« کە دڵ پیر بوو تەمەن گەورە دەبێت »

محەمەد خۆشناو
 ئەنکیدۆ ، هۆ ئەنکیدۆ…مردن تاکە دڕندەی 
 تۆقێنەرە کە بەسەرماندا زاڵ بوو و تۆی لەمن
 و لە لەژیاندا سەندەوە و ، بەتەنیا جێتهێشتم
 بوومە بەندی خەمەکانم .
 گەلگامێش

(ئێمە تەمەنمان گەورە نابێت کاتێ مێژوو بە پەنجەی خۆی ئاماژە بۆ ڕۆژە دوورەکەی لەدایکبوونمان بکات ، ئێمە گەورە نابین کاتێ پیری پێستەی سەرمان دابخورێنێ ، ئێمە گەورە نابین کە ددانەکانمان بێ پرسی ئێمە کۆج دەکەن پاش چەندین دە ساڵەی کاری ماندوکەرەوە ، گەورە نابین کە لە ژیاندا پەککەوتەدەبین بێ چاویلکەی نووساو بە چاومانەوە ، تەمەن گەورە دەبێت کاتێ ئازیزێکی ئێمە لە ژیان ون دەبێ و دواتریش مەرگ لێمان دەیدزێ ، تەمەنمان گەورە دەبێ کاتێ گوێمان داخوازی وشەیەکی ڕاکردوو خۆشەویستی دەکات تەنانەت گەر بەڕێکەوتیش بێ ، گەورە دەبین کاتێ ڕەشەبای وەرزی پایز بەسەر پەیوەندیەکانمان  توند هەڵبکات و لەدەوروبەرمان لەپڕ مەرگ بیانخاتە خوارەوە ، گەورەدەبین کاتێ دەستدەگرین بە کلکی پێکەنینێکی ساختە لەگەڵ کەسێکی فەوتاودا ، گەورە دەبین کاتێ ڕۆژ هەڵدێ و ئاوا دەبێ بێ ئەوەی کەسێک بدۆزیتەوە بەشداری بکات لە وردودرشتی ساکاریەکانمان ، گەورە دەبین کاتێ دڵمان پیر دەبێت )

ئەمە قسەی خانمە نوسەری تورک « ئەلیف شەفەق » خاوەنی ڕۆمانی « چل ڕێساکەی عیشق »ە کە بەگوزارشتێکی جوان مانای پێگەیشتویی و پیریی دەخاتەڕوو ، ئەمە پێمان دەڵێت کە پێشکەوتنی مرۆڤ تەنها لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن نایەتەوە ، بەڵکو لەگەڵ ئەزموونی سۆزداری و روحیی کە پێیدا تێپەڕ دەبێت ، لەوانە لەدەستدانی ئازیز و تێکچوون و پشێوی پەیوەندیەکان و هەستکردن بە تەنیایی ، هەموو ئەمانە بەشدارن لە گەشەی ناوەوەی مرۆڤ و پێکهێنانی کەسایەتیمان ، مردن لەمیانی جۆراوجۆردا بەدوامانەوەیە ، کاتێک خۆشەویستێکت یان هاوڕێیەکی دەمرێت ئازار دەمانچەمێنێتەوە و خەم داماندەگرێت ، چونکە کۆچکردوو بەشێک بووە لە ژیانمان بە ڕۆیشتنی ئەو بەشە لە ژیانمان دەمرێت ، بەڵام هەر ئەمە دڵ پیر ناکات ، بەڵکو خۆ دوورگرتن لە ژیان و پەیوەندیان و گفتوگۆنەکردن لەسەر سیاسەت و هونەر و سینما و هونەری شێوەکاری  و شایی و سەما… تاد دڵ پیر دەکات ، بۆئەوەی بەڕاستی هەست بەژیان بکەیت دەبێت «ئەوەی تر» بدۆزیتەوە لێت بپرسێت و لێی بپرسی و لەگەلیدا بژیت هەتا ئەگەر لێشت دوور بێت ، « من قبوڵت دەکەم ڕێزت دەگرم هەتا ئەگەر مانگا بپەرستی » سحری بوونی ئەوەی تر لە ژیانتدا بە ڕەنگاوڕەنگەوە گەشە دەکات ،

ئەگەر تۆ تەمەنت 25 ساڵ بێت و خۆت گۆشەگیر کرد و وا هەستبکەیت کە دەرکراوی لە بەهەشتی مرۆڤایەتی و دوور بیت لە خۆشەویستی و بەشداریکردن لە ڕاگۆڕینەوە لەسەر کایەکانی ژیان ، ئەوە تۆ پیری ، پێچەونەش ئەگەر تەمەنت 80 ساڵ بێت ئەو بەشداریانەت هەبێت تۆ دڵێکی گەنجت هەیە ، ئێمە چۆن بتوانین خۆمان لەگەڵ ئەو هەموو هاودژیەی کە دەورەی داوین بگونجێنین ، ئەمە بە خۆشەویستی و هاوڕێتی و پەیوەندیەوە دەبێت ، ئەمە دڵ پیر ناکات ، بێ خۆشەویستی دەسەڵات ناتوانێت لەگەل گەلەکەی سەربکەوێت بەهەمان شێوە باوکیش لەگەڵ منداڵەکانی و مێردیش لەگەڵ ژنەکەی و هاوڕێش لەگەڵ هاوڕێکەی ، ناخۆشیەکانی جیهان هۆکارەکەی غیابی خۆشەویستیە ، خۆشەویستی دەیان وێنەی جۆراوجۆری هەیە لە ژیانماندا وەک : بەخشش ، لێبووردەیی ( تۆ هەڵەت کرد و من تەنازولم کرد ) ،

ئەمە دڵی لاوی کەسێکە با لە تەمەنی هەشتا ساڵیش دابیت کە بتوانیت خزمەتێک یان بەرژەوەندیەک پێشکەش کەسانی تر بکەیت ، گوزارشتێک هەیە کە دەڵێت  مرۆڤ بەختەوەری لە خۆشەویستی ئەوانی تردا دەبینێتەوە بێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندیەکی لەو خۆشەویستیەدا هەبێت و بێ چاوەڕوانی یان وەرگرتنی بەرانبەرێک لێی ) ، کاتی خۆی سەقامگیری لە ماڵدا بە پانکەیەک و سەلاجەیەک و تەلەفزیۆنێک بوو ڕۆژنامەیەکیش دەکڕی بۆ خوێندنەوە و لەسەر سەری خۆت داتدەنا لەترسی گەرما ، ئەوکات پەیوەندیەکان لەوپەڕی گەرموگوڕیدا بوو ، ئێستا  ئۆتۆمبێلت هەیە ، خانووت هەیە و ژنت هێناوە و منداڵت هەیە و دەچیە سەفەر ، چیترت دەوێت ؟ پارەی زیاتر و پارەی زیاتر ؟ بەوە ناوەستی دەست دەخیتە گیرفانی کەسانی تر ، دەست دەخریتە دڵیان و روحیان ، بەڵام دواجار روحت ژەنگ هەڵدێنێت و خودی خۆت دەئاوسێت و بەسەرگردانی لە بیاباندا دەبیت و  وەک زیندوێکی مردوو دەمینێیتەوە .

29/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر