سەڕەڕای ترسناکی و ئابڕوچوونەکانی ئەم سەردەمە…لە دەوروبەری خۆم لەبێدەنگی و چرپە هیچی تر نابینم .
ئەندرێ بریتۆن
ڕابەری سوریالیزم
ئەگەر بەشێوەیەکی پانوڕامی سەیری دۆخی هەرێمی کوردستان بکەین لەڕووی سیاسی و ئابووری و کلتووری و ئیداری و کۆمەڵایەتی و تەعلیمی و پەروەرەیی ، ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خەراپی و خراپتر دەچێت ، ئەوە چەندین دەیەشە سەدان ووتار لە لایەن ڕۆشنبیر و ئەدیب و ڕاگەیەنکارانەوە لەسەر ئەو دۆخە خەراپە و لاوازی ئەدای نوخبەی سیاسی و چاککردنی دەنوسرێت ، کەچی چرپەیەکی کرداری لەدەم زۆربەی کاربەدەستانی ئەم هەرێمە نایەت !!
بڕوام پێبکەن هەموو ئەو وڵاتانەی کە پێشکەوتن و توانیان بەسەر گەندەڵی و پەککەوتەیی دامەزراوە سیاسیەکان و کۆنتڕۆلکردنی گڕوپێکی بچووک لە دەستبژێری پارە بەسەر سیاسەتدا و ، بەرفراوانی نایەکسانی ئابووری زاڵ بن و وڵاتەکەیان لە خەوی غەفڵەت هەڵساندەوە بەهۆی ئەوەوە بوو کە کۆمەڵگاکانیان پەنایان بۆ هزرمەند و ئەدیبەکان برد بۆ دەربازکردنی وڵاتەکەیان ، ئەوەی کە بەڕیتانیای کێشوەرە پیرەکەی لە لاوازی ڕزگارکرد « تشالز دیکنز»ی خاوەن «چیرۆکی هەردوو شارەکە » و «دیکارت»ی هزرمەندی خاوەن گوزارشە بەناوبانگەکەی (من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم) بوون ، ئێستا وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا هانای بۆ دامەزراوەی « ڕاند » بردووە بۆ ئەوەی ئامۆژگاری بکات بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کيبڕکێی لەگەڵ چین - دا ، ئێمە خۆمان بەراورد ناکەین لەگەڵ ئەدیب و هزرمەندانی وڵاتان ، بەڵام داخەکە لەوەدایە کە زۆربەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نرخی فێربوون و ڕۆشنبیری نازانن و حسابیشی بۆ ناکەن و هەیانە کتێبێکیشی نەخوێندۆتەوە ، زۆربەشیان ؛ دەڵێن ئەو چەند سەت کەسە ڕۆشنبیرە هەبن یان نەبن چیە سەرۆک هۆزێک بۆ ئێمە باشترە لەوانە !!
ئەوەنازانن کە ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە ئەستوندە بنچینەیەکانی هەر وڵاتێکن بۆ هێنانەدی بووژانەوەی سەرتاپاگیر و بەرزکردنەوەی ئاڵای نیشتیمان و شکۆی گەل بەبەرزی لە جیهاندا و ڕۆشنبیران دەسەڵاتن ، لەو کوردستانە لەبەر هانانەهێنان بۆ کەسانی پسپۆر و شارەزا زۆربەی شتەکان تووشی چەقبەستویی بووە هەتا زمانیش ، هیچ شتێک هەندەی زمان کە بەشيکە لە ڕۆشنبیری ستەمی لێنەکراوە چونکە دووبارە و دووبارەیە و کردار تێیدا غائیبە ، وەرە سەیری ئەو هاودژیەی کە لە هەڵوێستی حزبەکان هەیە بکە ، هەموویان بە زمان داوای یەکڕیزی دەکەن کەچی ئەگەر بۆیان بلوێت یەکتری دەسڕنەوە ، هەمووی بەقسە و نووسراو بانگەشەی بەرنامەیەکی نیشتیمانیی تێکۆشان دەکەن ، کەچی هەرلایەک لایەکەی تر بەگەورەترین تاوانی خیانەت و ئەوجۆرە شتانە تاوانبار دەکات و ،
هەریەکەشیان مەخزونێکی گەورەی لە تاوانباریکردنی یەکتری ئەنبار کردووە و ئەو ئەوەی تر بە پاشکۆی ئەو وڵات و ئەو وڵات تاوانبار دەکات ، پرس و ڕاوێژکردن بە کەسانی ڕۆشنبیری ڕاستەقینە لەکن زۆربەیان بوونی نیە ، مێژووی کرداری کورد هەمیشە ئەو وڵامەمان دەداتێ کە کورد پێکەوە سواری کەشتی نوح نەبوون ، بەڵکو هەندێکیان کوڕە هەڵاتووەکەی بڕیاریداوە بەتەنیا زۆرانبازی لەگەڵ شەپۆڵ بکات ، چونکە بڕوای بە ڕزگاربوون نیە تەنها ئەگەر کەشتیەکە لەنگەر بگرێت….خەڵک بێزابووە لە زمان و گووتاری سواوی یەکڕیزی و چاکسازی و ئەو شتانە ، چۆن ژیان لەو ووشانەدا زیندوو دەبێتەوە کە ماناکەی ونکردووە و گوزارشتەکان لەباربراون یان لەکۆعەقلی کورد کەوێنراوە ، چونکە وشەکان واقیعی نین و گێڕانەوەی خەیالین ، وەک ئەوەی شەڕ لەگەڵ وەهمەکان بکەین و نەگەینە هیچ شتێک !! هەموو ئەمانە دەگەڕیتەوە بۆ ڕووخانی پردی پەیوەندی نێوان نیشتیمان و کۆمەڵگا کە نوسەر و ئەدیب و هونەرمەند و شارەزا و پسپۆران دەیبەستنەوە بە یەکتری ، بەزمانێک قسە دەکەین کە دوورە لە هەموو بەها ڕۆشنبیریەکان ، زمان ئامرازێکی کۆمەڵایەتیە بۆ گۆڕان ، کاتێک زمان پرس نەکات و ڕاوێژ نەکات و رەخنە نەگرێت و خۆینوێنەکاتەوە ئامانج و مانا و بەهاکەی لەدەستدەدات ، ئەمەش مانای ئەوەیە گۆڕان پەکی دەکەوێت ، زمان بێهانابردن بۆ کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر پەکی کاری هاوبەش دەکات ،
دەبێت دان بەو ڕاستیەی بنێین و بەرپرسان ئەوە بزانن کە پێشەنگی بزاڤی چاکسازی لە وڵاتان سەرکردە هزرمەند و ئەدیبەکان بوونە ، ئەوانەن کە هەست بە ئازارەکانی خەڵک و پێویستیەکانی گەل دەکەن ، ئەوانەن کە ئینحیاز بۆ کۆمەڵگە دەکەن و وایلێدەکات کاریگەر بێت بۆ بونیاتنانی نیشتیمان و پاراستنی بەرژەوەندیەکان لە ئيستا و ئایندە ، ئەوانەن کە بەقوولی رەخنە دەگرن و شرڤە دەکەن و بەوپەڕی بوێری ڕاستیەکان دەخەنەڕوو ، هانا بردن بۆ ئەوانە دامەزراندن و دەستەبەرکردنی نیشتیمانێکی بەهێزی ئابووری و گەلێکی ئازادە !