حکومەتی بنکە تەسک و لوتکە فراوان

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ناونراوە، ''بنکە فراوان''، پێچەوانەکەی ڕاستە و حکومەتی بنکە تەسک و لوتکە فراوانە.

سەلماندنی ئەم گریمانەیەش زۆر ئاسانە، هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ٢١|٩|٢٠١٣ دا، ئەنجامدرا و لە  ٦|١١| ٢٠١٣ دا، یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و کاندیدانی سەرکەوتو، سوێندی یاساییان خوارد و دانیشتەکە، بەکراوەیی مایەوە، تا ٢٩|٤| ٢٠١٤ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردران.  دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، بە نهێنی و ئاشکرا، بە تایبەتی مانگی ١٢| ٢٠١٣ دانوسانەکان، بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەم، لە نێوان لایەنەکانی تر و پارتی دیموکراتدا، دەستی پێکرد، واتە نزیکەی یەک ساڵ و سێ مانگە، دەستی پێکردوە. ڕۆژی ١٨|٦|٢٠١٤ کابینەی هەشتەم متمانەی، لە بەردەم پەرلەماندا، وەرگرتوە. تا  ئێستا بزوتنەوەی گٶڕان، لە ١٠ هەزار  پۆستی ناو حکومەت، تەنیا ٧ حەوت  پۆستی وەرگرتوە، ئەگەر ئەمە حکومەتی لوتکە فراوانی بنکە تەسک نەبێت، ئەی چییە!؟

ئەم دۆخە، ئەگەر بەشێکی پەیوەندی، بەلایەنی بەرانبەرەوە هەبێت، بێگومان بەشێکیشی پەیوەندی، بە وەفدی دانوسانکاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە، کەواتە، ئەمە دۆخەکەیە، کەچی برادەران، بەناوی بەشداری هەمومان، لە حکومەتدا، دەیانەوێت، دەممان کڵۆم بەین و پەرێزی چەند ساڵەی حوکمی جوت حیزبی، لە بەهەدەردان و دانانی بناغەی کۆمەڵێکی نادادپەروەر و ژێرخان داتەپیو و قۆرخکاری بازاڕ  و نەوت و جگەرە و دەرمان و مەشروب و کارەبا و ....،هتد، لە نیوان کۆمپانیاکانی حیزب و بەرپرسەکانی پشتیانەوە، تا دەگاتە بازرگانی شەڕکەر و زۆر شتی تریش، بە بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی ئۆپۆزسێۆنی خولی پێشو پاک بکەنەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان، لە ١٨|٦| ٢٠١٤ ەوە، لێپرسراوێتی بەردەکەوێت و دەبێت شەری جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەی چاکسازی خۆی، لە هەمو ئاستەکاندا بکات.  هەرکاتێکیش رێگری، بۆ دروستکرا دەبێت، هەمو تواناکانی، بۆ لابردنی دڕکوداڵی سەرڕێی بەکاربێنێت و بە خەڵکی کوردستانیشی بڵێت، تا پشتیوان و هاوکاری بن. ئەم وێنەی بەشداری حکومەتە، بەبچوککراوەیی، بۆ حکومەتی خۆجێی سلێمانیش ڕاستە، لە کۆتاییدا، دەڵیم:

ئەگەر وابێ حکومەت بنکە فراوانبێ
ئەقڵ و مەنتیق قبوڵ ناکا
لە ١٠ هەزار، تەنیا حەوتی، لە گۆڕان بێ
 
٤|٢|٢٠١٥


04/02/2015



وتارەکانی تری نوسەر