لە عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە چی گۆڕی؟

هیوا سه‌ید سه‌لیم
ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێت، كە لە 10 ئۆكتۆبەری 2021، دوا بە دوای فشاری زۆری ناڕەزایەكانی شەقامی عێراقی و ئەو قوربانیانەی خۆپیشاندەران پێشكەشیان كرد، لە پێناو چاكسازی و گۆڕانكاری لە سیستەمی حوكمڕانی، كە ساڵانێك بوو خەڵكیان بە تەواوی بێزاركردبوو.

هەڵبژاردنی پێشوختە، ئەزموونێكی تازەی پرۆسەی سیاسی بوو لایەن سیاسیەكانی عێراق چوونە ژێر باری، بەڵام لەگەڵ ئەوەی كە لەو هەڵبژاردنە لیستی تازە و كاندیدی سەربەخۆ متامانەیان پێدرا، كە بەشێكیان نوێنەراتی بزاوتی ناڕەزایی شەقامی عێراق بوون، لە نموونەی تشرینەیەكان،بەڵام نەخشەی سیاسی دوای هەڵبژاردنی 10 ئۆكتۆبەر گۆڕانێكی جدی بەخۆیەوە نەبینی كە وڵامدەرەوەی داخوازیەكانی خەڵك بێت، بگرە دابەشبوونی ناو ماڵی شیعی بەسەر دوو جەمسەری ناكۆكی ( سەدریەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی) جارێكی دیكە پرۆسەی سیاسی عێراقی بەرەو تونێلێكی تاریكتر برد.

دوای ساڵێك لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، تا ئێستا ناكۆكیەكان نێوان لایەنە سیاسیەكان رێگرن لە پێكهێنانی كابیەنی تازەی حكومەت،هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كە بە پێی تەوقیتی دەستووری دەبوو لە ماوەی دوو مانگدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەڵبژیردراو ئەو پرسانەی یەكلاكردبایەوە. 

رێگریەكانی بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران تا بە ئەركی سەرشانی خۆی هەڵسێ، ئۆباڵەكەی دەكەوێتە سەر شانی ناكۆكیەكانی (شیعی- شیعی) لە لایەك و (پارتی- یەكێتی) لە لایەكی دیكە.

شایانی باسە وەك دەزانرێت ناكۆیەكانی یەكەم،  لە سەر پرسی كوتلەی گەورەو و ئەو لایەنەی كە دەبێت بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە رابسپێردرێت درووستبوو، كە لە ماوەی ئەمساڵەدا خەریك بوو سەر بكێشێت بۆ پێكدادانی سەربازی نێوان لایەنەكانی شیعی.

 هەرچی ناكۆكیەكانی (پارتی و یەكێتی)یە دەگەڕێنەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری، كە هەریەكەیان كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەیە، بۆیە رێكنەكەوتنیان لەسەر كاندیدی هاوبەش، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری دواخستوە، كە ئەمەشیان بەدەوری خۆی كاریگەری لەسەر قوڵكردنەوەی ناكۆكیەكانی نێو ماڵی شیعی داناوە، بە شێوەیەك كە لەسەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانەكانی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەر دوو لایەنی كوردی بەسەر ناكۆكیەكانی دوو جەمسەری شیعی دابەشبووبن.

لە ئێستادا دوای ئەوەی رەوتی سەدر پەرلەمانتارانی خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران كشاندەوە، دەرفەتێك بۆ چارەسەری پرسی لایەنی پێكهێنەری حكومەت هاتۆتە پێش، بەڵام ئەوەی تا ئێستا وەك كێشەیەكی چارەسەر نەكراو ماوەتەوە پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمارە.

خەڵكی عێراق بە تایبەت شەقامی ناڕازی چاوەڕوان بوون هەڵبژاردنی پێشوەختە دەرفەتێك بێت بۆ دوورخستنەوە چینێكی مووشەخۆری گەندەڵ، كە ساڵانێكە لە عێراق دەستیانگرتووە بەسەر سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بریتی بوو لە سپاردنی عێراق بە قەیرانی دیكە، بە شێوەیەك كە لێكەوتەی هەڵبژاردن و ئەو دۆخەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن  بۆ عێراقی درووستكردووە، هێندەی دیكە نا ئومێدی خەڵكی بە پرۆسەی سیاسی زیاتركرد.

لە ئاستی دەرەوەش، عێراق تا دێت متمانەی دۆستانی لە دەست دەدات، بەوەی بتوانێت پرۆسەی سیاسی لەرێگەی هەڵبژاردنەوە بخاتە سەر سكەی ئاسایی خۆی، بەڵگەش دوایین راپۆرتی (چەنین پلاسخارت)، نێردەی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بوو، كە هەفتەی رابردوو لە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر دۆخی عێراق پێشكەشی كرد. 

عێراقی دوای هەڵبژاردن بەدەست قەیرانێكی دیكەش دەناڵێت،  ئەویش دەستوەردانی بەردەوامی وڵاتانی دراوسێیەتی لە كاروباری ناوخۆی عێراق، پێویستە بووترێت،  بۆردومان و داگیركاری بەردەوامی وڵاتانی ئێران و توركیا لە نێو خاكی عێراق، زادەی لاوازی ئەو وڵاتەیە كە بە هۆی قەیران و كێشە ناوخۆیەكانی زەمیەنی بۆ ئەو دوو دەوڵەتە درووستكردووە بە بەردەوامی پێشێلی شكۆ و سەروەری خاكی عێراق بكەن.

لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین هەڵبژاردنی پێشوەختە نەك هەر عێراقی لە قەیرانەكان دەربازنەكرد، بگرە بۆ ساڵێك دەچێت حكومەتێكی كار بەڕێكەر حوكمی عێراق دەكات كە لە ئاست زۆر كاری یاسایی و ئابووری و ئەمنی دەست و پێی بەستراوە.  

10/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر