سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ هێشتا میدیای ئەهلی لە دایک نەبوو بوو، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی شەش ئەندامی حزبی کۆمەنیستی کرێکارییان لەبەردەم ئەمنە سورەکە بە رۆژی روناک شەهید کرد، لەو دەمەدا کۆمەڵگا زۆر حزبی بوو، کوردستان دوو ئیدارەبوو، ٣٦ رۆشنبیر و رۆژنامەنووس بە مامۆستا شێرکۆ بێکەس و کاک رەوف بێگەردەوە بەیاننامەیەکمان لەسەر ئەو قەتل و عامەی یەکێتی دەرکرد، بەیاننامەکە بۆ ئەو زەمەنە زۆر توندبوو.
سەرەتای بیرۆکەی بەیاننامەکە گەڕایەوە بۆ من و کاک رێبین هەردی، من رەشنووسی بەیاننامەکەم نووسی و کاک رێبین پێداچوونەوەی بۆ کرد، کەس ئامادە نەبوو بۆمان چاپ بکات، کاک تاریق فاتح ئەو دەمە کارگەیەکی چاپی بچووکی هەبوو لەسەر جگەرخانەکەی کاک ئەحمەدی گوڵە کاغەزی چلورەو ئایسی چاپدەکرد، ئەو بەیاننامەکەی بۆ چاپکردین، دوای دەستمان بە ئیمزاکۆکردنەوە کرد، وەک ئاماژەم بۆ کرد ٣٦ کەس واژۆی کرد کە هەندێکیان کادیری ژن و پیاوی یەکێتی بوون، هەندێکیان کادیری حیزبی شیوعی بوون ، ژمارەیەکی تریان رۆشنبیری بێلایەن بوون.
بەیاننامەیەکی توند بوو لەسەر یەکێتی، کەس بۆێری نەکرد بۆمان بڵاوبکاتەوە، مامۆستا بەهادین نوری سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراسیخوازان بوو، رادیۆیەکی هەبوو لە بارەگایەکی بچووک لە نزیک لقی چواری ئێستای پارتی، بە فەرمانی مامۆستا بەهادین؛ رادیۆکە بەیاننامەکەی بۆ بڵاوکردینەوە، دواتر هەفتانەمەی رێگای کوردستان ( کۆپیە عەرەبییەکەی ) ئەوانیش بەیاننامەکەیان بۆ بڵاوکردینەوە.
مام جەلال لەو رۆژانەدا لە دەرەوەی وڵات گەڕابوەوە، داوای کۆبوونەیەکی لێکردین و چووین بۆ قەلاچوالان، لەوێ لە هۆڵێکدا دانیشتین و رێگای پێداین ئازادانە قسەبکەین.. بێ هیچ سانسۆرێک قسەمان کرد، کەمێک لە وەڵامەکانیدا بەرامبەر ئەو کادیرانەی یەکێتی توندبوو، بەو پێیەی ئەوان ئەندامی یەکێتی بوون، بەڵام بۆ ئەوانیش لەگوڵ کاڵتری پێنەوتن.. نیوەرۆش لەلای ئەو میوانبووین و دڵی ئەو چەند برادەرەی یەکێتیش ئاساییکردەوەو ئاشتیکردنەوە.
من چەندین جار بە گرووپ و چەندجارێکیش بە تەنها مام جەلام بینیووە، هەمیشە رەخنەو نارەزایتیمان هەبووە. زۆر ئاسایی گوێی لێگرتووین و رێزی گرتووین.
هەرچی کاک مەسعودیشە من چەند جارێک لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و دواتریش بە گرووپی بچووک بچووک و گەورە بینوومانە و گفتوگۆمان لەگەڵدا کردووە، جاری وا هەبووە من قسەی رەقیشم بەرامبەر پارتی کردووە، جارێک لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا کە یەکێتی بینای پەرلەمانی لە هەولێر داگیری کردبوو، لیژنەیەکی رێکخراوە جەماوەرییەکانی حیزبەکانی سلێمانی و ژمارەیەک رۆشنبیر سەردانی؛ مام جەلال لە کۆیەو کاک مەسعودمان لە پیرمام کرد، ئەو دەمە من کادیری حزبی شیوعی بووم، بەپێی پێگەی حزبی شیوعی من زمانحاڵی لیژنەکەبووم.. لە میانەی قسەکانمدا: کەمێک گەنجانە قسەم کردو، وتم: کاک مەسعود تۆ مام جەلال بەردەوام بن لەسەر ئەم شەڕە ماڵکاولکەرە، تووشی ئاشبەتاڵێکی ترمان دەکەن. وشەی "ئاشبەتاڵ" قورس بوو بەرامبەر کاک مەسعود بکرێت، بەڵام هیچ پەرچەکردارێکی نەبوو، بەرێزیشەوە بەرێیکردین.
ساڵی ٢٠١٢ شدا لە پیرمام کاک مەسعود لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس کۆبووەوە، ئەو دەمە من سەرنوسەری رۆژنامەی ئاوێنەبووم میوانداری ئەو کۆبوونەیە کراین کاک مەسعود ویستی گوێ لە بەشداربووان بگرێت ، من قسەی توندم کرد، خوا هەڵناگرێت لەگوڵ کاڵتری پێنەوتین..
ساڵانێکە دەڵێم : خۆزگەمان بە سەردەمی مام جەلال و کاک مەسعود بەتایبەتی دوای رێککەوتنی واشنتۆنی نێوان یەکێتی و پارتی.. ئەو دەمە دۆخێکی نموونەیی نەبوو، بەڵام رێزیان لە خەڵک و دەستبژێرەکان دەگرت.. ئەو دەمە جوان نەبوو، بەڵام لە مامەڵەو گوێگرتن لە خەڵکی دەرەوەی خۆیان و دەستبژێران زۆر لەم نەوە نوێیەی تاڵەبانی و بارزانی کراوەو جیاوازتربوون.
ئینجا کاتێک کە ئێستا کەسی یەکەمی یەکێتی بە رۆژنامەنووسێک لەبەر ئەوەی پرسیارێکی کردووە، پێی بڵێی: " حوشتر.." دەبێت بڵێین دەبێت بڵێین " ئێمە لە چ دۆخێکدا بووین و ئێستا گەیشتووینەتە چ ئاستێک".!