بەیانیەک لەخەو هەڵدەسیت شاخی گۆیژە دزراوە

شوان محه‌مه‌د

شاخی گۆیژە کە بەشێکی دانەبڕاوە لە سروشتی شاری سلێمانی، بەلاتەوە هیچ سەیر نەبێت کە شەو نووستوویت و شار خامۆش و بێدەنگ بووە، بەڵام بەیانی لە خەو هەڵدەسیت شاخەکە نەماوەو تەختی زەوی کراوە.

ئەوەی ئێستا بەرامبەر شاخی گۆیژە دەکرێت و شۆفڵی سەرمایەدارە بێ ویژدانەکان وەک گورگی هار و برسی گاز لە قەدپاڵی سەوزی ئەو شاخە جوان و بێ نازە دەگرن، یەکێک کەمترین هەستی خۆشەویستی شار و ژینگە و جوانی سلێمانی هەبێت، دڵی رادەچڵەکێت و تووشی شۆک دەبێت کە رۆژمان گەیشتووە بە چی؛ لە سایەی کۆمەڵێک سەرمایەداری بێویژدانی نا نیشتمانی و، کۆمەڵێک بنەماڵەی سیاسی کە بەهیچ تێر ناخۆن و تەنها پێڵاوەکانیان بەستوونیەتەوە بەم وڵاتەوە، چی لە چیای گۆیژەی هەوێنی دەیان شاعیری وەک؛ بێکەس و پیرەمێردو بە ختیار زێوەر و.. هتدو، خەڵکی شاری سلێمانی دەکەن.  

هەر کەسێک کەمێک ویژدانی زیندوو بێت، گەر رێگای بکەوێتە  نزیک تونێلەکەی ئەزمەڕ بەدیووی شاری سلێمانیدا، بۆی ئاشکرا دەبێت چ تاوانێکی گەورە بەرامبەر ژینگەو چیاو سرووشتی ئەم شارە ئەنجام دەدرێت.

حزب و کۆمپانیاکانی حزب و هاوبەشەکانییان، هەرچی جوانی ئەم شارەیە داگیریان کرد، سەروەتی سەرزەوی و بن زەوی و ئاسمانیان بۆ خۆیان برد، هەرچی شوێنی حەوانەو باخ و ڤێلاو گردۆڵەکەی ئەم شارەیە هەیە داگیرکراو کرانە پرۆژەی بازرگانی و، کەچی بەرپرس و سەرمایەداری چاوچنۆکی ئێمە تێریان نەخواردو، وەک گورگی برسی شار نەدیوو، پەلاماری شاخی گۆیژەش دەدەن.

بەرپرسی سیاسی و حکومی و، دەوڵەمەندی عەوامی ئێمە بۆ چاوبەستکردن لە خەڵکی کوردستان، سەری زمان و بنی زمانیان پاراستنی ژینگەو سەوزکردنی شار و کردنەوەی زانکۆ و، گریانە لە تیڤی و میدیاکانەوە بۆ سروشتی کوردستان، کەچی بە بەرچاوی هەمووانەوە گۆیژە تاڵان دەکەن و دار بەڕوەکانی دەبڕنەوەو بە شۆفڵ هەر رۆژەو پارچەیەکی لێدەکەنەوە، کەچی خەڵکی ئەمشارەش بێ هیچ رێگری و نارەزایەتی و رەخنەیەک، بەدیار تەختکردنی شاخە جوانەکەیان، گۆیژەوە، دۆشداماون.

ژمارەیەک میدیای زەبەلاح، ژمارەیەکی بێ شومار لە رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی، بەسەدان نوسەرو رۆژنامەنووس و فیگەری دیاری هونەری و کۆمەڵایەتی و وەرزشی، پاڵەوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەچی یەکێکیان تەنها بە دێڕێکیش باسی ئەو چیا جوانە ناکەن کە هەر رۆژەو بەشێکی لێدەکەنەوە و لێماندەدزن، ئایا نەتان بینییوە چی لەو سروشتە نازدارە دەکەن؟

کەی خەڵکی ئەمشارە هێندە خەمسارد و بێ دەسەڵات و ترسنۆکبوون، چیایەک کە بۆتە بەشێکی نەپساوە لە ژیانی خەڵکی شار و جوانی بەهەموان بەخشیووەو، هەموو رۆژێک لە لوتکەکەی گۆیژەوە کازیوەی بەری بەیان پەیامی هاتنی رۆژێکی نوێی بە شار بەخشیووەو، بە درێژایی سەدان ساڵە جێگای سەیران و حەوانەی هەمووان بووەو، بە ئێستاشەوە کەم کەس هەیە هەموو رۆژێک نیگایەکی نەداتێ و نەبووبێت بە بەشێک لە یادەوەریەکانی، کەچی ئێستا بە بەرچاومانەوە ئەتک دەکرێت و، بێدەنگین.

دەسەڵاتداران و سەرمایەدارە مشەخۆرە پیس خۆرەکان، ئێوە هەموو شتێکی خەڵکی ئەم شارەتان برد، جوانی، زەوی، ئاسمان، سەروەت و سامان، بە هەموو جۆرێک کەوتنە سووکایەتیکردن بە ژیانی خەڵکەکەی و برسیکردن و ئازاردان و سەرکوتکردنی، بەڵام لێرەدا بوەستن و لەوەندە زیاتر بێ ئەرزش مەبن، گۆیژەمان بدەنەوەو لێمان مەدزن.  


14/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر