تورکیا چاوەڕوانی سیناریۆی دیکەی لێدەکرێت

هیوا سه‌ید سه‌لیم
کردەوە تیرۆریستیەکەی ناوچەی تەقسیم لەشاری ئیستانبوڵ کە تەواوی قوربانیەکەی خەڵکی سڤیل بون، زۆر لەسیناریۆیەک دەچێت کە دەستی خودی دەسەڵاتدارانی تورکیای تێدابێت، هەموو ئەوانەی ڕوداوەکەیان پێ سیناریۆیە، باس لەوەدەکەن کە بەرپرسانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە زیاتر لەئامانجێکیان هەبوە.

شایانی باسە، گومانەکان لەسەر ڕوداوی تەقینەوەکەی تەقسیم، زیاتر لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە ئەردۆغان‌و بەرپرسانی پارتی دادوگەشەپێدان "AKP"، دەیانەوێت دۆخێک لەناوخۆی تورکیا بخولقێنن کە سۆزی هاوڵاتیانی تورکیا بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، بەوەی ئەوان قوربانین، وڵاتەکەیان لەبەردەم هێرشی تیرۆردایە!

وەک دەزانرێت لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سیاسەتی چەوتی "AKP"، لەئاستی ناوخۆی‌و دەرەکی تورکیاو قەیرانی ئابوری کە بەرۆکی تورکیای گرتوە، کێرڤی ئەردۆغان‌و پارتەکەی ڕۆژ بەڕۆژ لەدابەزینە، بۆیە ئەردۆغان ناخوازێت بەو دۆخەی بچێتە ناو هەڵبژاردنی داهاتوو کە وا بڕیارە لەحوزەیرانی 2023دا  لەتورکیا ئەنجامبدرێت.

بۆ ئەم مەبەستە لەئێستاوە تا کاتی هەڵبژاردنی تورکیا، دەبێت پێشبینی سیناریۆی زۆر بکەین، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا پەنای بۆ ببەن، بەرپرسانی پارتی دادو گەشەپێدانی "AKP"، فەرمانڕەو لەتورکیا ئەزموونی زۆریان هەیە لەدروستکردنی ئەو جۆرە سیناریۆیانە، بەشێوەیەک کە هەر کاتێک مەترسیەک لەسەر دەسەڵاتەکەیان ببینن، سیناریۆیەکی لەو شێوەیە دروستدەکەن، بێباک لەوەی کە کێ دەبێتە قوربانی، یان ترسیان هەبێت پلانەکەیان ئاشکرابێت.

ساڵی 2015 ئەردۆغان‌و پارتەکەی بۆ ئەوەی زەفەر بەنەیارەکانیان ببەن، هاتن سیناریۆی کودەتای تەمموزیان دروستکرد، کە دوا بەدوای ئەو ڕوداوە بەدەیان هەزار کەسیان لەژێر تۆمەتی لایەنگری بۆ گولەنیەکان لەپەرلەمانتار، کەسایەتی دیاری ئەکادیمی، ئەفسەری باڵای سوپاو هێزی ناوخۆ، خوێندکار، ڕۆژنامەنوس، زانایانی ئایینی، تەنانەت دادوەریش خرانە زیندانەکان.

هەر لەهەمان ساڵ بۆ کۆتاییهێنان بەپڕۆسەی ئاشتی سیناریۆی کوشتنی دوو پۆلیسیان لەکانی خەلان کردە بیانوی ئەوکارەیان هەر لەهەمان ساڵ لە"سوروچ" تەقینەوەیەکیان لەنێو گردبونەوەیەکی چالاکوانان ئەنجامدا کە بەنیازبون بۆ پشتیوانی لەئازادکردنی کۆبانێ لەدەست تیرۆریستانی داعش بچنە ئەوشارە، شایانی باسە، ئەو ڕوداوە پەکی گەورەترین پڕۆسەی ئاشتی خست کە بەدەستپێشخەری ئۆجه‌لان لەنەورۆزی 2013 ڕاگەیەندرابوو.

جگەلەوەی باسمان لێوەکردن، چەند هۆکارێک هەن کە وا نیشاندەدەن تورکیا خۆی لەپشتی سینارۆکەی تەقسیم بێت، ئەوەیش بۆ ئەوەی تورکیا ڕەوایەتی هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەدەستبهێنێت، کە ماوەیەکە لەپلانیدایە ئەو هێرشە ئەنجامبدات، چونکە تورکیا وایدەبینێت لەو هێرشەدا سەرنجی تورکە نەتەوەپەرستەکان بەلای پارتەکەی دەگێڕێتەوە.

بۆیە هێشتا چەند کاتژمێرێک بەسەر کردەوە تیرۆریستیەکی تەقسیم تێنەپەڕیبوو، بەرپرسانی تورکیا پەنجەی تۆمەتیان ئاڕاستەی هەریەک لە PKKو PYD کرد، کەچی ئەو دوو لایەنە نەک تۆمەتەکە ڕەتدەکەنەوە، بەڵگەکانیش لەسەر بێبەریبونی خۆیان دەخەنەڕوو، بەوەی بەهەمولایەکی دەڵێن کاری لەو شێوەیە کاری ئەو هێزە تیرۆریستیانەیە کە تائەمڕۆشی لەگەڵدابێت لەلایەن تورکیاوە داڵدەدەدرێن.

خاڵێکی دیکەی گومان لەوەی ئەوەی ڕویدا سیناریۆبێت، بریتیە لەبێئومێدبوونی "AKP" لەنزیکبونەوە لە "HDP"، کە هەر لەو مانگەدا چەند هەوڵێکیان بۆدا، لەبابەتی سەردانی بەرپرسانی حکومەت بۆ ئیمڕاڵى‌و دیداری ڕاستەوخۆ لەگەڵ "HDP"، لەسەر پرسی هەمواری دەستورو ڕێگه‌دان بە"دەمیرتاش" هاوسەرۆکی پێشوی زیندانیکراوی "HDP"بۆ سەردانی باوکی لەنەخۆشخانەیەکی ئامەد.

لەکۆتاییدا دەڵێین چەندە لەوادەی هەڵبژاردنی تورکیا نزیک ببینەوە، بەو بارودۆخە خراپەی کە ئەردۆغان‌و AKP تێیدایە، دەبێت چاوەڕێی ئەنجامدانی دەیان سیناریۆی دیکەی لەشێوەی کردەوە تیرۆریستیەکەی تەقسیم بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە دەبێت هەمولایەک ژیرانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکەن، بەشێوەیەک کە پیلانەکانی تورکیا پەلکێشیان نەکات بۆ کاردانەوەی وەک کردەوە تیرۆریستیەکەی ئەوان، چونکە چەندە دەسەڵاتدارنی تورکیا بەرژەوەندیان لەگرژی شەڕو ئاژاوەیە، هێندەش لایەنەکانی دیکە بەتایبەت کوردو "HDP"، لەبەرژەوەندیاندایە لەکەشێکی ئارام بچنە ناو هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2023، چونکە ئەوەی لەئێستادا هەیە کێرڤی "AKP"و هاوپەیمانەکەی "MHP" لەدابەزینە، لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی کێرڤی پارتی دیموکراتی گەلان "HDP".

16/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر