابێت پەلاماری پێشمەرگەی ڕاستەقینەی پارچەکانی دیکە بدرێت.

دواجار دەڵێین، ئەگەر پێشمەرگەی جاران بە خوێن قوربانی دەدا و گیانی خۆی دەکردە قوربانی ئازادی خاک و نیشتمان، ئەوا ئێستا پێشمەرگەی مولتەزیم و پابەند بەئەرکەکەی خۆی،  قوتی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی کراوەتە نەبوونی شەفافیەت لە لیستی پێشمەرگەی ڕاستەقینە، بۆیە قوربانی ئەوان بەردەوامە، بەڵام بە جیاوازی قۆناغەکە.


06/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر