كاولستان

سەرتپ جەوهەر
ئەوانەی دەڵێن كوردستان ئارامە، خۆیان دەیان ئۆتۆمبێلیان بەدواوەیە

لەوڵاتی ئێمە پاسەوانیش پاسەوانیی هەیە

ئەوەی ئەو هەموو پاسەوانە ببینێت، تێدەگات سامانی وڵاتەكەی چۆن تەخشان و پەخشان دەكرێت

هەندێك لەوانەی ریزێك پاسەوانیان بەدواوەیە، ئیدیعای چاكسازیی دەكەن

خانمێك بۆ هاوڕێیەكم: " نیگەرانم لەم دۆخەدا دەتبینم، هیوادارم بەمزوانە ئازادیت بۆ بگەڕێتەوە" .

ماوەیەكە ئەكاونتێكی تیكتۆكم داناوە بۆ بڵاوكردنەوەی گرافیكی نوسینەكانم. شەوی رابردوو ماوەیەك تەماشای تیكتۆكم كرد. ئەوەی زۆر جێی سەرنج بوو، هەرچی بەرپرس و كوڕە بەرپرس و سەرۆك هۆزو كاربەدەست خەڵكی جیاواز بەخۆیان و سەدان پاسەوان و ئۆتۆمبێلی گرانبەها ڤیدیۆی خۆیان بڵاودەكەنەوە و خۆیان پێشانی خەڵك دەدەن وەك مۆدێلێكی نوێ‌ لە پێشاندانی خۆیان.

ئەوەی ئەم دیمەنانە ببینێت خێرا ئاشنا دەبێت تابلۆی واقعی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان، لەوە دەگات ئەو سەدان هەزار چەكدارەی هەرێم راستە وەهمییە یان راستیی؟! لەوەدەگات پارەو سامانی ئەم وڵاتە چی بەسەردێت و چۆن تەخشان و پەخشان دەكرێت! باش حاڵی دەبێت لەوەی كە خەڵكی ئەم وڵاتە بۆچی خێرو خۆشی لەسامان و داهاتی وڵاتی خۆیان نابینن و ئەوەندە رەجاربڕاو ماڵوێرانن! 

لەگەڵ چەند هاوڕێیەكم ئەم دیمەنانەم باسكرد. یەكێك لەهاوڕێكانم گوتی لەم وڵاتە پاسەوانیش پاسەوانیی هەیە! تێبینی ئەو هاوڕێیەم زۆر ورد بوو، چونكە هەر بەڕاستی پاسەوانیی گەورە بەرپرسانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەی خۆیان پاسەوانن، كەچی دەبینین ئەوانیش پاسەوانیان هەیە؟! هەر ئەم دیاردەی چەكداریەیە وایكردووە رۆژانە رووداوی كوشتن و تەقەكردن و تاوانی سەیر ببیستین.

لەدونیا كەسێك پاسەوانیی هەیە كە لەژیانی خۆی دڵنیا نەبێت و مەترسی لەسەر هەبێت، بەڵام لەوڵاتی ئێمە سەرباری ئەو هەموو دامودەزگا ئەمنی و موخابەراتییەی هەیە، كەچی رۆژانە كوشتن و بڕین هەیە. 

دەسەڵاتداران رازی نین ئەگەر بڵێین باری ئەمنی ئەم وڵاتە سەقامگیر نییە لەكاتێكدا خۆیان لەیەك دەرچوون یان بەسەركردنەوە جار هەیە 100 ئۆتۆمبێلی گرانبەهایان بەدواوەیە بەشێكیشیان گولە نەبڕن؟ هەندێجار بۆ دەوامكردن یان سەردانێكی ناوخۆ بەهەلیكۆپتەر و فرۆكە هاتووچۆ دەكەن. كۆشك و تەلارەكانیان بەسێ‌ دیوار دەور دراوەو جۆرەها تەكنەلۆژیایان بۆ پاراستنی خۆیان بەكارهێناوە. 

لەوڵاتی ئێمە وێنەی زیهنی سەركردایەتی حزب و بەرپرسی حكومەت گۆڕاوە بۆ سەیارەی بەرزو پاسەوانی زۆر! لەكاتێكدا نەك مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، بگرە هەندێكیان ریزێك حیمایەیان بەدواوەیە ئیدیعای چاكسازی دەكەن!

لەوڵاتان ئەوەی پاسەوانیی هەبێت بەچاوی بەزەییەوە تەماشا دەكرێت، چونكە پێیانوایە ئازادیی نییەو لەدۆخێكی نەخوازراودایە. بەرپرسانی هەرە باڵای وڵاتان بێ‌ پاسەوان یاخود یەك دوو پاسەوانیی مەدەنیان هەیە، چونكە لای ئەوان پاراستنی هاوڵاتیان و پیاوانی دەوڵەت ئەركی هێزە ئەمنیەكانە نەك گاڕانێك پاسەوان و ئۆتۆمبێلی جام نەبڕو جادەگرتن و بێزاركردنی خەڵك. 

هاوڕێیەكم لەئەوروپا گرفتی سیاسی هەبوو، دەوڵەت دوو پاسەوانیی مەدەنی (بەدیگارد)بۆ دانابوو. رۆژێك دەچێتە سۆپەرماركت خواردن بكڕێت، پاسەوانەكانی لەدوورەوە وەستابوون، ئەو خانمەی پارەوەردەگرێت (كاشێر) لەدۆخی ئەو هاوڕێیەم دەگات كە دووپاسەوانیی لەگەڵە. پێی دەڵێت "نیگەرانم لەم دۆخەدا دەتبینم، هیوادارم بەمزوانە ئازادیت بۆ بگەڕێتەوە" .

قسەی ئەم خانمە تێگەیشتنێكی زۆر باڵایە بۆ ژیان، چونكە بەڕاستیی ئەوەی پاسەوانیی هیچ ئازادییەكی نییەو لەدۆخێكی كۆمەڵایەتیی خراپدایە، بەڵام لەوڵاتی زۆربەی ئەوانەی پاسەوانیان هەیە، شتێكیان نییە پێشكەشی كۆمەڵگای بكەن، هیچ جیاوازییەكیان نییە بیخەنەڕوو، بۆیە دەیانەوێ‌ لەڕێگەی پێشاندانی هێزەوە كەموكوڕیی و هەژاریی خۆیان لەفەرهەنگ و رۆشنبیریی بشارنەوە.

19/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر