لە بەرگی باوکیانەوە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکەن

هیوا سه‌ید سه‌لیم

  یەکێک لە سەیر وسەمەرەکانی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی خولی پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە بەشی زۆری کاندیدەکانی سەر بە ھێزەکانی دەسەڵات بۆ خاتری پێگەی باوکیان کاندیدکراون، جا یان ئەوەتە باوکیان بەرپرس بووە، یان ئێستا لە پۆستە و خۆی شەرمی پێیە کاندید بێت.  یان کوڕ و کچی شەھیدانن. لەگەڵ رێزی زۆرمان بۆ کەسوکاری شەھیدان،  بەڵام ھیچ مەرج نیە ئەوانیش بە کەلکی ئەو کارە بھێن. پەرلەمانتاری ئەرکێکی ئاسان نیە ئەگەر پەرەمانتار بچێتە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتییەی کە لەسەریەتی، بەڵام ئەگەر تەنیا بۆ ئیمتیازەکە و دەست بەرزکردنەوە بێت ئەوا قسەیەکی دیکەمان ھەیە و ھەمووان ئەو کارەیان پێدەکرێت.

لەبەر ئەو ڕۆشنایەی ئاماژەمان پێدا، پێدەچێت کوالیتی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بەسەر دوو جۆر لە خەڵک دابەش بێت، بەشە  خرابەکەی ئەوانە کە دەسەڵات بەو پێوەرە ھەڵیاندەبژێرێت، خەڵکانیکیش کە ئەھلی ئەو کارەن بەشە باشەکە دەبن، بەڵام پێناچێت زۆرینە بن.
 ناوی خراب لە ھەندێکیان دەنێین، چونکە پێوەر بۆ کاندیدبوونیان ڕازیکردنی دڵی بەرپرسانە، جا لەناو ئەو بەرپرسانە خەڵکانێک ھەن لە 32 ساڵی حوکـمڕانی خۆماڵی کەسانی باش نەبوونە، لە تێوەگڵانیان لە گەندەڵی و ھەموو ئەو کێماسیانەی کە دەسەڵات لێی بەرپرسن، جا دەبێت کوڕ و کچی ئەوان چیان لێدەربچێت؟
ئاشکرایە کە پەرلەمانی کوردستان باڵاترین دامەزراوەیی یاسادانان و چاودێرییە، دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان، لە شەڕی یاسایی و ئابووری لەگەڵ بەغدا، پێویستی بە دامەزراوەیی بەھێز دەکات لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، ئەو ڕاستیەیە کە وای دەخواست حزبەکان کەسایەتی بە ئەزموون و بە دەسەڵات و شارەزا بکەنە ئەندامی پەرلەمان، نەک کوڕ و کچەکانیان کاندید بکەن.
خولی ڕابردوو ھێزەکانی دەسەڵات نوێنەری عەشیرەتەکانیان بردە پەرلەمان، بۆیە ئەوان زیاتر ئەندامی گوێ لەمستی حزبەکانیان بوون، ھەر بۆیەشە لە خولی ڕابردوو نەک پەرلەمان نەیتوانی ئەدای کارەکانی خۆی بکات،  بگرە دەتوانین بڵێین خرابترین خول بوو. جا ئەگەر ئەمجارەیان کاندیدەکان دەستی دووی ناو ھێزی بالادەستی حزب بن، دەبێت چاوەڕوانیمان لە پەرلەمانی کوردستان بێت؟

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە ئایا  چارەسەر چییە؟ لە دەرەوەی لیستەکانی دەسەڵات کەسانی باش و بە ئەزموون کاندید کراون، لە پێناو ڕووبەڕوونەوەی مەترسیەکانی پاشەکشەی زیاتری ئاستی پەرلەمانی کوردستان دەبێت دەنگ بە کاندیدەکانی دەرەوەی دەسەڵات بدرێت، ھەروەھا لە نێو کاندیدەکانی دەسەڵاتیش ھەموویان لەو کەسانە نین کە بە پێوەری پۆستی باوک و عەشیرەتگەرایی کاندید کراوەن، بۆیە بۆ جارێکیش بێت با دەنگدەری سەر بەدەسەڵات لە بڕیاری حزبەکانیان یاخی بن و بە ئیرادەی خۆیان دەنگ بدەن و دەنگیش بەوانە بدەن کە شایستەی کاری پەرلەمانین.

دواجار دەڵێین، پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە گەڕانەوەی شکۆیە بۆی، بۆ ئەوەی بتوانێت ئازادانە کاری خۆی بکات، ھەر بۆنموونە لە خولی ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان پەرلەمان میزانیەی ھەرێمی نەبینی، واتا نەک شەفافیەت لە خەرجی و داھات نەبوو، بگرە حکومەتی ھەرێم ئامادەنەبوو میزانییە بباتە پەرلەمان و پەرلمانیش نەیتوانی حکومەتی ھەرێم بۆ ئەم ھەنگاوە ناچار بکات، ھەروەھا حکومەت لە جێبەجێکردنی کارانامەی خۆی کێماسی زۆری ھەبوو، کەچی نەمانبینی وەزیرێک یان  کەسێکی بۆ لێپێچینەوەی و لێسەندنەوەی متمانە بانگی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

دەی ئەگەر وایە با ھەمووان کار بۆ پەرلەمانێکی بەھێز بکەین، پەرلەمانی بەھێزیش بە دەنگدان بۆ کوڕ و کچی بەرپرسان دانامەزرێت، ئەوان زۆربەیان کۆپی باوانیانن کە ھەموومان لێیان بێزارین.





01/10/2024



وتارەکانی تری نوسەر