کاتێك تەنیا دەنگێك هاوكێشەكان دەگۆڕێت

هیوا سه‌ید سه‌لیم
ئامینە كاكەباوە، ئەو ژنە پەرلەمانتارە كوردەی پەرلەمانی سوید، كە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە بۆتە پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە، سەرەتا لەسەر لیستی پارتی چەپی سویدی بووە، بەڵام دوای ناكۆكیەكانی لەگەڵ سەرۆكی پارتەكەی ئێستا وەك كەسێكی سەربەخۆ كاری پەرلەمانتاری دەكات، ئامینە کە پێشتر لە شاخ  كچە پێشمەرگەی كۆمەڵەی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە، دوای ئەوەی دەگاتە ئەورپا لەنێو خەباتی مەدەنی بەتایبەت لە پرسی ناساندنی جینۆساید وەك ئەندامێكی چالاكی رێكخراوی چاك كار دەكات، هەروەها بۆ پرسی داكۆكی لە پەنابەران كەسێكی چالاك بووە، لە پاڵ هەموو ئەمانەش لەتێكۆشان بۆ پرسی جێندەری لە وڵاتی سوید خۆی دەبینێتەوە، بۆیە لەوساوە تا ئێستا وەك دەنگێكی دیاری گۆڕەپانی سیاسی و مەدەنی سویدی بە بەردەوامی بۆ پەرلەمانی سوید كاندید دەكرێتەوە. 

ئێستا ئامینە كاكە باوە لە میدیاكانی سوێد و تەنانەت میدیا جیهانی و عەرەبیەكان بۆتەوە رۆژەڤ، بە تایبەت كاتێك كە رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەی كورد داوای دەكرد لە وڵاتی سوێد شانبەدەر بكرێن، لە بەرامبەر كێشانەوەی ڤیتۆی توركیا دژ بە وەرگرتنی هەریەك لە سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانی ناتۆ، كەچی دەبینین لە دانیشتنی پەرلەمان ئامینە كاكە باوە هاوكێشەكەی بەشێوەیەك دەگۆڕێت كە تەواوی ئەجێندای توركیا لە سوید تێكبشكێت.

رۆژی ٧/٦/٢٠٢٢ پەرلەمانی سوید بە مەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە كابینەكەی ئەندەرسۆنی سەرۆك وەزیرانی سوید كۆبووەوە، كۆبوونەوەكە لەسەر داوایی ئۆپزسیۆنی ناو پەرلەمانی سوید بوو كە پێكدێت لە هەریەك لە پارتەكانی  (پارێزگاران، دیموكراتی مەسیحی، لیبرالەكان) ئەوان سەرەتا لە بەرنامەیان دابوو كە متمانە لە "مۆرگان یۆنسن" وەزیری ناوخۆ و داد وەربگرنەوەوە، بە وەرگرتەوەی متمانەش لەو وەزیرە ئیدی كابینەكە شەرعیەتی لەدەستدەدا، شایانی،باسە ئەگەر ئۆپزسیۆن لەو هەنگاوەیان سەربکەوتووبان، سوید لە کاتێکی هەستیاردا رووبەڕوی قەیرانێکی گەورە دەبووەوە.

شایانی باسە،  ئەوەی لە نێو ئەو پڕۆسەیەوە دەنگی یەكلاكەرەوە بوو، تاكە یەك دەنگ بوو كە ئۆپۆزسیۆن بۆ تەواوكردنی ١٧٥ دەنگی ناو پەرلەمان پێویستی پێی بوو، ئەو دەنگەش كە دەیتوانی هاوكێشەكە بە قازانجی ئۆپزسیۆن بگۆڕێت بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە كابینەكە، دەنگی پەرلەمانتاری سەربەخۆ ئامینە كاكەباوە بوو،چونکە بەرەی ئۆپزسیۆن بۆخۆیان ١٧٤ دەنگیان لە پەرلەمان هەبوو.

 بۆیە دەبینین کە ئامینەوە دێت ژیرانە دەرفەتەكەی لە بەرژەوەندی پرسی كورد دەقۆزێتەوە، كە ئەگەر ئەو نابایە لەوانەیە خەڵكی دیكە بە پێوەری دیكە مامەڵەی لەگەڵ ئەو ڕووداوە بكردایە.

ئەو هەڵوێستەی ئامینە كاكە باوە ئەوە دەسەلمێنێت كە تاكە دەنگێكیش دەتوانێت هاوكێشەكان بە قازانجەكانی بەرژەوەندیەكانی میللەتەكی خۆی بگۆڕێت، بۆیە دەبینین ئامینە كاكە باوە دێت دەنگدانی خۆی بۆ پشتیوانی لە شكست پێهێنانی خواستی ئۆپزسیۆن دەبەستەوە بە كۆمەڵێك پابەندی كە دەبێت ئەو كابینەیەی ئێستا پێیەوە پابەند بێت.

شایانی باسە، داخوازی ئامینە كاكە باوە كە لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموكراتی سوید لەسەری ڕێكەوتوون، بریتی لە مسۆگەركردنی پشتیوانیەكانی حكومەتی سوێد بۆ پرسی كورد، ئەوەیان رێك پێچەوانەی ئەو پیلانەیە كە توركیا لە دەوڵەتی سویدی داوای دەكرد، لە ڕادەستكردنی بەشێك لە چالاكوانانی كورد بە دەوڵەتی توركیا بە خودی ئامینە كاكە باوەشەوە، هەروەها كۆتایهێنان بە پشتیوانیكردنی سوێد لە رۆژئاوای كوردستان، هەڵگرتنی قەدەغەی سەر فرۆشتنی چەك بە توركیا.

شایانی باسە، ئامینە كاكە باوە لە میانەی وتارەكەی لە نێو پەرلەمانی سوێد كە لەسەر قەیرانی كابینەی حكومەت پێشكەشی كرد دەرفەتەكەی قۆستەوە تا باس لە فشارەكانی توركیا لەسەر وڵاتی سوید بكات بۆیە زۆر ڕاشكاوانە ڕووی لە پەرلەمان كرد و ووتی:

" چۆن دەبێت ئەردۆغان لەو سەری دونیا بێت سوید بەڕێوە ببات، كەچی دێت كورد بە كیمیاوی دەكوژێت؟"

زۆر جار لێرەوە لەوێ دەبیستین دەبێت كورد كار بكات بۆ ئەوەی لە نێو پەرلەمانەكانی جیهان دەنگی هەبێت، لەسەر ئاستی جیهانیش بۆ درووستكردنی لۆبی بۆ پشتیوانی دۆزەكەی كار بكات،  بۆ ئەم مەبەستە حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بەبەردەوامی پارەیەكی زۆر سەرف دەكەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە چەند كەسێكی وەك ئامینە كاكە باوە بگەیننە پەرلەمانە كاریگەرەكانی جیهان، ئەگەر گەیشتبیشن ئەوان هەڵوێستی ئامینە كاكە باوەیان نەبووە.

دواجار جارێكی دیكەش دەڵێینەوە ئەوی لە پەرلەمانی سوید هاوكێشەكەی گۆڕی و شكستی بە پلانەكەی توركیا هێنا ئامینە كاكە باوە بوو، بۆیە بە دووری دەزانین ئەردۆغان  ئەو شكستەی پێ قەبوول بكرێت، بۆیە نزیكە لە لایەك  لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ دژایەتی وەرگرتنی سوێد و فینلەندا بۆ نێو هاوپەیمانی ناتۆ بەردەوام بێت، هەروەها وەك كاردانەوەش بێت گەفەكانی بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوایی كوردستان بكاتە كردار.

لە هەمووشی مەترسیدارتر ئەوەیە كە ئەردۆغان لە رێگەی رێكخراوی گورگە بۆرەكانی توركیا كە رێكخراوێكی توندڕەوی نەتەوە پەرستی توركی رێكخراون،  لە ئەورپاش باڵدەستن،  دەستی تیرۆریان بگاتە ئامینە كاكە باوە و زیانی پێبگەینن.

بۆیە لێرە بەدواوە ئامینە كاكە باوە دەبێت بە هۆشیاریەوە درێژە بە خەباتی خۆی بدات، كوردانی ئەو وڵاتەش لە دەوری بن و هەمیشەش لە هەڵبژاردنەكان پشتیوانی لێبكەن، چونكە ئامینە ئەوەی سەلماندی ئەگەر تاكە دەنگێكیش بێت دەتوانێت هاوكێشەكان لە بەرژەوەندی میللەتەكەی بگۆڕێت.

08/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر