ئایا بواری ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ماوە؟

گۆران هەڵەبجەیی

پرسیارێکی جددی هزری زۆربەمانی داگیرکردوە،پرسیارەکەش ئەوەیە ،ئایا دەکرێ هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکیۆبەر دووربێت لە ساختەکاری ؟

مەبەست لە لایەنی ساختەکار تەنها یەکێتی و پارتیە چونکە ئامرازەکانی ساختەکاری تەنها لای ئەوانە و هەر ئەوان بەوکارە هەڵدەستن ،لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا  لەساختەکاریدا بلیمەت بوون ،ئەنجامەکانیش بەجۆرەبوون  کە ئەوان دەیانخواست.
هۆکارەکانی ئاسانکاری بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا زۆرن لەوانە :
+دیاری کردنی ئەندامانی کۆمیسیۆن لەلایەن خۆیانەوە.
+کۆنترۆڵکردنی بنکەکان و زۆربەی چاودێران دیسان لە خۆیان بوون.
+هەژماردن و جیاکردنەوەی  دەنگەکان هەر خۆیان بوون .
+ بێ ترس دەستکاریکردنی  ئەنجامەکان .
+ڕێگەدان بە دەنگدەرانی سەربەخۆیان بە چەندین  جاردەنگدان.
+ کۆنترۆڵکردنی بنکە دوورەدەستەکان ئەویش بەهۆی نەبوونی یا کەمی چاودێری سەربەلایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات.
+بەلێشاو وەرگرتنی دەنگی کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان،بەتایبەت [هێزی ڕۆژ] ی ڕۆژئاوا و چەکدارانی سەر بە حسین یەزدان پەنا کە هەردوو گروپەکە درووستکراوی پارتین .
+ دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە بەرژەوەندی دوولایەنە حکومڕانەکە ،بەتایبەت ئێران , بە درووستکردنی هەزارەها کارتی ساختەی دەنگدان لەبەرژەوەندی یەکێتی.
+ مسۆگەرکردنی  ١١ کورسی کۆتا بۆپارتی .
+ کڕینی دەنگ بەناوی پێدانی ئیمتیازات و خزمەتگوزاری کە تەنها بەڵێنی بەتاڵی بەر لەدانگدان بوون.
+ ئەنجامدانی گەورەترین ساختەکاری لەکاتی دەنگدانی تایبەتدا.

بۆئەم هەڵبژاردنە هاوکێشەکە جیاوازەو  زۆربەی ئەوخاڵانەی سەرەوە کەلەبەرژەوەندی جووت حیزب بوون نەماون یا گۆڕانکاریان بەسەردا هاتوە کەلەدژی خواستی ئەو دولایەنەن.
لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانیمان هەر هەیەو  تەواو دڵنیانین کە بەهیچ جۆرێک ساختەکاری ڕوونادات.
سەرچاوەی نیگەرانیەکەشمان لە سرووشتی قێزەوەنی ئەم دوو حیزبەوە سەرچاوەی وەرگرتوە ،بەوەی کە ئەمانە لەمێژووی بوونیاندا چ لەشاخ و چ لەشار هەرگیز نەسڵەمینەتەوە لە ئەنجامدانی تاوان و سەرکووتکردن و ساختەکاری بۆ گەیشتن بەئامانج و مەرامی خۆیان.لەپێناو پاراستنی ئەم دەسەڵاتەیان کە وەک{ماشێنی بەرهەم هێنەری پارە} لێی دەڕوانن ،کە ساڵانە ملیارات دۆلاریان بۆ دەخاتە سەر خەرمانی پارەکانیان،ئامادەن هەموو کارێکی نایاسایی و نائینسانی ئەنجام بدەن.ئەمە جگە لە دەسەڵاتی ڕەها بەسەر کۆمەڵگاو بازاڕو سنورەکان و زەوی و زارو  و خاوەنداریەتی هێزی چەکدار بۆسەرکووتکردنی نەیارو دەنگە ناڕەزاییەکان.

کەواتە ئەم دووحیزبە بۆ درێژەدان بەم دۆخە ،جەنگی مان و نەمان دەکەن .
ئامادەن لەو پێناوەدا ملیۆنان دۆلار خەرج بکەن تا ئەگاتە ئاستی جەنگی دەروونی و پروپاگەندەی بێ مانا.
بەندە نیگەرانیەکانم لەم خاڵانەدا کۆدەکەمەوە کە هەندێکیان لەشێوەی پرسیاردان .

+ ڕاستە بەپێی ئەو ئیجرائاتانەی کۆمیسیۆن دەیگرێتەبەر  وانیشان دەدات کە بواری ساختەکاری نەماوە ،بەڵام ئایا گەرەنتی هەیە کە یەکێتی و پارتی بەتەواوەتی ڕێگەی ساختەکاریان لێگیراوە؟
+  بە قسەکانی باڤێلدا دیارە کە [٢٧] کورسیان مسۆگەر کردوە ،گەر لە ئێرانەوە بەڵێنی پێنەدرابێت لەم دۆخە وێرانەی حیزبەکەیدا بە چ پێوەرێک باسی [٢٧] کورسی دەکات؟بۆیە بەدووری نازانم ئێران لەو ڕووەوە هاوکاریان بکات.
+بڕیار وەرگیراوە کە کەس مۆبایل لەگەڵ خۆی نەباتە ژووری دەنگدان ،کە بەڕای من بڕیارێکی درووستە  ،جاهیوادارم ئەو بڕیارە بەباشی جێبەجێ بکرێت.
+گەر ئەندامانی کۆمیسیۆن کەسانی سەربەپارتی و یەکێتی تێدابوو گەرەکە بەوردی چاودێری بکرێن.
+گەر ئیمکانیەت هەبوو گەرەکە هەر بنکەیەکی هەڵبژاردن نوێنەری لایەنەکانی بەشداربوو وە چاودێری وڵاتانی ئەوروپی لێبێت.
+جیاکردنەوەی دەنگەکان ڕاستەوخۆ پاش کۆتایی دەنگدان لە بنکەکانی دەنگدان کارێکی باشە ،بەڵام دەبێ دڵنیابن لەوەی کە ئەنجامەکان لە بەغدا لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەفشارو دەستتێوەردانی ئێران بۆبەرژەوەندی لایەنێک دەستکاری نەکرێن.
+ بەر لەناردنی ئەنجامی دەنگی هەر بنکەیەک بۆ بنکەی سەرەکی لە بەغدا پێویستە ئەنجامەکان بەئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم لایەنەکان  وێنە بگیرێن. 
+سەبارەت بەدەنگدانی هیزەچەکدارەکان کە ڕۆژێک پێشتر دەنگدەدەن، بەوردی چاودێری بکرێن چونکە گەورەترین ساختەکاری لەو ڕۆژەدا ڕوودەدات.
+ نیگەرانیەکی دیکە دێتە پێشەوە کە دەڵێ، گەر ئەنجامەکان بەدڵی پارتی یا یەکێتی نەبوون و قەبوڵیان نەکرد،لایەنە براوەکان چ هەنگاوێک دەگرنەبەر؟
بەهەرحاڵ ئومێدەوارم ئەم هەڵبژاردنە خاڵی وەرچەرخان بێت بەوەی ئەو دووحیزبە لەدەسەڵات دووربخرێنەوە ،چونکە چیتر خەڵک تەحەمولی نەماوەو بێزاری گەشتوەتە لوتکە.
بەهیوای هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لەساختەکاری،بەهیوای فڕێدانی جەلالی و مەلایی بۆ زبڵدانی مێژوو.



18/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر