نیشتمانیبون .... چی دەگوزەرێت ؟

چیا عەباس
مەخابن پاش دەیان ساڵ لە تێکۆشان و قوربانی بێئەندازەی کورد لە باشور لە سایەی حوکمرانی خۆماڵیدا بە رۆژێک گەیشتوین هاوڵاتی ناتوانێت لە سێبەریشیدا بحەوێتەوە و چاوەروانەکانیشی بۆ ئایندە بۆ خوا و قەدەر جێهێشتوە.

بێگومان کەسانێک هەن ئەم هەڵسەنگاندنەم بێ وێژدان و توند دەزانن، بۆ من و هاوبیرەکانم ئەوان سەرپشکن چون بیر دەکەنەوە. بەڵام سەرپشک نین رێگری لە ئازادی رادەربرین بکەن و کۆسپ و ئەستەم بن لەبەردەم بەرقەرارکردنی خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و ئایندەیەکی گەش بۆ هاوڵاتیان.

خەبات و قوربانی و رابوردو و مۆری حزبی بەتەنها پێناسەی نیشتمانیبون دانارێژن، ئەم هزرە پرۆسەیەکی دینامیک و زیندوە، دەبێت پێکهاتەکانی بەردەوام بزوێنەر و تەواوکەری یەکتریش بن. دەبینین بەشێک لەوانەی زۆریان بۆ نیشتمان کردوە لە سات و ئانێکدا بونەتە خۆفرۆش و خائین و بارێکی قورس بەسەر میللەتەوە. کەمیش نین ئەوانەی خائین و خۆفرۆش و کوردکوژ بون بە سورەتی فاتحەی حزب و سەرکردە شەهادەی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزیان پێ بەخشراوە. دۆخێک بەرپابوە پێگەی نیشتمان فرۆش و نیشتمانپەروەر بۆ کاڵفام و کۆیلە جیاوازیان نیە. مەبەستم نیە بڵێم هێزە سیاسیەکان ئاوریان لە تیكۆشەر و خانەوادەی شەهیدان نەداوەتەوە، بەڵکو ئێستا هاوسەنگی نیشتمانیبون لەم پرسەدا زۆر لاسەنگە. ئەم مەهزەلەیە لەم پارچە بچوکەی کوردستان دەمێکە بەکارە، یەکریزی نیشتمانی بە کۆکردنەوەی خائین و نیشتمانپەروەر لە یەک گۆشەدا نایەتەدی و هەڵەیەکی کوشندەشە، زو یاخود درەنگ هەر دەتەقێتەوە.

چەند نوسەر و بەناو پسپۆر و کەسایەتی گرێدراوی دەسەڵات  بە لێکۆڵینەوە و بۆچون و نوسینەکانیان گەلێک هەوڵی نەزۆک دەدەن کە گوایە ئەم دەسەڵات و دۆخە بە پێرەوکردنی هەولە ئارایشتەکراوەکانیان بە نەکهەیەکی مۆدێرنی کۆپیکراو  دەبنە شامی شەریف. دەرک ناکەن بەوەی ئەم قورە ئەو تۆزە بەرهەم دەهێنێت. 

لەچەند مانگی رابوردو گەلێک چالاکی وەرزشی گەورە لە ئەوروپا بەرێوەچون: جامی فوتبۆڵی ئەوروپا لە ئەڵمانیا، پێشبركێی پایسکلی ساڵانە و ئۆلۆمپیاد لە فەرەنسا. ویمبڵدن لە بەریتانیا. بینیمان چۆن چەندین ملیۆنی هاوڵاتیانی وڵاتە جیاکان لە گیرفانی خۆیان بۆ پشتگیری و هاندانی تیم و وەرزشەوانەکانی وڵاتەکانیان بۆ چەند هەفتەیەک لە وڵاتانی میواندار ماونەتەوە، ئەمە نمونەیەکی خۆبەخشانە و ئارەزومەندانەی نیشتمانبونە. دەیان ملیۆن کەس لەم روداوانەدا تەنها و تەنها ئاڵای وڵاتەکانیان گەشاندۆتەوە. 

