‎شکست هەتیوە و سەرکەوتنیش هەزار باوکی هەیە

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
ئێستا کە ئابوری سەربەخۆ و بادانی سوکانی بۆرییەکە، لەلایەن بارزانی و تاڵەبانییەوە شکستیهێنا و نەوت لەبری ڕەحمەت لەعنەتی بۆ هەرێم هێنا، پاڵەوانەکانی ئابوری سەربەخۆ گەرەکیانە هێلکەکە لە سەری (ئاشتی هەورامی)دا بشکێنن و بیکەنە هۆکاری شکست و شانی خۆیانی لێخاڵیبکەنەوەهەرخۆی کلتوری بەکەسیکردنی کێشەکان لەهەرێم کلتورێکی زاڵە،وەک ئەوەی لەگەڵ برێت مەکگۆرگ و قونسوڵی ئەمەریکاش کردیان.

‎ڕاستەپارتی و ناوبراو کارەکتەری سەرەکی هەڕاجکردنی نەوت و سامانی ژێر زەوی کوردستانن، بەڵام ئەوەی بڕیاری داوە ماڵباتی بارزانی و تاڵەبانی و خودی مەسعود بارزانی و کۆچکردو جەلال تاڵەبانی بون و خۆشیان سوکانی بۆرییەکەیان بادا. هەر ئامادەبوونی تاڵەبانی ئەو کات وەک سەرۆک کۆماری عێراق و وتەکانی، کە دەستوریبونی پرۆسەی نەوتی هەرێمی پاڵپشت بە مادەی ۱۱۲ی دەستوری عێراقی ڕاگەیاند، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەوەی کە سەرەتا و کۆتایی خۆیان بون و ئاشتی هەورامیش وەک توانایەکی بواری نەوت زۆر بەخراپی بەکارهێنرا و لە بری کەڵکی بۆ کوردستان و پێگەی هەرێم خرایە خزمەتی سیستمێکی چەتەیی بنەماڵەیی و هەوڵی بنیادنانی مەشێخەیەکی نەوتی هاوشێوەی شێخەکانی کەنداو، کە نەوت و میدیا و وەرزشیان وەک سیمای حوکمڕانییان خستۆتە خزمەتی دەسەڵاتەکەیان و ماکیاژکردنییەوە.

‎بەمجۆرە پرۆسەی نەوت و گرێبەستی پەنجاساڵەش یەکێتی نیشتمانی تێدایە و تەنانەت ئەوکات قوبادتاڵەبانی پۆستی (فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون)ی لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا هەبو، کە بڕی یەک ملێۆن دۆلار لە پارەی شیرینی گرێبەستەکان بۆ ڕاوێژکارەکانی ئەو فەرمانگەیە سەرفکراوە.

وتەی ئەوکاتی ۲٠۱۲ی(عیماد ئەحمەد) جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کابینەی حەوتەم لە کوردستانی نوێ هەیە، کە دەڵێت یەکێتی ئاگای لەمەلەفی نەوتە، ئەمەش دوای ئەوەهات پەرلەمانتاری خولی سێیەمی فراکسیۆنی کوردستانی/یەکێتی لە میدیاوە پارتییان بەبەرپرسی مەلەفی نەوت دادەنا و ڕەخنەیان لەپرۆسەس نەوت و ناشەفافی دەگرت، ئەو کات سەرۆکی حکومەت (نێچیرڤان بارزانی) ناڕەزایی پارتی بە (عیمادئەحمەد) دەڵێت، ئەویش لە کوردستانی نوێ میدیای فەرمی یەکێتی بە ئاگایی یەکێتی جەختکردەوە.

‎جگە لەمانەش (ئەنجومەنی هەرێمی کاروباری نەوت و گاز)، کە بەپێی یاسای ژمارە ۲۲ ساڵی ۲٠٠۷ بەرپرسی مەلەفی نەوتن، یەکێتی دو ئەندامی هەبوە، جگە لە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران کە ئامادەی کۆبونەوەکان بوە.

‎بەرلەوەش ساڵی ۲٠٠۷ لە خولی دوەمی پەرلەماندا، کاتێک یاسای نەوت و گاز دەردەچوو، سەرۆکی ئەوکاتی فراکسێۆنی یەکێتی و چەند ئەندامێک ڕەخنە و سەرنجیان هەبوو ، ئەوەبو بە فەرمانی سکرتێری یەکێتی ئەوکات سەرۆکی فراکسێۆنەکە، کە ئەندامی سەرکردایەتی بو لادرا.

‎ساڵی ۲٠۱٥ کە ئەنجومەنی هەرێمی کاروباری نەوت و گاز هاتنە پەرلەمان و ئاشتی هەورامی ئەوکات وتی: (بەرەو یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ساڵێکدا). نێچیرڤان بارزانیش وتی: (ئێمە جارێکی تر کلیلی نەوتی کوردستان تەسلیمی بەغدا ناکەینەوە). قوباد تاڵەبانی هیچی نەوت، تەنانەت حوزەیرانی ۲٠۱٥ ڕۆڵی سەرەکی لە دەرچواندنی یاسای قەرزدا بینی.

‎ئێمە ئەوکات دژی بوین و تەنانەت من خۆم پرساندنی وەزیری سامانە سروشتییەکان (ئاشتی هەورامی)م دایە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵام نە ئەوەی من و نە ئەوانی تریش بەرهەمیان نەبو، چونکە حکومەتی بنکەفراوانی ئەوکات لەسەر حسابی ڕۆڵی چاودێری پەرلەمان بوو.

‎ئێستا ئیتر دوای شکستی ئابوری سەربەخۆ، کە نەتوانرا نەوت بخرێتە خزمەتی دیموکراسی و پێگەی هەرێم و ژێرخانی ئابوری هەرێم و هەلی کار بۆ گەنجان، حەقە پارتی و یەکێتی و هەردو ماڵباتی بارزانی و تاڵەبانی و ئەوانەشی پشتگیریانکردوە، ئازایانە بێنە بەردەم خەڵک و شکستی خۆیان ڕابگەیەنن و ئەوەی پێویستە بیکەن، نەک کار بەو پەندە بکەن (شکست هەتیوە و سەرکەوتنیش هەزار باوکی هەیە)، چونکە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیمای بەرپرسی بەشکۆیە پێچەوانەکەشی ڕاستە.

03/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر