وتارەکەی سەرۆکی حکومەت، بێمنەتی بوو بە گەل

پەیمان عێزەدین
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبونی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا باسی لە چەندین دەستکەوتی ئەم کابینەیە کرد بێ خستنە ڕوی هیچ زانیاری و ژمارەیەک .

ئەو وتارەی سەرۆکی حکومەت سەرباری ئەوەی کە هیچ زانیاری و ژمارەیەکی تیا نەخراوەتە ڕوو بۆ پاڵپشتیکردنی ، چەندین ناڕونی تیادایە کە پرسیار و ڕونکردنەوەی تر هەڵدەگرن .

-بۆ نمونە لە دەستپێکی باسکردنی دەستکەوتەکانی ئەم کابینەیەدا دەڵێت کە توانیمان موچە بەبەردەوامی بدەین ، ئەگەرچی هەندێ جاریش دواکەوتبێت یان چەند مانگێکی کەم بە ڕێژەی ٪١٠٠ دابەشنەکرابێ .

سەرەتایترین ئەرکی حکومەت و مافی موچەخۆر پێدانی موچەیە وەک خۆی و لە کاتی خۆیدا ، واتە دابەشکردنی موچە بە ڕێژەی لەسەدا سەدیش نابێتە دەستکەوت ، کەچی ئەم کابینەیە دابەشکردنی نیوەناچڵی موچە بە دەسکەوت حسابی ئەکات .

-لە خاڵێکی تری پەیوەندیدار بە دەستکەوتە ئابوریەکان ، سەرۆکی حکومەت باسی لە زیاد بونی داهاتی ناوخۆ کرد و بە لە ٪١٠٠ داینا ، بێ ئەوەی بەڕێزیان بە وشەیەکیش باسی جۆری ئەو داهاتانە بکات کە بەو ڕێژە بەرچاوە زیادی کردوە .

کاتێک کە قاچاخچێتی سەر سنورەکان وەک خۆیان بن و بازرگانی نەوت و دەرمان هەر لەدەستی حیزب و بەرپرسانی حیزبدا بێت ، بە دڵنیایی ئەوەی ئەمێنێتەوە لە داهاتی ناوخۆ و زیادی کردوە ،ئەو باج و رسوماتانەیە کە بە لە سەدا سەدی خراونەتە سەر هاوڵاتیان .

-لە ڕوی ژێرخانی ئابوریشەوە ، سەرۆکی حکومەت وەک دەستکەوت باسی لە خەرجکردنی زۆرترین پارە کرد بۆ جادە و ڕێگاوبان .

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو زۆرترین خەرجیە ، جادە و ڕێگاوبانی سنوری سلێمانی نەگرتۆتەوە ، کەواتە ئەم کابینەیە زۆرترین خەرجی لەو بوارەدا بە ناعەدالەتی دابەشکردوە بە جۆرێک کە جادەکانی هەولێر و سلێمانی نێوانیان ئەرز و ئاسمانە .

-ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو لە زنجیرە دەستکەوتە کانی ئەم کابینەیە ، بەهێزکردنی ژێرخانی کارەبایە ،
بە پێی وتەکەی سەرۆکی حکومەت لە کەرتی کارەباداچەندین مێگاوات خراوەتە سەر کارەبای نیشتیمانی و ژێرخانی کارەبا بەهێز کراوە ، بریا ئەم بەشەی وتەکەی بەڕێزیان لەوەرزی پایز یان بەهاردابوایە چونکە بڕواهێنان پێی ئاسانتر دەبوو ، بەڵام لەم وەرزی گەرمایەدا خەڵکی ئەم هەرێمە باش ئەزانن کە بارودۆخی کارەبا چەند خراپە .

لەشارەکاندا کارەبای نیشتیمانیی سنوردارکراوە و لە ٤٠ ئەمپێر تێپەڕناکات ، کە چی لە هەمان ئەو شارانەدا و بۆ ئەو خەڵکانەی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوندا دەژین ، هەمان کارەبای نیشتیمانی بێ سنورە و دانیشتوان ئازادن لە بەکارهێنانی کارەبا.

لەهەمان ئەم هەرێمەی سەرۆکی حکومەتدا و بەم گەرمای هاوینە لادێکان لە دوای سەعات ٤ ی پاشنیوەڕۆوە کارەبایان پێئەدرێت .

بۆیە ئەو مێگاواتانەی زیادکراون بۆ خەڵک نیە ، بۆ دانیشتوانی گەڕەکە ئاسایی و هەژارنشینەکان نیە ، بۆ لادێ و ناوچە دورە دەستەکان نیە ، ئەوەی زیادیان کردوە بۆ خزمەتی ئەو پڕۆژەی نیشتەجێبونانەیە کە هی بەرپرس و سەرکردە سیاسیە-بازرگەنەکانە ، کە بە بەرنامە خەڵک ناچار دەکەن بۆ نیشتەجێبون لەو پڕۆژانەدا ، ئەگەر نا هیچ مانایەکی تیانیە دوو هاوڵاتی هەمان شار یەکێکیان بێسنور کارەبای بدرێتێ ئەوی تر سنوردار.

ئەم سنوردارکردن و بون و نەبونی کارەبایە بەرهەمی سی ساڵ حکومڕانی و بەهێزکردنی ژێرخانی کارەبایە.

-لە بواری گواستنەوەی گشتیدا ،سەرۆکی حکومەت دەڵێت هەنگاوی کردەیی نراون بۆ کاراکردنی گواستنەوەی گشتی و دروستکردنی هێڵی ئاسنین .

ئەگەر چاولەوەش بپۆشین کە کەس زانیاری نیە لەسەر ئەو هێڵی ئاسنینە و کەی دەست بە جێبەجێکردنی ئەکرێ و لە کوێوە بۆ کوێ ئەبێت ،جێی خۆیەتی بپرسین چ هەنگاوێکی کردەیی نراوە بۆ کاراکردنی گواستنەوەی گشتی ؟ پاس و تەکسی کە تەنیا دوو ئامڕازی گواستنەوەی گشتین چۆن کاراکراون؟ 

تائێستا جۆر و ژمارەی پاسەکان لە ئاستی پێویستدا نین ، کاتەکانی گەیشتن و دەرچونی پاسەکان زانراو نین ، هاوڵاتی بە زەحمەت  و ناڕەحەتی پاسی دەست ئەکەوێ ، ڕەنگە هەرێمی کوردستان خراپترین بێت لە بواری گواستنەوەی گشتیدا ،بۆیەش زۆرینە ناچاربون بە کڕینی سەیارەی تایبەت ، واتا گواستنەوەی گشتی نەک هەر کارا نەبوە ، بەڵکو بەجۆرێک پەک خراوە کە خەڵک بەناچاری نەبێ پەنای بۆنابات .

-هەنگاونانی حکومەت بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات ، دەستکەوتێکی تری ئەم کابینەیەیە کە سەرۆکی حکومەت باسی لێکرد.

کەچی تا ئێستا بەشی زۆری یاسای چاکسازی جێبەجێنەکراوە و جێبەجێش ناکرێت ، حکومەت ناتوانێ موچەی بندیوار ببڕێت کە بەشێکی گەورەی گەندەڵی لە موچەدا پێک دەهێنێت  ، چونکە بندیوارەکان
 سەرمایەی مەعنەوی مانەوەی پارتی و یەکێتین .

لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا زۆرترین خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات هەبوە ، بەشێکی زۆری کوڕ و کچی بەرپرسەکان ، خەڵکیان کوشت و بێڕێزیان بە هێزە حکومیەکان کرد وچونە سەر خاوەن کار و بە چەکی بە مۆڵەت پشێوی و شەڕەتەقەیان لە شارەکاندا دروستکرد ، بێ ئەوەی کەسیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت .

جگە لەوەی کە قاچاخچێتی سنورەکان و بازرگانیکردن بە دەرمان داگیرکردنی زەوی و زاری گشتی و وێرانکردنی دارستانەکان بەردەوامیان هەیە ، ئەگەر بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئەمانە بە گەندەڵی حساب بکات لەهەر شار و ناوچەیەک ڕوبدەن.

-سەرۆکی حکومەت باسی لە نەهێستنی توند و تیژی خێزانی و جیاکاری ڕەگەزیی کرد ، جیا لەوەی لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کوشتن و خۆکوشتن زیادی کردووە ، تایبەت بە توندوتیژیەکانی دژ بە ژنانیش ئامارەکان لە بەرزبونەوەدان .

لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ژمارەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان ٨٣ ژن بون لەکاتێکدا لە ٦ مانگئی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ دا ژمارەکە ٦٠ ژن بوە .

-خاڵێکی تری وتەکانی سەرۆکی هەرێم کە مرۆڤ دەخاتە گومانەوە داخۆ ئێمە لە کوردستان ئەژین یان نا، بابەتی فراوانکردنی مەودای ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنە .

ئەگەر ڕا و سەرنجی هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنوسان جێی متمانە نەبن لەسەر ئاستی پێشێلکردنی ڕای ئازاد و ئازادی ڕۆۆژنامەگەری لەم کابینەیەدا ، ئەوا ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ، بەڵگەن لەسەر پێشێلکاریەکان ، لە هیچ کام لە کابینەکانی پێشودا هێندەی ئەم کابینەیە ڕۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر دەستگیر نەکراون.

-لەم هەرێمەی کە خوێندن بە گشتی بەهای نەماوە ، زانکۆکان حیزب بەڕێوەیان دەبات و ئاستی زانستی تا دێت دائەڕوخێ وخەریکە کەرتی تایبەت جێ بە کەرتی گشتی لەق دەکات ، سەرۆکی حکومەت باس لە گرنگیدان بە خوێندن ئەکات  لە کاتێکدا کە مامۆستا بە ئاشکرا شەقی تێهەڵئەدرێ و شەق وەشێن کوڕی حیزبە و هیچی لێناکرێت ، مامۆستا دەکوژرێت ،  خوێندکاری زانکۆ تیرۆر ئەکرێت ،کەچی سەرۆکی حکومەت پێی وایە خوێندن گرنگی پێدراوە .

-لە بارەی باشی پەیوەندی نێوان حکومەت و پەرلەمانیشەوە ، ئەوەندە بەسە بۆ تێگەیشتن لە ئاستی خراپی پەیوەندی نێوانیان ، کە ئەوا سێ ساڵە حکومەت پڕۆژەی بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان و گرنگترین ئەرکی پەرلەمانی هەڵپەساردوە ، بێ ئەوەی پەرلەمان توانای لێپرسینەوەی هەبێت .

ئەوەی تا ئێستا خەڵک ئەیبینێ شکستێکی گەورەی حکومڕانیە ،

- کەرتی تەندروستی لەوپەڕی خراپیدایە و خەڵک بۆ پاراستنی ژیانی خۆی ناچارە ڕوو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بکات ، کە ئەوانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان هی حیزب و بازرگانە سیاسیەکانن.

-پایتەختی هەرێم لە زستاندا لافاو ئەیبا و لە هاویندا بێئاوی ئەیخنکێنێ.

-سلێمانی ئارامی تیانەماوە و دارستان و باخ و گردی داگیرئەکرێ.

-هەڵەبجە بەدەست نەبونی خزمەتگوزاریەوە گیری خواردوە و بە هێواشی ژەهر خوارد ئەکرێ.

-لە دهۆک دەست خراوەتر بیناقاقای ئازادی و لەسەر قسەیەک زیندانی ئەکرێن.

-تا دێ حیزب زیاتر دەست دەخاتە دادگاکان و بەهایەک نەماوەتەوە بۆ دادوەری ، چونکە بەرپرس و کوڕ و کچ و کەسوکاریان لەسەرویاساوەن.

بۆیە تەنیا ڕاستیەک  لە نێوان وتارەکەی سەرۆکی حکومەتدا ،ئەوەیە کە وتارەکە بۆ گەلێک نوسراوە کە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی منەتی بە تورەبون و بێزاریان نیە .

15/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر