لە پەراوێزی هەڵکوتانە سەر چاودێردا

دلێر محەمەد


لە ساڵانی ڕابردوووودا، ناو بە ناو نووسینم لەو پەیج و سایت و بڵاوکراوانەی سەر بە جەنابی مەلا بەختیار بوون، بڵاوبۆتەوە. ئەو شوێنانە دەرفەتی باش بوون بۆ نووسین لە بابەتی ڕەخنەی ئایینی و هاندانی مەدەنییەت و ئازادی و عەلمانییەت. هەر بۆیەش هیچ خۆشحاڵ نیم بە داخستنی ئەو تاقە پەنجەرەیە، بۆ ڕۆشنایی سێکولاریزم و مەدەنییەت و پەرەپێدانی ڕەخنەی ئایینی، بەرانبەر بە لەشکرێک لە کۆنەپەرستی دژ بەو ڕەوتە. بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێ کە هەرگیز هەڵوێستە سیاسییەکانی ساڵانی دوایی مەلا بەختیار، لە گەڵ هەڵوێستی جەماوەری یەکێتی و خەڵکانێکی زۆری بن دەستی پارتی و ئازادیخوازان و زیندانیانی سیاسی و زۆری دیکەش هاوتەریب نەبوون. بگرە مەلا بەختیار هێندەی وەکو دۆست و هاوسۆزی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دەردەکەوت، هێندە وەکو یەکێتی وتاری نەدەدا. مەلا بەختیار ساڵانێکە میوانێکی بەردەوامی ڕووداو، کەی بیست وچوار و سایت و بڵاوکراوەکانی پارتییە. لە هەر لێدوان و دەرکەوتنێکیشدا لە کەسایەتی و جەمسەرەکانی زۆنی سەوزی داوە لە بەرژەوەندی پارتیدا. مەلا بەختیار لە ساڵانی دواییدا هێندەی هێرش کردۆتە سەر سەررانی ئێستای یەکێتی و گۆڕان و خودی بافڵ و هەندێک جار مام جەلال و بە بەردەوامیش بۆ سەر نەوشیروان مستەفا، هێندەی زەڕەیەک قسەی جدی نەبووە لە سەر دۆخی دیموکراسی و ئازادی لە سنوری پارتیدا. بە کورتی زۆرینەی هەرە زۆری هەڵویست و وتارەکانی مەلا بەختیار چووەتە گیرفانی سیاسی پارتییەوە. بە کورتی مەلا بەختیار بە ماڵی یەکێتی و مووچەی یەکێتی و لە زۆنی یەکێتییەوە قارانجی بە پارتی گەیاندووە، لە زەرەری یەکێتیدا.  ئەمەش بۆ خۆی تەنگپێهەڵچنینێکی سیاسی ڕاستەوخۆ بووە بۆ بافڵ تاڵەبانی.

من وەکو یەکێک لە کادرە نوێیەکانی یەکێتی لە دوای ڕاپەڕینەکەوە (کە ساڵانێکە تۆراوین) قسە دەکەم. لە کاری ڕێکخراوەیی و ڕۆشنبیری گشتی و حیزبیدا مەلا بەختیار و سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی مامۆستا و ئیلهام بەخش بوون بۆ ئێمە. ئەوەی ئێمە لە دەمی مەلا بەختیار و سەرکردەکانی دیکەی یەکێتیدا، لە سیمینار و کۆبوونەوە حزبییەکاندا گوێمان لێ بووە، نەک هیچیان وا دەرنەچوون بگرە زۆر کات پێچەوانەکەیان بۆ سەلماندووین لە ساڵانی دواتردا. بە کورتی زیانی گەورە کە بەر یەکێتی کەوتبێ لە سەر دەستی مەلا بەختیار و هاوەڵاکانی بووە، بە هۆی هەڵوێستی دژ بە هەڵوێست و ئارەزووی جەماوەری یەکێتی و شاری سلێمانییەوە بووە. 
جێگەی خۆیەتی لێرەوە باسێک لە جەنابی بافڵ تاڵەبانیش بکەم. هەق وایە بافڵ تاڵەبانی باش لە حەقیقەتێک بزانێ، کە سەرکەوتن و سەرگرتنی پلان و پیلان و کارەکانی تا ئێستا، لە باشی و گرنگی و لێهاتوویی خۆدی خۆیەوە نیە بە ڕاستەوخۆ، هێندەی پەیوەندی بە خراپی و بێهەڵوێستی و ئەدای خراپی ئەوانەوە هەیە کە بافڵ دژایەتییان ئەکات. جگە لەمەش ڕکابەری بافڵ بۆ بنەماڵەی بارزانی هێندەی دیکە هاوپشتی لە جوگرافیا و کەسانی جیاواز لە سنوری زۆنی سەوزیش بۆ پەیدا کردووە. ئەمەش دیسان پەیوەندی بە بەهرەی خودی جەنابی بافڵەوە نیە، هێندەی پەیوەندی بە ستەم و خراپ ئیدارەدانی پارتییەوە هەیە بۆ هەموو مەلەفە سیاسی و ئیداری و یاسایی و ئابورییەکان. شانسی بافڵ بۆ سەرکەوتن، ڵە هەنگاوەکانیدا، دەگەڕێتەوە بۆ زۆرداری و ستەمی پارتی بەرانبەر بە خەڵکانی ژێر دەستی خۆی و سنوری زۆنی سەوزیش. بافڵ تا ئێستا جگە لە هەڵوێستەکانی کە ئارەزووی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان تێر ئەکات، بە کردار هیچ چاکسازی و بنیاتسازی و دیموکراسی سازی و ئازادی سازییەکی نەکردووە. هەر بۆیە من وای بۆ دەچم کە جەماوەر ئەم ئەزموونەیان، لە نانێکی گەرمدا، بۆ داهاتوو، بۆ هەڵگرتبێ. بە کورتی بە ڕوونی دیارە لە مەسەلەی پەلاماردانی دەزگاکانی مەلا بەختیاردا، جگە لە پارتی هەموو ئەوانی دیکە، هەر لایەک و لە سۆنگەیەکەوە ئەم لێدانەیان پێ خۆشە. بەڵام ئەوەی بەشێک لە چەپ و ئازادیخواز و عەلمانییەکانی دڵگران کردووە داخستن و کپکردنی خودی ئەو دامودەزگا گرنگانەیە نەک خودی مەلا بەختیار خۆی. لە کاتێکدا دەکرا، ئەو دەزگایانە وەکو خۆیان بە بودجە و مووچە و فەرمانبەرانیانەوە بەردەوام بوونایە جگە لە پۆستەکەی مەلا بەختیار دەست بۆ ئەوانی دیکە نەبرایە و ئەو تاکە هەناسەیەی ئازادی و مەدەنییەت و سێکولاریزم نەخنکێنرایە.

08/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر