دەسەڵات پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە ئەکا

هیوا سه‌ید سه‌لیم
 ئەرکی ھەر حکوکەتێکە خزمەتی ھاوڵاتیانی خۆیەوە بکات، لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، دابینکردنی ئاسایشی ھاوڵاتیان. بۆیە بۆتە عورف ھەر حکومەتێک کاتێک متمانەی پەرلەمانی وڵاتەکەی وەردەگرێت پێویست دەکات لەتەک ناوی کابینە وەزارییەکە کارنامەی خۆی بۆ ماوەی حوکـمڕانی پێشکەش بکات. کارنامەی حکومەت دەبێت خزمەتگوزاری لەسەرجەم سێکتەرەکان لە خۆ بگرێت، و ە ئەرکی پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکانی وەک ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەکانە چاودێری جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت بکەن.

  کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی لە 10ی تەمووزی 2019 متمانەی پەرلەمانی وەرگرت، کە کابینەیەکی ئیئتلافی بوو لە نێوان (پارتی و یەکێتی و گۆڕان)، وە بەشداری چەند حزبێکی دیکە، لەو کارنامەیەی کە سەرۆکی حکومەت لە رۆژی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کردبوو، 7 ئاستی خزمەتگوزاری لە خۆگرت بوو، کە 50 خاڵ بوو، تەمەنی ئەو کابینەیە بە ھۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تەمەنەکەی بۆ پێنج ساڵ و چوار مانگ رۆیشت، ئەگەر بەووردی لە بەڵێنەکانی ناو کارنامەکە بڕوانین دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە کابینەی نۆیەم کەمتر لە 50% بەڵێنەکانی بەجێگەیاندووە.

ئەوەی سەیرە و جێگای ھەڵوەستەیە لەو کابینەیەدا چەند رۆژێک لە تەمەنی کابینەکەدا ماوە، ئەو ھەموو بەڵێنە چییە بە بە خەڵکی دەیدات؟ قسە لەسەر ئەوە ناکەین کە حکومەتەکە دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە نایاسایی لەقەڵەم دانی بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆتە حکومەتی کاربەڕێکەر.

دانانی زۆرترین بەردی بناغەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە مانگی پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کردنەوەی ئەو پڕۆژانەی کە دەمێکە تەواو بوونە ھەر لەو مانگەدا، تەنانەت دواخستنی مووچەی مووچەخۆران و خۆ ئامادەکردن تا دوو مووچە لە ناو بانگەشەی ھەڵبژاردن دابەش بکرێت، ھەموو ئەمانە دەچنە چوارچێوەی پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن.

بەڵام خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی بپرسێت ئایا لە پێنج ساڵی حوکمڕانی ئەم کابینەیە ڕەوشی ڕێگاوبان لە چ دۆخێک دابوو؟ ئایا بە بیرتانە چەند جار دانیشتوانی گوندەکان لەبەر خرابی رێگاوبانەکان، رێگا سەرەکیەکانیان دادەخست؟ ئەرێ بۆ چاکردنی ڕەوشی کارەبا ئەو کابینەیە چ ھەنگاوێکی نا؟ بەشێکی دانیشتوانی شارەکان لەو پێنج ساڵە کێشەی بێ ئاوایان ھەبوو، ئەرێ خێڕە پڕۆژەی ستراتیژی چارەسەری ئاوی ھەولێرتان خستە مانگی ئابی 2024؟ دەپرسین ئایا لەو پێنج ساڵە خەڵک پێویستی بە ئاوی خواردنەوە نەبوو؟

دەزانن بەڵێنەکانی ئێوە وەک ئەوە وایە پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمام بکەن، بەڵام دەبێت خەڵک ھۆشیار بێت، ئەگەر بە نەبوونی پەرلەمانی کارا لە ھەرێمی کوردستان نەتواندرا لێپێچینەوە لە جێبەجێنەکردنی کارنامەی حکومەت بکرێت، دەبێت خەڵک لەسەر سندوقەکانی دەنگدان نەھامەتیەکان لەیاد نەکات، (دواکەوتنی مووچە، بێ ئاوی، کارەبای چەند کاتژمێری، نەبوونی ھەلی کار، پاشەکشەی ئازادی، دیموکراسیەتی ھەتککراو...تد)ی لە یاد بێت.




21/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر