لە دوای دەستگرتن بەسەر بازرگانی نەوت و ئابوری ولاتەکەدا، ژینگەیەک دروستبووە تیایدا، لە سەرێکەوە، ملیۆنێر و ملیاردلێری بێئیش و بێکار و بێهونەر دروستدەبن، بەڵام لە سەرێکی دیکەوە، ژمارەیەکی گەورە لەو مرۆڤانەی لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. ئەمەش ئەو مۆدێلی حوکمڕانیی و وڵات بەڕێوەبردنەیە کە سەروەرکراوە.
دوو شارەزای ئەم بوارە ئەم وێنە ترسناکەی هەژاریی لە هەرێمدا دەخەنەڕوو. یەکەمیان کوێستان محەمەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیە. دووهەمیان دڵشاد محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
لە قسەکردنیاندا بۆ کەناڵ ٨ ئەم وێنەیە دەکێشن:
«بە گوێرەی ئامارێکی فەرمی لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا 122 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان لە رووی داهاتەوە هاتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و داهاتی مانگانەیان ناگاتە 185 هەزار دینار.»
کوێستان محەمەد بە کەناڵ ٨ دەڵێت: "205 هەزار خێزان لەهەرێمی کوردستان داهاتی مانگانەیان لەخوار 185 هەزار دینارەوەیە و هەرچەندە داواکراوە لە بەغداد بودجە بۆ ئەو ژمارە خێزانە دابینبکات، بەڵام هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکردوون".
دڵشاد محەمەدیش لە رێگای هەمان کەناڵەوە دەڵێت: "تاوەکو ساڵی 2012 لە هەرێمی کوردستان 83 هەزار خێزان لە خوار هێڵی هەژاری تۆمارکرابوون، بەڵام پاش 13 ساڵ ئامارەکە بۆ 205 هەزار خێزان زیادیکردووە.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدا حوکمڕانانی هەرێم وەک خێزانە ملیاردلێرەکانی خەلیجیان لێدێت و هەمان مۆدێلی ژیان و حوکمرانی گەشە پێئەدەن، لەکاتێکدا کۆمەڵگاکە بەرەو بەسۆماڵبوون و یە یەمەنبوون دەڕوات. ئەگەر هەرخێزانێک لەو ٢٠٥ هەزار خێزانە لە ٤ یان ٥ کەس پێکهاتبێت، ئەوا ژمارەی گشتیی ئەوانەی لە هەرێمدا لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین زیاد لە ملیۆنێک مرۆڤە.