یەکەم:
جۆرج فلۆید پیاوێکی تەمەن ٤٦ ساڵی ڕەشپێستی ئەمەریکی بوو، لە ٢٠٢٠/٥/٢٥ لەلایەن پۆلیسێکەوە دوای ئەوەی، بۆماوەیەک ئەژنۆی لەسەر ملی دانا، گیانی لەدەستدا. هەمومان ئێستا ئەم چیرۆکەمان دێتەوەیاد.
دوای ئەو ڕۆژەو لە ٥/٢٦ بەگشتی لە هەمو ویلایەتەکانی ئەمەریکا و چەند شوێنێکی دیکەی جیهان خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵک دەستیپێکرد، هەتا پۆلیسەکە سزای یاسایی خۆی وەرگرت.
ئەمە بەڵگەی زیندویی خەڵک و بەرزی گیانی بەرپرسیارێتییە، پێچەوانەی لای خۆمان، کە زۆری قسە و کەمپینی سۆشیال میدیا و کەمی کردار تائاستی نەبون، سیمایەکی دیاری ئێستامانە.
تازەترین چیرۆکی لای خۆشمان کوشتنی بەناحەقی ئاری چایچییە، لەلایەن چەکداری کۆماندۆوە، کە ڕاستەوخۆ سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکات و زۆرجار پۆشاکی ئەوان دەپۆشێ و سەردانیان دەکات و دەستخۆشییان لێدەکات.
دیارە ئەمە یەکەم چیرۆک و دوا چیرۆکیش نابێت، پێشتر لەهەولێر لەسەرلایتی ئۆتۆمبیل بارزان کوژرا و نمونەی تریش، کە بەپێی ئامارەکان لە دەڕۆژی ڕابوردوودا ئەمە دووەم حاڵەتی کوشتنە لە گەڕەکی ڕاپەڕین لەلایەن هەمان هێزەوە، بەڵام بەداخەوە، وەک هەر ڕوداوێکی تر چەند ڕۆژێک سۆشیال میدیا پڕدەکات و دواتر کەفوکوڵەکە دەنیشێتەوە و سەرۆکیش پەیامێک دەدات و دەڵێت، خۆم پارێزەری کوژراوەکەم،یان لەپشتەوەبەفشاروسوڵحی عەشایری کۆتایی بە چیرۆکەکەدێت.
جا ئێستا خۆتان لەنێوان خۆمان و ئەمەریکادا داوەری بکەن و بزانن ئەوان لەکوێن و ئێمە لەکوێین؟!
دووەم:
نمونەیەکی تر، هەفتەی ڕابووردوو٧/٢٢ بڕیاربوو، لەدژی داگیرکاری تورکیا لەبەردەم باخی گشتی گردبوونەوەیەک ئەنجامبدرێت، ئاسایش بەهێزێکی زۆرەوە پێش وەختە شوێنەکەیان تەنی و ڕێگەی چالاکییەکەیان نەدا، دواتر ژمارەیەک لەو چالاکوانانە چوونە سەراو بەندەش گەشتمەلایان، لەگەڵ دەسپێکی خوێندنەوەی بەیانەکە، کەچەن کەسێک بووین، هێزەکانی ئاسایش بەجلی ڕەشەوە گەشتنە شوێنەکە و بووە ڕاکێشان و پیاکێشان و هاوڕێیەک برینداربوو، ڕێک لەسەعات ٦:٣٠ ئێوارەی سەرادا، کە جمەی دەهات و بەشی زۆر خەڵکی ناڕازی و تێکۆشەری دێرینن، بەڵام نەکەس تێکەڵ بوو، نەبوونەبەشێک لەچالاکییەکە .
ئێتر ئەمە دەیسەلمێنێت، کۆمەڵگا لەچ دۆخێکدایەو دەسەڵاتی بنەماڵەیی و دەستبارەکانیان ئیستیعمارئاساچییان بەم کۆمەڵگایەکردووە؟ وەک خۆیان دەڵێن، "ئەوەی بەعس بەم کۆمەڵگایەی نەکرد ئێمەکردمان.”
ئایاهەرئەمەهۆکاری بێدەنگییەکەیە یان خوێندنەوەی تر، بودۆخەکە پێویستە؟
بۆیە من لای خۆمەوە داوای لێبوردن لەڕۆحی ئاری چایچی و قوربانییەکانی ترو کەسوکاریان دەکەم و ڕۆحیان شادبێت.
ماوەتەوە بڵێیین،وابڕوات وەک سەردەمی هیتلەر لەسایەی بێدەنگیدا نۆرەی هەموومان دێت، ئەوسا کەس نەماوە بەرگریمان لێبکات.
د.شێرکۆ حەمەئەمین