لای خۆمان چەمکی حزبایەتی بەبەری نیشتمانیبوندا کراوە، تەنانەت لە مامەڵەکردنیش لەگەڵ رکابەر و ناحەزە غەیرە کوردەکان تەنها حزب و سەرکردەکان خۆیان وەک سیمبۆڵی نیشتمانیبون نمایش دەکەن.

هێزەکانی دەسەڵاتدار، کۆیلەکانی بەناو ئۆپزسیۆن و سواڵکەرە سیاسیەکانی نێوان ئەم دو تەرەفە کێشەکانی نەوت و بودجە و موچە و دەرماڵە و پرۆژە و رەحمەت و شەفاعەتی عامری و خەزعەلی و ..... و چرینەوەی پوچەڵی هزری چاکسازی و دیموکراسیان ..تاد کردۆتە کلیلێکی وەهمی جادوگەری بۆ سەلماندنی نیشتمانبونیان. 

ئەوەی شایستەی ئاماژە پێکردنە بەشێکی بەناو میدیای سەربەخۆ، کە بەمەزەندەی خۆم لە پاشکۆی دەسەڵات زیاتر نین، بێشەرمانە هەلهەلە بۆ ئەم دۆخە دەچرن و بازاری کاسبیان گەرمتر دەکەن، پرسی نیشتمانی بونیان لە چەند کێشە و پرسی موزمنی هاوڵاتیاندا چرکردوە و بە هەواڵی هەزاران جار دوبارەکراوە تروسکاییەک لە ئومێدێکی پلاسیبۆ بە گوێاندا دەخوێنن. بۆ خۆم بە لایەنێکی چەواشەکار و ئاژاوەچی دەیان بینم.

هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لە ئێستادا ئەهوەنترن، هەرچەندە یەک خوا و یەک قورئانیان هەیە، بەڵام ئەمانیش پرسی نیشتمانیبونیان لە دیدگای دەسەڵات و جەمسەرگەری ئیسلامی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا چرکردوە. ئەم هێزانە لە کوردستان تا ئەم چرکەیەش دەسەڵاتدار نەبون، چەند نمونەیەک لێیان کە لە  هەندێ وڵاتی ناوچەکە و شوێنی کوردستان دەسەڵاتدار بون قەتل و عامی هەرەمەکیان بەرپاکردوە و فەتوای حەڵاڵکردنی خوێنی کوردیان دەرکردوە. ئەمانە ئاماژەی مەترسیداران بۆ ئەگەری دەسەڵاتداریان لە ئایندەدا. بۆیە نیشتمانیبون لایان دروشمێکە بۆ ئیستهلاکی ناوخۆیی بەکاری دەهێنن. 

هەر هێز و سەرکردە و کەسایەتیەکی کورد پرسی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی کوردستان بەهەر پاساوێک بکاتە کاڵا لە بازاری سیاسی عەکازی عێراق و ناوچەکە بۆ مەرامی تایبەت پێشێلی خەسڵەتەکانی نیشتمانیبون دەکات، چونکە پرسی کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکانی تری کوردستان تا ئەم چرکەیەش کرۆکی بنەرەتی بزافی کوردایەتی و نیشتمانبونە لە باشوری نیشتمان. 

کەس نەیگوتوە رێکەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ پێکهاتەکانی تری کەرکوک نەکرێت. ئەوەی دەبێت بکرێت، بەلایەنی کەمەوە لە کەرکوک، کورد بەیەک دەنگ و ئیرادە ئەوە بکات. هەر هێز و کەسایەتیەکی کورد ئەم پرسە بکاتە حولبەی ململانێی حزبی و دەسکەوتی تایبەت بێگومان بە رەنگی رەشێکی زۆر تۆخ لە مێژودا بۆی تۆمار دەکرێت.
یەکێک لە ئەزمونە هەرە قێزەوەنەکانی تێکشکاندنی پرەنسیپەکانی نیشتمانیبون لە پرۆسەی دیاریکردن و دەنگدان بە کوردێک وەک سەرۆکێک بۆ کۆماری وێرانە بو،

 خوا رەحم بکات خراپتر نەبێت، تایبەت لە پرسی هێزە تێکۆشەرەکانی بەشەکانی تری کوردستان و هەرێم و وڵاتانی دراوسێدا.

12/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر