لەم هەموو کوشتنە دەترسم

لەتیف فاتیح

ئێوە هەر نەهامەتی و بێ کارەبایی و بێ ئاویی و تێکدانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی وهەڵوەشانەوەی هۆزو هەلا هەلا کردنیان بۆ بەرژەوەندی خۆتان و بەدبەختی و نادادیتان نەهێناوە، ئێوە براکوژی و مناڵکوژی وژنکوژی و جوانی کوژی و بزە کوژی و ژیانکوژیتان هێناوە، هەموو ڕۆژێ کوشتن، هەموو ڕۆژێ سوتانی جەرگ وهەناوی دایبابێ.

لەبری وڵات بکەنە باخچەو سەیرانگەو ژیاندۆستی کردوتانە بە سەربازگەو جبەخانەی چەک هەزار جۆر هێزتان بەناوی جیاجیاوە دروست کردوە کەخۆیان بەسەرو یاساو بەسەرو مرۆڤ و بەسەرو بوونی ئەوانی تر دەزانن، لێتان دەترسین، ترس دەبەخشنەوە، لەسەر وشە مناڵی خۆتان دەگرن، لێ سوپای نەیار بەتێڵاوە بێتە تەوقی سەرتان بۆی دەخەننەوە چیتان لێمان دەوێ ئەمە ئازادیەکەتان بوو، بێزەحمەت لەنەوەدو یەکەوە لەزاخۆوە تاکفری چەندتان بەناهەق لێکوستوین، هەر بەڕاست ئەو هەمووە شایانی کوشتنن، یان خۆتان چاکبکەن یان لەکۆڵمان بنەوە،.

لەسەر دەنگدان خەڵک دەکوژن، بەسەرخۆشی خەڵک دەکوژن، لەسەر کۆمێنت خەڵک دەکوژن، لەسەر فوللایت، لەسەر هۆڕن، لەسەر گۆرانی، لەسەر شیعر، لەسەر خەون، پێمان بڵێن چی تر ماوە لەسەری بکوژرێین، کورد بوون چ نەگبەتیەکی گەورەیە.

یان وڵات بەدەرمانکەن یان خۆتان چاکبکەن، هیچ شتێکتان لەجێی خۆی نەهێشتوە، نەڕێز ماوە نەشکۆ نەجوانی نەپەروەردە، سەیری دنیای جاران و دنیای ئێستا ، سەیری مەلای جاران و بانگخوازو مەلای ئێستا، پەیوەندی کۆمەڵایەتی جاران و هی ئێستا، حزبی جاران و حزبی ئێستا، پێشمەرگەی جاران و هی ئێستا، سەرکردەی جاران و هی ئێستا، سەرخۆشی جاران و هی ئێستا، هەموو شتێک هەلا هەلا بووە، کەس کەس ناخوێنێتەوە، کەس دادی کەس وەرناگرێ، تفەنگ، چاوسورکردنەوە، هەڕەشە، ڕاونان حوکمدەکات، ئاوەز لەشوێنێکی ترە.

16/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر