سەرۆک ئۆتۆمبێلێک بنێرە تا بێم بۆ ئاسایش

شوان محه‌مه‌د


سەرۆک ئۆتۆمبیلێک بنێرە بەر دەرگاکەمان با بەڕێزی خۆمانەوە بێین بۆ ئاسایش، چونکە گەر ئەمڕۆش داواکراو نەبین، سبەی هەر رێگامان دەکەوێتە ئاسایش، هەر بۆیە دەبێت هەر رۆژنامەنووس و چالاکوانێک رەخنە لە سەرۆک بگرێت، یان بیەوێت خۆپیشاندانێک گەر بە جلی سپیشەوە بێت سازی بکات، خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو زیارەتە.

لەمەودوا چیتر، پێش ئەوەی بەیانیان لە ماڵەوە بێنە دەرەوە، دەبێت گیرفانەکانتان بگەڕێن، نەک پێناسێکی کۆن، مۆڵەتێکی شۆفێری ماوە بەسەرچوو، کارتێکی خولی راهێنان، یان کارتی شەخسی لە سووچێکی گیرفانەکانتاندا مابێتەوە، چونکە دەبێت پێشبینی بکەیت بە دەردی ئەو مامۆستا وانەبێژە بچیت کە تەنها رایگەیاند بوو" سبەی بە جلی سپیەوە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندا خۆپیشاندانی سپی بۆ دامەزراندنی هەمیشەیمان دەکەین"، کەچی بەهۆی ئەو تاوانە گەورەیەوە تۆمەتی پێناسی ماوە بەسەرچوویان خستە پاڵی و تا رۆژی دادگاییکردن بە کەفالەتی ١٠ ملیۆن دینار ئازاد کرا، حکومەت بیری چوو بووەوە کە خۆشی وەک پێناسی مامۆستاکە "ماوە بەسەر چووە".

رۆژنامەنووسان، چالاکوانان، هەرگیز نە خەڵەتابیت بیر لە شۆڕش و گۆڕانکاری بنەڕەتی بە چەکی تاپڕەوە بکەیت، چونکە تاپڕ و ساچمەزەن زۆر مەترسیدارن، هاوڕێیەکمان لە ماڵی خووشکەکەی تاپڕێکی سەردەمی تەقیانووسەکەیان هەبوو، کە کۆن ویستبوویان پادشای پێبکوژن و کۆشکەی کۆنترۆڵ بکەن، شەش مانگ لە زیندانیان توند کرد. 

هاوڕێیان هەرگیز بوێری ئەوە نەکەن کە ئۆتۆمبیلی کۆن و " علوج" ی ژمارە فەحس بەکاربهێنن، ئەوە کفرێکی گەورەیە و رێگاکانی کوردستان هەموویان ئۆتۆبانن و بەو ئۆتۆمبیلانەتان سروشتی شەقامەکان و ژینگەی وڵات پیس دەکەن، بەرامبەر ئەوەش حوکمی قورس دەدرێن.

ئەو رۆژە رەشنووسی بەیاننامەیەکمان لەسەر پاراستنی ئاژەڵان نووسی و ناردم بۆ هاوڕێیەکم لە دەرەوەی وڵات تا ئیمزای بۆ کۆبکەینەوە، هاوڕێکەم پێی راگەیاندم؛ ناوێرێت واژۆی بکات و قبوڵیشی نییە ئێمە واژۆی بۆ بکەین، بەڵکو دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و واژووی بکات، نەک سبەی دادگاکانی کوردستان پێی بزانن کە واژووەکەی تەزویر کراوەو حوکمێکی عادیلانەی بەسەردا بدەن.

هاوڕێیان، نەکەن لە ناخ و دڵی خۆشتاندا بیر لە سازدانی خۆپیشان لە پێناو مووچەکانتاندا بکەن، چونکە دار و دیوار گوێی هەیە، رەنگە برایەکت، یان باوکت لە شوێنێک لە دەمی دەرچێت و باسی بکات، حکومەت گوێی سووکە بۆ ئەو وشانە، دوایی هەر باسیشی بکەیت بەلایەنی کەمەوە بە ساڵێک حوکم دەدرێیت، لەبەرئەوە تۆ بە بەردەوامی کاری خۆت بکە، کەی پارە هەبوو پێتدەدەن، کە پارەش نەبوو نەکەی لە خەیاڵیشتدا بیر لە خۆپیشاندان بکەیتەوە، ئەگینا بە دەردەکەی ئەو مامۆستایەت دەبەن کە رایگەیاند بوو " لە رۆژانی داهاتوودا خۆپیشاندان دەکەین " کەچی بەشەو وەک شەمشەمە کوێرە رفاندیان و لە زیندان بۆ ماوەی یەک ساڵ زیندانیان کرد.

لەسەردەمی سەدامدا کاتێک کە لەشەقامە گشتیەکەوە بە بەردەدەم بارەگا سەربازی و ئەمنیەکانی رژێمی پێشوودا دەڕۆشتیت لە کاتی هەڵکردنی ئاڵای عێراقدا دەبوایە دەمودەست بوەستایتایە، گەر نا ئەوا سووکایەتی دنیایان پێدەکردێت، لەم رۆژانەشدا دەبێت وریا بیت کە کەژاوەکەی سەرۆک بەرەو ئۆفیسەکی رۆیشت دەبێت دەست لەسەر سنگ و چەپڵەو سڵاوێکی گەرمی لێبکەیت، ئەگینا بە ئۆتۆمبیلێکی ئاسایش چەند دەموچاو پێچراوێکی چەکدار دەتبەن و هەرچی ئازای لەشتە شیدەکەنەوە.

باشترین بژاردەش لەبەردەم هەمووماندا با پێکەوە داوا لە سەرۆک بکەین تا ئۆتۆمبیلەکانی ئاسایش بنێرن و لەسەر داوای خۆمان بچین بۆ زیندان، چونکە دڵنیابە، پێناسێکی ساختە، یان تاپڕێکی ژەنگاوی لە ئۆتۆمبیلە کۆنەکەی باوکتدا دەدۆزنەوە، ئەوانە زۆر داهێنەرن لە دۆزینەوەی تۆمەتدا، با عاقڵبین خۆمان داوای چوونە زیندان بکەین.


20/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر