سیاسەت و کاردانەوە!

دڵشاد ئه‌نوه‌ر
کاردانەوە هەنگاوێکی دروست نییە، گەر لە کاروباری ڕۆژانەدا، نواندنی کاردانەوە هەڵە بێت و مرۆڤ بباتە نێو هەڵەی گەورەترەوە، ئەوا لە بواری سیاسی دا، کاردانەوە شکستی گەورەی بەدوادا دێت. زۆرێک لە سەرکردە شیعەکان لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیدا نەبوون بۆ ڕاگرتنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە، تەنها کەمینەیەکیان نەبێ ، پێیانخۆش بوو.

ئەوە نەبێ ئەوان دۆستی هەرێم بن و ناردنی ٤٠٠ ملیارەکەیان پێخۆشبێ، بەڵکو لەبەر ئەوەی سەدر لە بۆسەدایە بۆیان و هاوکێشەی نێودەوڵەتیش لەبەرژەوەندییان نییە، بۆیە لەمکاتەدا بارگرژییان لەگەڵ هەرێم ناوێ.

کاتێک بەرپرسانی کورد و لە پێش هەموویانەوە بەڕێز بارزانی کاردانەوەی نواند و هێرشی کردە سەر دادگای فیدراڵی، هەموویان بە ناچاری یەکیان گرت و چونە بەرەی پاڵپشتیکار لە دادگا، لەکاتێکدا پێشتر ناکۆک بوون. ئەمە جیا لەوەی هەڵوێستی دادگای فیدراڵی هێندەی تر توندبووە و دوا هەنگاویشی، سکاڵا تۆمارکردنە لەسەر جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جێگری پەرلەمانیش هەر کاردانەوە خستییە تەڵەی یاساییەوە. نەک لەم هەڵوێستەدا، لە قۆناغە جیاجیاکانی پێشووتریش دا، هەرکات بەرپرسانی هەرێم کاردانەوەیان نواندبێ، دوو چاری شکستی گەورە بوون، ریفراندۆم بە نموونە، کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی دژی بوو، ئەمان هەر ئەنجامیاندا، ئەنجامەکەشمان بینی.

یاخود هێرشکردنە سەر مەکگۆرگ و پەیامی ڕاگەیاندن ناردن بۆی، گوایە هێندە حسابی بۆ ناکەن، کەچی پاش شەش ساڵ، مەکگۆرگ یاریکەرێکی سەرەکییە لە گۆڕەپانەکەدا و پەیامی ئیلزامیت بۆ دێنێ. بۆیە گەر لەهەر شتێکدا نواندنی کاردانەوە ئاسایی بێت، ئەوا لە سیاسەت دا دووچاری شکستت دەکات، وەڵامدانەوەی نەیار بەکاردانەوە نابێ، بەڵکو لە ڕێگەی دان بە خۆداگرتن و هەڵوێستی لەسەرخۆ و دیراسە کراوەوە دەبێ. بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە نموونە، گەر لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە کاردانەوە نەنوێنرایەوە و هەڵوێستی کوت و پڕی هەڵە نەخرایەتە ڕوو، دەکرا هاوکێشەکە بە جۆرێکی تر بایە و کار لەسەر ڕاکێشانی بەشێک لە لایەنە شیعەکانیش بکرایە( ئەمە یەکڕیزی ناخۆیشی دەوێ). ئەوکات هیچ نەبێ دادگا هێندە پاڵپشتی نەدەبوو، لەم ڕێگەیەشەوە دەتوانرا، سنورێک بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی دانرابا، کە ئێستا نیازی هەنگاونانی بۆ جوڵاندنی دۆسیەی تریش هەیە.

01/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر